منداڵانی کرێکار لە کرمانشان؛ هەژاری، مەترسی، توندوتیژی

قەیرانی منداڵان لە کرماشان گەیشتووەتە لوتکە، لە کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی تا بارودۆخی سەختی تەندروستی و سەلامەتی، هەزاران منداڵ ڕۆژانە ڕووبەڕووی سەختی و توندوتیژی دەبنەوە لە شوێنی کاردا.

دیاری مەهدەوی

 

کرماشان- قەیرانی منداڵانی کرێکار لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و شاری کرماشان بووەتە یەکێک لە پرسە گرنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی هاوکاری، کار و چاودێری کۆمەڵایەتی، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ هەزار منداڵ لە ئێران بە منداڵی کرێکار ناسراون، ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرقاڵی چالاکییە نافەرمی و کارە سەختەکانن، دیاردەی منداڵانی کرێکار بە تایبەتی لە ناوچە بێبەش و ناسەقامگیرەکانی ئابووریدا دیارە و ئەمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کرماشان زیاتر لە شوێنەکانی دیکە بەرچاوە.

 

دۆخی منداڵانی کرێکار لە کرماشان

لە پارێزگای کرماشان ژمارەی منداڵانی کرێکار دەگاتە نزیکەی ٥٠٠٠ کەس، ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکە پەراوێز و هەژارەکانی شاردا دەژین و لە ناوچە جیاجیاکانی شاردا کار دەکەن، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی بێکاری لەو گەڕەکانە لە ڕادەبەدەر بەرزە و زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی هەژارییەکی زۆرەوە ناچارن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کار بە منداڵان بکەن، لە گەڕەکی کرناچی کە یەکێک لە ناوچە فەقیرەکانی کرماشانە، هەژاری و کێشە ئابوورییەکان هێندە سەختن کە زۆرێک لە منداڵان لە جیاتی خوێندن ڕوویان لە کارە سەخت و نافەرمیەکان کردووە.

 

دۆخی تەندروستی و سەلامەتی منداڵانی کار

منداڵانی کرێکار لە کرماشان بەرکەوتەی مەترسی جددی تەندروستی و سەلامەتی دەبن، زۆرێکیان لە ژینگەی کارکردنی ناپارێزراو و ناتەندروستیدا کاردەکەن کە ستانداردی پێویستیان نییە، لە دوکانەکانی تراشی و کارە زەحمەتەکانی تردا، منداڵان بەردەوام بەرکەوتەی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان و خۆڵ و ئامێرە مەترسیدارەکان دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددی وەک کێشەی هەناسەدان و برینداربوونی جەستەیی و تێکچوونی گەشەکردنیان.

 

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار(ILO) دەریدەخات کە نزیکەی ٤٠٪ی منداڵانی کرێکار لە ئێران بە تایبەت لە کارە نافەرمیەکان و وۆرکشۆپە نافەرمیەکاندا بە هۆی نەبوونی چاوەدێریی پێویست تووشی برینداربوونی جەستەیی و نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن، جگە لەوەش، ئەم منداڵانە بەزۆری دەستیان بە چاودێری تەندروستی گونجاو ناگات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتییان دەبێت.

 

توندوتیژی دژی منداڵانی کار

توندوتیژی دژی منداڵانی کار یەکێکە لە لایەنە نیگەرانکەرەکانی دیکەی ئەم قەیرانە، لە زۆر حاڵەتدا ئەم منداڵانە بەهۆی تەمەنی بچووک و لاوازییانەوە تووشی فشار و ئازاردان دەبن، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی لە شوێنی کاردا، وەک سزای توند و هەڕەشە و سووکایەتیکردن، باو و ئاساییە، توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی ئەو حاڵەتانەی ترن کە سەلامەتی جەستەیی و دەروونی منداڵانی کرێکار دەخەنە مەترسییەوە، بەڵام بەهۆی بابەتی داب و نەریتی و کولتووری و ئاشکرانەکردنی حاڵەتەکانی دەستدرێژی لەلایەن قوربانییەوە، هیچ ئامارێکی دروست لەم بوارەدا نییە.

