پزیشکێکی ڤێتێرنەری: تێکدانی سروشت هۆکاری زیادبوونی ئاژەڵە بێلانەکانە

ژمارەی سەگە بێ لانەکان لە کۆڵان و شەقامەکاندا زیادیان کردووە، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لای خەڵک دروست کردووە.

سلێمانی

 

لە باشووری کوردستاندا بەهۆی زیادبوونی باڵەخانە، شوێنی نیشتەجێبوون، تێکدانی سروشتی ئاژەڵەکان و نەبوونی ڕێگە چارەیەک بۆ ئاژەڵانی بێ لانە و بە تایبەتی سەگ، ژمارەی ئەو ئاژەڵانە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە، ئەمەش نیگەرانی و ترس لای خەڵک دروس دەکات، لاڤین عەبدولوەهاب، پزیشکی ڤێتێرنەری باس لە زیانی زیادبوونی ئەو سەگە بێلانانە دەکات.

 

"ژمارەی سەگە بێلانەکان زیادیان کردووە"

لاڤین عەبدولوەهاب، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئاماژەی بەوەکرد، لەم چەند ساڵەی دوایدا ژمارەی سەگە بێلانەکان زیادیان کردووە و گرفتی بۆ خۆیان و خەڵکیش دروست کردووە، هەرچەندە هەندێک کەس هاوکاریان دەکەن، بەڵام بەشی زۆریان عەزێتی ئەو سەگانە دەدەن،  وتیشی: ئێمە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەمانەوە هەوڵمانداوە یارمەتی ئەو سەگە بێ لانانە بدەین و خەڵکیش هۆشیار بکەینەوە بەرامبەریان کە ئەگەر هاوکاریان ناکەن، پێویست ناکان عەزیتیان بدەن، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە پرۆژەی گرتن، نەزۆککردن، گەڕانەوەمان هەیە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی زۆربوونیان بکەین، هەروەها کوتانیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لە سگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی نەخۆشی هاری.

 

"بۆ ئەوەی سەگەکان نەکوژرێن نەزۆکیان دەکەین"

لاڤین عەبدولوەهاب ڕوونی کردەوە، هۆکارێکی زۆربوونی سەگی بێ لانە دەگەڕێتەوە بۆ تێکدانی سروشتی سەگەکان و دروستکردنی ئەو باڵەخانانەی لە دەرەوەی شارەکانن، بۆیە سەگەکان شوێنیان نامێنێت بۆ ڕاوکردن و ناچار تێکەڵی مرۆڤ دەبن، دەشڵێت: لە ساڵی ١٩٧٤ بە پێی یاسا ئەگەر سەگ لە شوێنێک زیادی بکردایە لە ڕێگەی کوشت و ژەهر خواردنەوە لەناو دەبران، لە ساڵی ٢٠١٩ کاتێک کوشتنیان ڕاگیرا، بووە هۆی زیادبوونی سەگەکان، لە باشوری کوردستانیش شێڵتەر نییە و ئەگەر هەشبێت تا ڕێژەیەکی دیاریکراو سەگی تێ دەکرێت، ئەمەش مەترسی دروستکردووە.

 

لاڤین عەبدولوەهاب ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر شێڵتەریش هەبێت وا دەکات سەگ لە ناو شاردا نەمێنێت،  ئەو سەگانەی لە دەرەوەن و لەگەڵ ئاژەڵە کێویەکان مامەڵەیان کردووە، بێنە ناو شارەوە بە ئەگەری زۆرەوە نەخۆشی هاریش دەگوازنەوە، لە ئێستادا ڕێگەی نەزۆک کردن بەکاردەهێنرێت و زیانەکانیشی ئەوەیە ئەگەر سەگەکە تەمەنی لە خوار شەش مانگەوە نەزۆکردنی بۆ بکرێت کە تەمەنی بوو بە ٧ ساڵ ئێسکەکانی دەپوکێتەوە، هەروەها سەگەکان لە دوای نەزۆکردن قەڵەو دەبن.

 

"تا ژمارەی سەگەکان زیاتر بێت کارەساتی زیاتر ڕوودەدات"

لاڤین عەبدولوەهاب جەختی کردەوە، کاتێک سەگی بێ لانە لە کۆڵان و شەقامەکاندا زۆر دەبن ڕێکخراو ناتوانێت لایان ببات، بەڵکو ئەرکی ڕێکخراو ئەوەیە چارەسەر بۆ سەگە نەخۆشەکان بکات یان نەزۆکیان بکات، ئێمە وەکو ڕێکخراوی پاکۆ تەنها لە مانگی تشرینی دووەمدا هاوکاری ١٠٨ سەگ و ٣٨ پشیلە و ١٢ نەشتەرگەری کراوە، سەگ تا عەزێت نەدرێت پەلاماری مرۆڤ نادات، کاتێکیش سەگێک بە کەسکێک دەوەڕێت پێویست ناکات شڵەژان ڕووبدات، تەنها پێویستە کەسەکە ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت، وە تا ژمارەی سەگەکانیش زیاد بکات کارەساتی زیاتر ڕوودەدات.