فاتمە محەمەد لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرا بەڵام بەردەوام بوو لە تێکۆشان

فاتمە محەمەد لەگەڵ کۆمەڵێک ژن کاریان کرد بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە مەنبجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەروەها ئەنجومەنێکیان پێکهێنا کە ناویان لێنا "ماڵی گەل"، کە بەرپرسیار بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەل و پاراستنیان.

سیلڤا ئیبراهیم

 

 مەنبج- لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنی مەنبج لەلایەن داعش کە ترسناکترین پێشێلکاریی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدا، ئەم پێشێلکاریانە دوو هێندە دەبوون کاتێک کەسێکیان تۆمەتبار دەکرد، فاتمە محەمەد خەڵکی شاری کۆبانێیە و لە شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە تۆمەتبار کرابوو بۆ زیاتر لە مانگێک لە زیندانەکانی داعشدا بوو، زیندانیکردن و کۆچکردنی لە شارەکەیەوە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خەباتی ئەو بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، و لەم دواییانەدا لەلایەن بنەماڵەی شەهیدەکانەوە بۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە پارێزگای مەنبج کاندید کرا .

 

فاتمە محەمەد سەرەڕای ئەوەی ئەو و ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران و ئاوارەبوون لە شارەکەیان، خۆی بێبەش نەکرد لە درێژەدان بە خەبات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.

 

فاتمە محەمەد خەباتی خۆی بۆ گەلەکەی بە هاتنە ناوەوەی سوپای ئازاد بۆ ناو پارێزگای مەنبج دەستپێکرد، لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوەڵانی دەستیان کرد بە ڕێکخستنی هەندێک گەڕەک وەک ڕێگای ئەلجەزیرە و گەڕەکەکانی دیکە کە دەکەونە لای ڕۆژهەڵاتی شارەکە و پاراستنیان لە کوتلەکانی سوپای ئازاد کە لە ڕێگەی کوشتن و ڕفاندنەوە ئاژاوە و گەندەڵییان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، هەروەها ئەنجومەنێکیان پێکهێنا کە ناویان لێنا "ماڵی گەل"، کە بەرپرسیار بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەل، پاراستنیان،. و ڕێکخستنی ئەوان لە هەموو ئاستەکاندا دواتر هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی گرتە ئەستۆ.

 

" زیندانیان کردین و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لێکردین"

لەگەڵ چوونە ناوەوەی داعش بۆ مەنبج لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، هەرکەسێک کە ئەندامی “ماڵی گەل” بوو، دەستگیر کرا، فاتمە محەمەد یەکێک بوو لەوانەی دەستگیرکرا و وتی: بە زیاتر لە ١٠ ئۆتۆمبێل هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و منیان دەستگیرکرد لەگەڵ کوڕەکەم و کچەکەم و هەندێک لە هاوکارەکانم کە لەگەڵمدا کاریان دەکرد، مانگێک و ٦ ڕۆژ لە زیندان مامەوە و سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپاندین، زیندانیان کردین و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لێکردین، چونکە خەباتی ئێمەیان بۆ ڕێکخستنی خەڵک بە تاوانێک دەبینی.

 

دوای ئەوەی فاتمە محەمەد لە زیندانەکانی داعش ڕزگارکرا، دوای دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکەی چووە تورکیا، لە کاتێکدا کۆبانی شایەتحاڵی شەڕەکانی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل/ یەکینەکانی پاراستنی ژنان و داعش بوو، و دوای ئازادکردنی شارەکە، گەڕایەوە و لە ئەنجومەنی یاسادانان لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شاری کۆبانی جێگەی خۆی گرتەوە و وتی: ئەوەی بەسەرمدا هات، بارودۆخی سەختی زیندانی داعش ئەو بڕوایەی لە مندا بەجێهێشت کە بگەڕێمەوە و بەردەوام بم لە کارەکانم.

 

دوای ڕزگارکردنی مەنبج لەدەستی داعش، فاتمە محەمەد لە دادگای سەربازی کاری کردووە، لەکاتێکدا هاوژینەکەی لە ئەنجومەنی سەربازی مەنبج کاری دەکرد، ئەویش لە ساڵی ٢٠٢١ لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی لە مەنبج شەهید بووە، فاتمە محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەپێناو تێکۆشان بۆ ئازادی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بووم بە کارگێڕ لە فەرمانگەی بنەماڵەی شەهیدان لە ئەنجومەنی سەربازی مەنبج بە مەبەستی خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان.