"سیستمی سەرمایەداری جوانکاری بۆ بەرژەوەندی ئابووری بەکاردەهێنێت"

شاتوو محەمەد، ڕۆژنامەنووس باسی لە سیستمی سەرمایەداری کرد، کە نەشتەرگەری جوانکاری بۆ بەکاڵاکردن و ناهۆشیارکردنی ژنان بەکاردەهێنێت و وتیشی: تاکە خاڵ بۆ دەربازبوون لەو دۆخە هۆشیاری بەهێزی ژنانە، کە دەبێت خودی خۆیان بناسن و خۆیان بەڕێوەببەن.

سلێمانی

 

سیستمی سەرمایەداری مانەوەی خۆی لەسەر بە ئامانجکردنی ژنان بنیاد ناوە، ژنان دەکرێنە کاڵا و لە بازارەكانی مۆدە و جوانکاری و ناهۆشیاریدا بەکاردەهێنرێن، ئەم سیاسەتەی سەرمایەداری بۆ بەلاڕێدابردنی پێگە و ناسنامەی ژنە، چونکە باوەڕیان بەو فەلسەفەیە هەیە کە ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگەیە، بۆیە لە کەسایەتی ژن و بە کۆیلە کردنیاندا، کۆمەڵگەش بە کۆیلە و ژێردەستە دەکەن و لەو ڕێگەیەوە هەموو پیلانەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئەمەش بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕاستە و بە پێی ناوچەش قوڵی و پڕی سیاسەتەکانیان دەگۆڕێت.

 

شاتوو محەمەد، ڕۆژنامەنووس، باس لە مێژووی جوانکاری دەکات کە لە دوای جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم، بۆ ئەو سەربازانەی لە جەنگدا ڕووخساریان تێکدەچوو، جوانکاری ڕێککردنەوەیان بۆ دەکردن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، سیستمی سەرمایەداری ئەم نەشتەرگەرییە جوانکارییەی لە پێویستییەوە گۆڕی بۆ قازانجی سەرمایە و بەرژەوەندی خۆی، ئیستاش بەردەوام پەرەی پێدەدەن و ژنانیش ڕەگەزێکی سەرەکین بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی بازرگانانی ناو سیستمی سەرمایەداری.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا لە باشووری کوردستانیش نەشتەرگەری جوانکاری بەربڵاوە، وتیشی: دەبێت ئێمە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری جیابکەینەوە، هەیە پێویستی پێیەتی کە ئەنجامی بدات، بەڵام ئەم نەشتەرگەرییە بووەتە باو و زۆر کەس بێ ئەوەی پێویستی پێی بێت، نەشتەرگەری ئەنجام دەدات، بەداخەوە ئێستا وەهای لێهاتووە، کە کەسەکان ناناسیتەوە، چونکە هەموویان لە یەک دەچن، ئەمەش پاڵنەری زۆری هەیە.

 

سیستمی سەرمایەداری ئابووری بە پێی بەرژەوەندی خۆی دادەڕێژێت

شاتوو محەمەد باسی لە لایەنی هۆشیاری تاک کرد بەرامبەر بەکارهێنانەکانی سیستمی سەرمایەداری، کە بە تایبەت ژنانی گەنج دەکاتە ئامانج، وتیشی: لایەنێکی دیکەی ئەنجامدانی جوانکاری بۆ شکاندنی کەسایەتییە، کە وا لە تاک دەکات دەستبکات بە بەراوردکاری نێوانیان، کە بەردەوام لە خوێندنگەکانەوە وەها فێرمان دەکرێت کە کەسێکی دیکە لە ئێمە باشترە، ئەمەش وامان لێدەکات کە دەست بە گۆڕانکاری بکەین لە خۆماندا، جا لە ڕووی جەستییەوە بێت، یان شکڵی و جلوبەرگ و هەر شتێک بێت، پێمان وایە بەم گۆڕانکارییە پێمان وایە دەتوانین ببین بە کەسێکی دیکە بێ ئاگا لەوەی کە بەم دۆخە تێکدەشکێین و متمانەمان بە خۆمان لەدەست دەدەین، دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە سیستمی سەرمایەداری بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئابووریەکەت بە پێی خواستی ئەوان خەرج بکەیت.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لە پێوەرەکانی جوانی کرد و وتی: کێ پێوەری جوانی دادەنێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێش هەشتاکان جیاوازییەکی زۆر هەیە لەگەڵ ئێستادا، چونکە ئەمە سیستمە کە ئێستا بڕیار دەدات جوانی دەبێت بە چ پێوەرێک بێت، بۆ نمونە لە پێشتردا قەڵەوی کرابوو بە پێوەری جوانی، بەڵام دوای ئەوە زەعیفی کرایە پێوەری جوانی و خەڵک هەوڵ دەدات کێشی خۆی کەم بکاتەوە، کە ئەمە کێشەیە و بەم شێوەیە سیستم وەک کاڵا کار لەسەر تاک دەکات، نەک ئەوەی کە مرۆڤێکی ڕاستەقینە بیت، بۆیە ئێمە دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین کە هۆشیاری بڵاوبکەینەوە و پێیان بڵێین کە ئێوە دەبێت وەک مرۆڤێک لە خۆتان بڕوانن نەک وەک کاڵایەک کە سەرمایەداری بەکارتان بهێنێت.

 

"دەبێت ژنان هۆشیار بن"

شاتوو محەمەد تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، کە سیستم هەمیشە دەیانکاتە ئامانج تا نەتوانن ڕۆڵ و ئیرادەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بخەنەگەڕ، "ئێمە کاتێک دەڵێین سیستم مەبەستمان سەرمایەداری و پیاوسالارییە کە هەمیشە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە سەرقاڵ بکات بە بابەتی جیاوازەوە تا هۆشیارییان نەبێت، ژنیش یەکێکە لە ئامانجەکانی، پیاوان هەمیشە لە ژنێکی هۆشیار دەترسن، بۆیە ئەو ژنانە خوازراون بۆیان کە بە ئەقڵیەتی سەرمایەداری و پیاوسالاری بەڕێوەدەچن، نەک ئەو ژنانەی هۆشیارن و بەردەوام هەوڵی خۆبەرەوپێشبردن و پێشەنگایەتی دەدەن".

 

لە کۆتایشدا وتی: سیستم هیچ کاتێک ژنێکی هۆشیاری ناوێت، خوازیاری کۆنترۆڵکردنی ژنانیەتی، بۆیە تاکە خاڵ بۆ دەربازبوون لەو دۆخە هۆشیاری بەهێزی ژنانە کە دەبێت خودی خۆیان بناسن و خۆیان بەڕێوەببەن.