دەستەی ژنان سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوامە لە بەهێزکردنی ژنان
لە پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە تا بەشداری سیاسی و بەهێزکردنی ئابووری، دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە بەرامبەر قەیرانە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکاندا.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ-دەستەی ژنان له کانتۆنی جزیرهی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانیان، پشت بەڕێبازه هەمەلایەنەکان کە لەیارمەتی فریاگوزاری تێپەڕ دەکەن بۆ ئەوەی بەهێزکردنی پێکهاتەی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان بگرێتەوە.
کارەکانی دەستەی ژنان تەنها لە پاڵپشتی ڕاستەوخۆدا سنوردار نییە، بەڵکو بەهێزکردنی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی ژنان لە گەڕەک و گوند و شارەکاندا لەخۆدەگرێت، لە کۆمینەکانەوە دەستپێدەکات، کە هێڵی یەکەمی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان پێکدەهێنن و شکۆمەندیان دەپارێزن و ڕێکخستنیان بۆ دەکەن.
ڕۆهات خەلیل، بەرپرسی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە جەختی لەوە کردەوە، کە دەستەکە کارەکانی لەسەر چەند بوارێکی سەرەکی چڕ دەکاتەوە کە یەکەمیان پاراستن و خۆڕێکخستنە، ئەمەش بە چاودێریکردنی کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی ڕەگەزی لەڕێگەی ناوەندەکانی پاراستنی ژنان و لیژنە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەست دێت، لەگەڵ گرنگیدان بە چارەسەرەکان کە شکۆمەندی ژنان بپارێزن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان بکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ئێمەش لە بەرامبەردا کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ژنان و بەرزکردنەوەی کۆمینەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەرگری لە خۆیان و دەستکەوتەکانیان بکەن، و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان وەک هێزێکی کارا لە کۆمەڵگەدا بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردەوە، دەستە کار لەسەر بەهێزکردنی ئابووری ژنان دەکات لە ڕێگەی پڕۆژەی هاوبەش و وۆرکشۆپی بەرهەمهێنان، پڕۆژەی بچووکی کشتوکاڵی و پیشەسازی، کە نزیکەی ٤٠ پڕۆژە ئامادەکراون بۆ خزمەتکردنی ژنان لە گوند و شارەکان، سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییە ئاڵۆزەی کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی تەواوەتییان کردووە، هەروەها بەهێزکردنی ئابووری پەیوەندییەکی نزیک بە بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ژنان وابەستە نین و تەنها پشت بە وابەستەیی نابەستن، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکەن.
جەختی لە گرنگی بەشداری ژنان لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کردەوە و وت: ژن لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی بنچینەیی هەبوو لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکدا. بەشدارییان لە هەموو بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسیەکاندا کردووە، جێی بایەخێکی ڕوونیان لەسەر پەرەپێدان و ڕێکخستنی دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکان بەجێهێشت، جگە لەوەش پێکهێنانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە” و پەرەپێدانی پێکهاتەی ڕێکخراوەییەکانیان بووەتە نموونەیە کە دەبێت لە ئاستی جیهانیدا وەربگیرێت.
هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی خولی پەروەردەی ژنان لە بواری پێشەنگایەتی و بەڕێوەبردن و کاری دامەزراوەیی بۆ بەرزکردنەوەی توانای کاریگەریکردن و بڕیاردانیان.
”پایە سەرەکییەکان بۆ بەردەوامی کارکردن”
ڕۆهات خەلیل ڕوونیکردەوە، دەستەی ژنان لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی وەستاوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کارەکانی سەرەڕای هەلومەرجی سەخت: ڕێکخراوێکی نەرم و نیان لە بنەڕەتدا کە تەنانەت لە ژێر گەمارۆ و بۆردوومانیشدا ڕێگە بە بەردەوامی دەدات، فەلسەفەیەکی بەرخۆدانی کۆمەڵگە کە واتا و خۆڕاگری بە کارەکە دەبەخشێت، هاودەنگی ژنانی نێودەوڵەتی کە تۆڕێکی پارێزراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێز دروست دەکات.
دەستەکە کار دەکات بۆ دروستکردنی دامەزراوەی سەربەخۆ بۆ ژنان، لەوانەش هێزی ژنان، ناوەندەکانی پاراستنی ژنان و ماڵی دادپەروەری ژنان، جگە لە بەرزکردنەوەی بوونی ژنان لە بەرگری و ئاسایشی کۆمەڵگەدا، گۆڕینی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنان لە زیانبەرکەوتووەوە بۆ هاوبەشی چالاک لە پاراستنی کۆمەڵگە و بڕیاردان، هەروەها بەرەوپێشبردنی هۆشیاری لە مافەکانی ژنان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، لەڕێگەی وۆرکشۆپ و دانیشتنی دیالۆگ لە خوێندنگە و کۆمینەکان و ئەنجومەن و زانکۆکان و کارکردن لەگەڵ ڕەگەزی تر، چونکە ڕزگارکردنی ژنان ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگەیە و ناکۆکی نییە لەگەڵ پیاوان.
هەروەها ئاماژەی بە ئاستەنگە بەرچاوەکانی بەردەم کارەکانی ڕێکخراوەکە کرد، لەوانە هەڕەشەی ئەمنیی بەردەوام، قەیرانی ئابووری، داب و نەریتی پیاوسالاری کە بەردەوامن لە ڕێگر لە گۆڕانکاری، بە ئامانجگرتنی سیاسی و میدیایی ئەزموونەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بوونی بیری تاکڕەوانە کە بنەمای هاوسەرۆکایەتی و بەشداری لە ٥٠٪ی ژنان ڕەت دەکاتەوە، وتی: سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە، بەردەوامین لە کارکردن لەسەر بەهێزکردنی خۆڕێکخستنی ژنان وەک هێڵی یەکەمی بەرگری، بەستنەوەی خەباتی مافی ژنان بە خەباتی ئابووری و سیاسی، دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ژنان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سیاسی، پەرەپێدانی بەرنامەی درێژخایەن بۆ گۆڕینی کولتوور، نەک تەنها پشت بە یاساکان ببەستین.
”دەستکەوتەکان بەرهەمی قوربانیدانی ژنانە”
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، ڕێکەوت و دیاری نەبوون، بەڵکو بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و پاراستنیان بەرپرسیارێتییەکی پێکەوەییە، هەروەها بە پاراستنی مافەکانی ژنان، پاراستنی داهاتووی هەموو کۆمەڵگە مسۆگەر دەکەن، بەشداری ژنان بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی ڕەهایە بۆ سەقامگیری کۆمەڵگە و بەدیهێنانی دادپەروەری،. کۆمەڵگەیەکی بەهێز بەو ڕادەیەی ڕێز لە مافەکانی ژنان و بەشداریکردنیان لە بڕیاردان دەپێورێت.
ڕۆهات خەلیل، بەرپرسی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەستەی ژنان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، لە پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە تا دەگاتە بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی، بە گرنگیدان بە بونیادنانی نەوەیەکی ژنان کە توانای پێشەنگایەتی و بڕیاردانی هەبێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەنگێکی ڕاستەقینە و کاریگەریان هەبێت لە داهاتوودا.