'بۆ ئەوەی زیندو بین' سەربوردەی ژنێكی تێکۆشەرە

ژنانی تێکۆشەر لە مێژووەوە تا ئێستا جێ پەنجەیان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە دیارە، سنەوبەر ئیسماعیل یەکێکە لە ژنە تێکۆشەرەکان کە ئێستا لە ڕێگەی پەرتووکەکەیەوە هەوڵ دەدات ئەزموونی خۆی بگەیەنێتە ژنانی دیکە.

شیا كۆیی

 

کۆیە- لە ئێستادا بەشی هەرە گرنگی کۆمەڵگە ژنانن، ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا کە ژن سەرقاڵ کراوە بەردەوام بێت بێگوومان پێشکەوتنی ژنان زەحمەت دەبێت، جگە لەوە بەربەست و ڕێگری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری سەرجەمیان هۆکارن بۆ ئەوەی ژنان پێشکەوتنی کەم بە خۆیانەوە ببینن، ئەو هەنگاوانەی لە ئێستادا ژنان هەوڵیان بۆ داوە کەمە و خزمەت بە کۆی گشتی کۆمەڵگە ناکات، بۆیە گرنگە ژنان لە کۆمەگەدا خۆیان بسەلمێنن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

 

سنەوبەر ئیسماعیل، ژنێکی تێکۆشەر و پێشمەرگەی کۆنە، لەساڵی ١٩٥٢ لە سلێمانی لە دایک بووە، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا چووەتە خوێندنگە، لە منداڵییەوە خولیای خوێندن و هۆشیاری هەبووە، پەرتووکێکی بە ناوی 'بۆ ئەوەی زیندوو بین' کە باس لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پێشمەرگایەتی خۆی دەکات و ئەو ڕووداوە تراژیدیانەی بەسەر گەل و ژنان هاتوون ڕووندەکاتەوە، بڵاوکردەوە.

 

ژنێک تەمەنی بۆ خزمەتی نیشتیمان دابینکردووە

سەبارەت بە پەرتووکەکەی، سنەوبەر ئیسماعیل وتی: پەرتووکەکەم بریتییە لە میژووی تێكۆشانی خۆم لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان لە سەرەتای ژیانمەوە تا ئێستای ژیانم، ئەو هەنگاوانەی کە تێمپەڕاندووە و هەموو ئەو گرفتانەی هاتووەتە سەر ڕێگام و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هاتووەتە ڕێم باس دەکات، هەرچەندە لە تێكۆشاندا زۆرمان بەرهەمهێناوە، بەڵام هیشتا زۆرمان ماوە.

 

"دایكم ڕێگری نەدەكرد لە كارەكانم بە پێچەوانەوە هاوكارم بووە"

سنەوبەر ئیسماعیل لەبارەی پاڵپشتنی دایكی بۆ کارەکانی بە درێژایی ژیانی دەڵێت: كاتێک باوکم  وەفاتی كرد، دایكم گەنج بوو و پێنج منداڵی هەبووە، هەموومان بچوكبووین بۆیە دایكم زۆر ماندوو بوو پێمانەوە و زۆر هاوكارم بوو، بەردەوام گرنگی پێداوین و دایكم ڕێگری نەدەكرد لەكارەكانم بە پیچەوانەوە هاوكارم بووە.

 

سنەوبەر ئیسماعیل سەبارەت بەكارەكانی وەک ڕاگەیاندكار لە سەردەمی کۆندا وتی: سەردەمی ئێمە كاری ڕاگەیاندنمان زۆربەی بە وتن بوو و هەندێک جار بە بڵاوکراوە و هەندێک جار سەردانی ماڵەكانمان دەكرد و قسەمان لەگەڵ دەكردن باسی كوردستان وعێراقمان دەكرد، بۆیە وەک دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندن نەبووین، بەڵكو کاری ڕاگەیاندنمان تەواوكەری کاری حزبی بوو.

 

"ژنان دەرفەتیان بۆ کار و گەیشتن بە ئامانجەکانیان زیادبووە"

سنەوبەر ئیسماعیل باسی لەوەشكرد كە ژنان ڕۆڵیان هەبووە لە كاری ماڵ و منداڵ بەخێو كردن هاوكات كاری دەرەوەشیان كردووە و وتی: گەر سەیری ئەزمونی خۆم بكەم بە دریژایی ژیانم چەند پیاوم بینیوە کار بکەن، ئەوەندەش ژنم بینیوە کە کاریان کردووە لە ڕێكخستنی حزبی پۆستە و گەیاندنیان كردووە، چەكیان بردووە بۆ سەركردەكانمان و ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، لە ئێستادا ژنان زیاتر دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە کار بکەن و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

ژنانی تێکۆشەر گرنگیان پێنادرێت

سنەوبەر ئیسماعیلی نوسەر، ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ ئەوەی لە مێژوودا و بە ئێستاشەوە چەندین ژنی تێکۆشەر هەن، بەڵام گرنگیان پێنادرێت، بەڵکو سیستمێک باڵادەستە کە هەوڵی بەکاڵاکردنی ژنان دەدات و دووریان دەخاتەوە لە بەرەوپێشبردنی خۆیان و تێکۆشان بۆ ئازادی.

دەشڵێت: سیستمی سەرمایەداری لە ڕێگەی سیاسەتی خۆیەوە هەوڵ دەدات ژن بە کاڵا بکات، تا ئاستێکیش توانیویانە لە هەندێک لایەندا پێگەی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا سست بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو سیستمە ببینەوە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی چیتر ژنان نەبنە کاڵا، بەڵکو هەوڵی تەواو بدەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافیان ئەوەش لە ڕێگەی تێکۆشانەوە بەدی دێت.

 

لە كۆتایدا سنەوبەر ئیسماعیل پەیامی خۆی ئاڕاستەی ژنان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە سەرەتا ژن خۆی بناسێت و فێری خوێنەواری بن، ئەو ژنانەی لە ماڵەکانیان ماونەتەوە هەوڵ بدەن بێنە دەرەوە و لە قسەی کۆمەڵگە نەترسن، ژن پێویستە خۆی هەوڵ بدات، چونكە نیوەی كۆمەڵگە ژنە، ئەگەر نەتوانن خۆیان بەرەوپێش ببەن، بێگوومان کۆمەڵگەش بەرەوپێش ناچێت.

 

جێی ئاماژەیە، ئێوارەی ٣١ی تەمووز لە هۆڵی بارەگای کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆیەی حزبی شیوعی کوردستان، لە مەراسیمێکدا سنەوبەر ئیسماعیل پەرتووکەکەی بە ناوی 'بۆ ئەوەی زیندو بین' ناساند و پێشکەشی ئامادەبووانی کرد، لە پێشتریشدا لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی ناساندنی بۆ پەرتوکەکەی کرد.