"دەوڵەت لە ڕێگەی دەستدرێژیەوە هێرش دەکاتە سەر بەها کۆمەڵایەتییەکان"
ئارزو تەمۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی لە دژی ژنان هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، لە شوێنێک گەل خەبات بکات، دەوڵەت بە شێوازی شەڕی تایبەت کردەوەی بێ ئەخلاقی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدات.
ڤیان ئامەد
قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیا جگە لە چەک و فڕۆکە، لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە هێرش دەکاتە سەر بەها و ئەخلاقی گەلی کورد، لە کاتی هێرشەکاندا چەندین ڕووداو ڕوودەدەن کە یەکێکیان دەستدرێژی و هەراسانکردن و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرە، هێرشەکە بۆ لەناوبردنی ئایندەی گەلی کورد و بەهاکانی داهاتووی منداڵان و گەنجانە، ئەم ڕووداوانە زیاتر لە باکووری کوردستان ڕوودەدەن کە ڕۆژانە بەڵگە دەکرێن، لە هەمان کاتدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناوچەگەلێک هەن کە دەوڵەتی تورک داگیریان کردووە، وەک عەفرین، هەمان کردەوەی تێدا بەڕێوە دەبرێت.
"دەوڵەت سەروەری خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت"
ئارزو تەمۆ وتەبێژی ڕێکخراوی سارا، لە سەرەتای قسەکانیدا وتیی: چەمکی دەوڵەت-پیاو لەسەر بنەمای عەقڵیەتی پێنج هەزار ساڵە، کە لە سەر بنەمای بەهاکانی ژن دامەزراوە، ئەمڕۆ، باوترین شت کە دێتە بەردەممان کوشتنی ژنانە و ئەوە دەستدرێژییە، بەم کردەوانە دەیانەوێت ئیرادەی ژن بشکێنن و بوونیان لەناوببەن، مانای دەستدرێژیکردن خۆی شتێکە کە بە زۆر ئەنجام دەدرێت، دەوڵەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، هەموو دڕندەیی و چەوساندنەوەیەک دەکاتە سەر کەسایەتی ژنان و کۆمەڵگە.
"دەوڵەتەکان دەسەڵاتی ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەزانن"
ئارزو تەمۆ درێژە بە قسەکانی دەدات و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژنان و گەنجان بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە ئەم سەدەیە سەدەی ئازادی ژنانە، شۆڕشی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت و دەوڵەت ژن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت، بۆیە لە هەر شوێنێک سەرهەڵدانێک ڕووبدات و پێشەنگەکەی ژن بێت، یەکسەر دەیانکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر ئیرادە و بوونی ئەو ژنانە، نموونەی ئەمانە لە دەوڵەتی تورکیادا دەبینرێت کە بەهۆی ئەوەی لێیان دەترسێت هێرش دەکاتە سەر ژنانی پێشەنگ و دەیانکوژێت، دەوڵەتی تورک نایەوێت کۆمەڵگە ئیرادەی هەبێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە ژن و گەنجان لە دۆزی ئازادی و خەبات دوور بخاتەوە، بۆیە بە مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی سێکسی هێرش دەکاتە سەر ژنان و گەنجان، هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژندا، دەوڵەت بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش لە هەنگاوی یەکەمدا ژنان و گەنجان دەکاتە ئامانج و لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە دەیانکاتە کۆیلە.
"هێرش و سیاسەتی توند دژی ژنان بەڕێوەدەبرێت"
ئارزو تەمۆ ئاماژەی بەوەدا، لەبەرئەوەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرەی سەند، هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە ژنان توندتر بوون، وتیشی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕا بۆ شۆڕشێکی ژنان کە هەموو ژنانی جیهانی لە باوەش گرتبوو. ئەمڕۆ ژنانی جیهان ئیلهامیان لە شۆڕشی ژنان وەرگرتووە و خەبات و بەرخۆدان بۆ پاراستنی ئەم شۆڕشە دەکەن، دەوڵەتی تورکیا تەحەمولی شۆڕشی ژنانی نەدەکرد، بۆیە هێرش و سیاسەتی توند ڕوویدا. لە سایەی بوونی یەپەژە، هەموو جیهان لە تاریکی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا و هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە گۆڕەپاندا بوون و ناسنامەی خۆیان پاراست.
"دەوڵەتی تورکیا دەستدرێژکاران دەپارێزێت"
ئارزو تەمۆ هۆشداری دا کە زۆرینەی دەستدرێژیکارەکان سەرباز و پۆلیسی دەوڵەتی تورکیان، دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سەرباز، پۆلیسی تایبەت، پۆلیس و پاسەوان و چەتەکانەوە هێرش دەکەنە سەر ژنان، ئەم سیاسەتە پیسە زیاتر لە باکووری کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی ڕوودەدات، ناوچەی عەفرین پێش داگیرکردنی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیرکرا، ڕۆژانە ژنان تووشی ئەشکەنجە و ڕفاندن و هەراسانکردن و دەستدرێژی دەکرێنەوە. لە هەمان کاتدا سەدان ژن لە زیندانەکانی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە دیل گیراون و ڕۆژانە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی کردەوە و دەستدرێژی دەکرێنەوە و ژنانی عەفرین بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن، لە بەرامبەر ئەو هەموو ڕووداوەدا هەمووان بێدەنگن و دەوڵەت یان دەستدرێژکاران دەپارێزێت یان دوای سزایەکی کورت ئازادیان دەکات.
"لە ڕێگەی خەباتەوە دەتوانین هێرشەکانی دەوڵەت تێکبشکێنین"
ئارزو تەمۆ لە کۆتایدا ڕایگەیاند، "لە بەرامبەر تێڕوانینی دەوڵەت، کۆمەڵگە دەبێت دژایەتی ئەو سیاسەتانە بکات و بەرەنگاریی ببنەوە، سیاسەت و شەڕی تایبەتی دەوڵەت بە خەبات دەتوانرێ لەناو ببرێت، دەبێت بۆ هەر ژنێک کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر بوەستێتەوە، ئەمە وەڵامێکی بەرگریکارانە دروست دەکات، ڕێکخستن و بەئاگاهێنانەوەی ژنان دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی سیاسەتی گەندەڵی دەوڵەت، پێکهاتەکان دەتوانن کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بنیادبنێن، کاتێک دژی تێڕوانینی دەوڵەت شەڕ دەکەن و ئەمەش بە پێشەنگایەتی ژنان بەرهەم دێت.