"بیری ئازادی بە هەموو ژنان دەناسێنین"

ڕوکەن عیسا، بەڕێوەبەری ئاسایشی کامپی هۆل ڕایگەیاند، ژنان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ئیرادەو ئازادییان پەرەپێدا و پەروەردە و ڕێکخراو بوونیان کردە ئامانجی یەکەمیان.

زنارین تۆڵهەلدان

 

حەسەکە- شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت؛ ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەباتیان کردووە، ئەو ژنانەی چاویان بە شۆڕش کردووەتەوە بەردەوامن لە خەبات، هەروەها ڕوکەن عیسا، بەڕێوەبەری ئاسایشی کامپی هۆل، یەکێکە لەو ژنانەی کە شەو و ڕۆژ لە ئەرکدایە بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێک بیوەستێنێت، گرنگی کارەکانی لە سەرەتای شۆڕشەوە و بەتایبەتی گرنگی کارە ئەمنییەکانی لە ناوچەی هۆل لە حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاند.  

 

"بە شۆڕش، ئیرادەی خۆمم ناسی"

ڕوکەن عیسا، کە لە سەرەتای شۆڕشەوە بەشداری کردووە، وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا، بەهۆی نەبوونی چەک، بە دار ئێشکگریمان دەکرد، سەرەڕای کەموکوڕی و بەربەستەکان، ئاسایشی شەقامەکانمان پاراست، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئیرادەی خۆمم ناسی و داواکاریم بۆ ئازادی بەردەوام بوو، بەهۆی ئەمە پەروەردەو ڕێکخراوبوون ئامانجی یەکەمم بوو، لەسەر ئەم بنەمایە، لە ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی چوومە ناو هێزە ئەمنییەکان و چەندین پەروەردەم وەرگرت، لە کۆتاییدا، من وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هۆڵ دەستنیشان کرام.

 

"ژنان پێکەوە بەهێزن"

ڕوکەن عیسا بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی: هەمیشە ئاواتم ئەوەیە کە بیری ئازاد پێشکەش بە هەموو ژنان بکەم، چونکە تاکە ڕزگاری ئێمە لەگەڵ بیری ئازاددایە، بە دڵنیاییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان هێشتا لەژێر فشاری نەریتیدا تێدەکۆشن، بۆیە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لە بارودۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ ژنان.

 

"یەپەژە بۆ ئازادیی ژن شەڕ دەکات"

ڕوکەن عیسا تیشکی خستەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و مرۆییەی کە لە مانگی کانوونی دووەم ئەنجامدرا و وتی: لە دوایین ئۆپەراسیۆندا چەندین چەک دەستیان بەسەردا گیرا، ئێمە وەک هێزێکی ئاسایش هەمیشە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆل. هەروەها ئاسایشی خۆمان لە شارەکە بەهێزتر کرد بۆ ئەوەی پشتگیری بکەین، ژنانی ئێزدی کە لەلایەن یەپەژەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت شانازی بە ئێمەوە دەکەن، جارێکی دیکە نیشانی دا کە یەپەژە لە پێناو ڕزگاریی ژناندا دەجەنگێت و بەرخۆدان دەکات.