"ئەقڵیەتی پیاوسالاری کۆمەڵگە ڕۆڵی ژنانی کەم کردووەتەوە لە ڕاگەیاندندا"

دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆرن، بەڵام کەمن ئەو دەزگایانەی بە دڵسۆیانە کار بۆ  پرسەکانی ژنان دەکەن و هەندێکیان ژنان دەخە پێشچاو بۆ کۆکردنەوەی بینەر، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ژنانی ڕۆژنامەنووس کار لەسەر دۆزەکانی ژنان ناکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە ئێستادا ڕاگەیاندن ڕێگایەکە بۆ دەستکەوتنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە جیهاندا، بەڵام لە باشووری کوردستان دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام نادەن و زۆرجار هەواڵەکانیش بە هەڵە بڵاودەکەنەوە، ئەمەش شێواویەک لە ڕاگەیاندندا دروستدەکات، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە ڕاگەیاندندا لاواز کراوە و ، ژنانی ڕۆژنامەنووس لەسەر شاشەکان بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی بینەر، لە لایەکی تریشەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس نەیانتوانیووە کار بکەن بۆ دۆزەکانی ژنان.

 

"ڕۆژنامەنووسان دڵسۆز نین بۆ کارەکەیان"

مەستورە مەحمود، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان تا ڕادەیەک شێواوە، چونکە ژمارەی ڕاگەیاندنی حزبی و ڕاگەیاندنی سێبەر کە سەر بە دەسەڵاتن زۆر بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بینەر دروستدەکات، چونکە ئەم شێواویە وای کردووە هەر ڕاگەیاندنێک و بە جۆرێک هەواڵ بڵاوبکاتەوە و سەرلێشێواوی لای خەڵک دروستبکات، ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە سیاسیەی هەرێمی کوردستان کە حیزبە سیاسییەکان دروستیان کردووە، هەروەها زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئێشتادا لە بواری ڕاگەیاندندا کار دەکەن دڵسۆز نین بۆ کارەکەیان و ڕاگەیاندن ناهێننەوە بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی، ئەم دۆخە لە هەموو وڵاتێکدا بە دیدەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر دەبینرێت.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئێستادا کار لەسەر دۆزەکانی ژنان ناکەن"

مەستوورە مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کارەکەیەندا چالاک نین و لەسەر دۆزەکانی ژنان قسە ناکەن، چونکە تەنها وەکو پیشەیەک دەیبینن، لە ڕابردوودا ژمارەیەکی کەم ژنی ڕۆژنامەنووس هەبوو، بەڵام بە دڵۆسۆزانە کاریان دەکرد لە بواری خۆیان و لە بواری ژنانیشدا، لە ئێستاشدا کاتێک ژنان دەچنە ناو بواری ڕاگەیاندنەوە شوێن و پێگەیەکی باشیان نییە لە ڕووی دەسەڵاتەوە، زیاتر بۆ بواری ڕووکەشی و بەرنامە کات بەسەربردنەکان دایان دەنێن.

 

وتیشی: ئەو ژنانەیشی کە بوارە سیاسیەکە هەڵدەبژێرن لە ڕاگەیاندندا مەرج نییە بە بۆچوون و حەزی خۆیان بێت، گرنگ ئەوەیە کە کێ لە پشت ئەو بەرنامە سیاسیەوەیە، بەشێکیان چالاکن لەو بوارەدا، بەڵام ئەمە ناگات بەو خواستەی ئێمەی ژنان هەمانە بۆ ڕاگەیەندن، زۆر جار وەکو ڕۆژنامەنووس پەشیمان دەبینەوە لە کارەکەمان.

 

"بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی ژنان کەم دەکەنەوە"

مەستوورە مەحمود ڕوونی کردەوە، بەشداری ژنان لە بواری کار کردندا شتێکی باش بوو، بەس ئایا دەرکەوتنەکەیان لە جێگەی خۆی بوو، چونکە دەبێت لە کردنی هەر کارێکدا ژنان ئەقڵیەتییەکیان هەبێت کە چۆن ئاڕاستە دەکەن، لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکاندا کاتێک ژنان دەیانەوێت ڕۆڵ و کاریگەری ژنان دەربخەن، لەلایەن ئەو دەزگایەوە لەسەر کار لادەبرێن یان ڕۆڵیان بچوک دەکەنەوە، لەم کاتەدا ژنان خۆیان ڕۆڵیان هەیە کە تا چەند بابەتە کات بەسەربردنەکان هەڵدەبژێرن.

 

هەروەها وتیشی: بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕۆڵی ژنان کەم کراوەتەوە لە بواری ڕاگەیاندندا، پێشتر لە بەشێک لە ڕاگەیەندنەکاندا بەرنامەی تایبەت بە ژنان هەبوو کە ڕۆڵی هەبوو لە هۆشیارکردنەوەیاندا، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەوانە نەماوە و ژنانی ڕۆژنامەنووسیش بۆیە کەوتوونەتە ئەم دۆخەوە بەهۆی ئەقڵیەتی کۆمەڵگەوەیە.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس دەتوانن کارێک بکەن ژنان هەست بە بوونی خۆیان بکەن"

مەستوورە مەحمود جەختی کردەوە، پێشتر ئەو ژنانەی لە ڕاگەیاندندا بوون لە پاڵ ئەوەی بابەتێکی کات بەسەربردنیان پێشکەش دەکرد، هەوڵیان دەدا لاپەڕەیەک هەبێت تایبەت بە ژنان بۆ ئەوەی پەیامی ژنان بگەیەنین و خزمەت بە ژنان بکەین، چونکە ڕۆژنامەنووس دەتوانێت لە ڕێگەی بەرنامەوە وا لە ژنان بکەن هەست بە بوون و توانای خۆیان بکەن و بەمەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، ژنان ئەگەر خۆیان بیانەوێت لە شوێنێکی بچوکیشدا بێت، دەتوانێت کاریگەری خۆی دروستبکات، ژنانیش توانایان هەیە لە هەموو بوارێکدا کار بکەن و ئەوەشی وتراوە ژنان توانایان کەمە، ئەو ئەقڵیەتە جیاکاریەیە کە تا ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ماوە.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس هۆشیار ناکرێنەوە"

مەستوورە مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس، لە ماوەی پێشتردا ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵیان هەبوو لە هۆشیارکردنەوەدا، بەڵام ئیستا بە هۆی ئەو پەرتەوازە سیاسیەی تەنانەت لە ناو ڕێکخراوەکانیشدا دروستبووە، وایکردووە ئەو کاریگەرییەی پێشتری نەمێنێت، تا ئێستاش کێشەی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چارەسەر نەکراوە، ژنانی گەنج کاتێک توانایەکیان هەیە ئەگەر ئەو هەلە بقۆزنەوە دەتوانن سوودیان بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان هەبێت، بەڵام خەمخۆری مافی ژن کەمبووەتەوە.

مەستوورە مەحمود لە کۆتایدا وتی: بۆ ئەوەی ڕاگەیەندن ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی بدۆزێتەوە دەبێت میدیای سێبەر کەم ببێتەوە، ڕاگەیاندنی سێبەر هەر هەبووە، بەڵام ئەوەندەی ئێستا نا، چونکە هەر حزبێک چەند دەسەڵاتداری تێدا بێت ئەوەندە ڕاگەیاندنی سێبەری تیایە، ئەمەش پەرتەوازەیی دروست کردووە، بۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕاگەیاندنەوە هەیە، دەبێت سنوریک بۆ ئەمە دابنێن.