قژبڕین...چارەسەرێکی ناچاری بۆ ژنان و منداڵان لە بەرامبەر قەیرانی ئاو

چارەسەری بڕینی قژ، ڕەنگدانەوەی ڕادەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئاو لە ئیدلب لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ژنان دەردەخات، کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- ژنان لە کەمپەکانی ئیدلب ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، نەک تەنها بەهۆی هەژاری و پشتگوێخستن، بەڵکو بەهۆی کەمی سەرچاوە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کە زۆرێکیان تێچووی کڕینیان لە ئەستۆ دەگرن دوای ئەوەی پشتیوانی بۆ زۆربەی کامپەکان وەستان، ئەمەش وای لێکردوون بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکە بگەڕێن کە بڕینی قژیانە بۆ ئەوەی ئاوەکە بەشی خواردنەوەیان بکات.

 

فەدوە عەبدولکەریم، تەمەن ٣١ ساڵ، ژنێکی ئاوارە و نیشتەجێی کامپەکانی “حیش” لە باکووری ئیدلب، قژی درێژ بووە و بە تایبەتی ئاگاداری بووە، بەڵام بەهۆی کەمی ئاوەوە دوای چەند ساڵێک ناچار بووە بۆ یەکەمجار بیبڕێت، وتی: کەمی ئاو قورسە و هیچ بژاردەیەکی ترم نییە کاتێک منداڵێکت دەبێت کە پێویستی بە چاودێری و پاکوخاوێنی هەبێت، هەر دڵۆپێک ئاو زۆر بەنرخ دەبێت و جیاوازی دروست دەکات، پشت بە کڕینی ئاو لە تانکیەکان بە نرخێکی گران دەبەستین، ئەو بڕەشی کە دەیکڕم بەشی پێویست نییە تەنانەت بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خواردنەوە و چێشت لێنان، چ جای شۆردن و خۆشۆردن، ئاو بووەتە پێویستییەکی سەرەکی بۆ ئێمە لە کامپەکاندا لە ترسی مێشوولە و نەخۆشییەکانی پێست.

 

نور ناجی، تەمەن ٢٩ ساڵ، مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کامپەکانی باکووری ئیدلب، دەگێڕێتەوە کە تەنها خوێندکارە کوڕەکان نین کە بەهۆی کەمی ئاوەوە قژیان کورت دەکەنەوە، بەڵکو کچانیش دەستیان کردووە بە بڕینی قژ بۆ کەمکردنەوەی پێویستی بەکارهێنانی ئاو، هەندێکیشیان دەگرین چونکە ناچارن ئەم بژاردەیە بکەنلەم کاتە سەختانەدا هەموو شتێک بەندە بە چۆنیەتی گونجاندن لەگەڵ هەڵبژاردنی کەمدا، چارەسەری کاتی بەس نییە، و دەبێت چارەسەری بەردەوام هەبێت بۆ پرسی کەمی ئاو، کە گرنگترین مادەیە لە ژیاندا.

 

وتیشی: بۆ هەموو ژنان قژی درێژ بەشێک بووە لە ناسنامەی کەسیی خۆیان، بڕینیشی بڕیارێکی قورس بوو بەڵام بەپەلە بوو، ئێمە وەک بەشێک لە زیانبەرکەوتووی ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەین.

 

نەدا غەنوم تەمەن ٣٣ ساڵ کە خاوەنی ئارایشتگایەکی سادەی جوانکارییە لە کامپەکانی ئیدلب، ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی سەختی بارودۆخی ئابوری و کەمکردنەوەی ئاوی ئەو کامپەوە دەستیکردووە بە وەرگرتنی داواکاری زۆر بۆ بڕینی قژ لە ژنانی ناو کامپەکە ، پێشتر بەو شێوەیە داواکاری بۆ قژبڕین نەبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئارایشتگاکە بووەتە شوێنێک بۆ ئاڵوگۆڕی نیگەرانییەکان لەناو ژناندا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمی ئاو لە ژیانی ڕۆژانەدا، و ململانێی دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ شوشتن و خۆشۆردن و ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکانی پاککردنەوە، وەک کەمیی سەرچاوەکان تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ خۆڕاگری ژنان و توانای خۆیان بۆ گونجاندن لەگەڵ ئاستەنگییە بەردەوامەکان پێکدەهێنێت.