 

ئەم توندوتیژییانە دەتوانن بە شێوەی جیاواز دەربکەون، لەوانە سزای جەستەیی، زەلیلکردنی دەروونی و ڕەفتاری نامرۆڤانە لە شوێنی کاردا، ئەم جۆرە ڕەفتارانە نەک هەر کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی و جەستەیی منداڵان دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون و کێشەی دەروونی.

 

"پوریا" و ئازارێک کە ئازاری ئەو نییە

بۆ باشتر تێگەیشتن لە دۆخی منداڵانی کار، گفتوگۆیەکی کورتمان لەگەڵ پوریا، کوڕێکی تەمەن نۆ ساڵان کرد کە لە کارگەی تراشی لە گەڕەکی گۆڵریزان کرماشان کاردەکات، پووریا لە گەڕەکی کرناچی دەژی کە نزیکەی ١٥ خولەک بە ئۆتۆمبێل لە شوێنی کارەکەیەوە دوورە و بەهۆی کێشەی دارایی خێزانەکەیەوە لە کارگەکەدا کار دەکات.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێرەکەمان، پوریا وتی: "هەموو ڕۆژێک لە بەیانییەوە تا ئێواران لە کارگەی تراشی کاردەکەم، شانبەشانی وەستاکەم و کرێکارە بەتەمەنەکانم کاردەکەم و یارمەتیان دەدەم، خێزانەکەم بەهۆی کێشەی داراییەوە ناتوانن کاربکەن و ناچارم یارمەتیان بدەم".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێکجار بۆ من زۆر قورسە، بەڵام کاتێک دەبینم خێزانەکەم دڵخۆشن و خۆم لێرە فێری تەکنیکێک دەبم، حەز دەکەم بەردەوام بم.

 

پووریا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "ماوەی سێ ساڵە لە هاویندا کار دەکەم، ساڵی ڕابردوو کلێنێکسم  دەفرۆشت لە چوارڕێیانەکان یان پەنجەرەی ئۆتۆمبێلی خەڵکم پاک دەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ دایکم هێنامی بۆ لای ئەم وەستایە بۆ ئەوەی کار بکەم و فێری ئەم کارەش ببم".

 

لەبارەی قورسی کارەکەیەوە ڕوونیکردەوە: "کارە قورسترەکە لەلایەن خوێندکارەکەی تری وەستاکەموە دەکرێت، کە تەمەنی نۆزدە ساڵە، بەڵام هەندێکجار ناچار دەبم ئەو شتانەش بەرزبکەمەوە کە زۆر قورسن".

 

پۆریا هەروەها سەبارەت بە داهاتووی خۆی دەڵێت: "چەند ڕۆژێکی تر قوتابخانەم هەیە، بەڵام بەردەوام دەبم لە کارەکەم و دواتر دوای نیوەڕۆ دێمە سەر کارەکەم، حەز دەکەم ڕۆژێک ببمە وەستایەکی زۆر لێهاتوو و داهاتێکی باش بەدەست بهێنم کە یارمەتی دایک و باوکم بدەم".

 

بارودۆخی منداڵانی کرێکار لە شاری کرماشان و بەتایبەتی لە گەڕەکە کەمداهاتەکان، پێویستی بە گرنگیدانی بەپەلە و ڕێوشوێنی سەرەتایی هەیە، هەژاری و بێکاری و نەبوونی ئیمکاناتی خوێندن وایکردووە زۆرێک لە منداڵان ناچاربن کار بکەن و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بکرێن، جگە لەوەش کێشەی تەندروستی و سەلامەتی و توندوتیژی لە شوێنی کاردا توندی قەیرانەکە زیاتر دەکات، لە کاتێکدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کە هەیە، پێویستی بە بەهێزکردنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی هەژاری و دابینکردنی ئاسانکاری پەروەردەیی هەیە؛ بەڵام دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، لە بەدواداچوونی جددی و چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و ڕەخساندنی هەلومەرجی باشتر بۆ داهاتووی منداڵان، بێ توانان.