نەجمە ڕۆبیتەن کارەکانی مۆرکی مێژووی و کولتووری کوردیان پێوە دیارە

نەجمە ڕۆبیتەن ژنێکی گەرمیانییە و کەرەستە کەلەپورییەکانی، کە لە سەردەمی کۆندا بەکاریهێناون، کۆکردووەتەوە و ماڵەکەی بەشێکە لە مێژوو و کولتووری کۆنی کوردەواری.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- دایک-ژن سەرەکی ترین ناوەندی بەڕێوەبردنی ژیانە و کشتوکاڵ و چاندن، بەڕێوەبردن داهێنان و پەروەردەکردن لەسەر دەستی بووە، هەمیشە لە کارکردندا پێشەنگ بوون و لە سەردەمی کۆندا هەرچەندە ئاسانکاری نەبووە، بەڵام ژنان پشتیان بە تواناکانی خۆیان بەستووە و لە نەبووندا بوونیان خولقاندووە، ئامێرە دەستییە کۆنەکانیش کەرەستەی دروستکراوی دەستی ژن بوون و تا ئێستاش لەناو کوردەواریدا بوونیان ماوە و بووەتە بەشێک لە مێژوو و کولتووری ژنی کورد.

 

یەکێک لەو ژنە بەتوانایانەی کە لە سەردەمی کۆندا توانایەکی زۆری هەبووە لە بەڕێکردنی کارەکانی و یارمەتیدانی خەڵکدا، نەجمە ڕۆبیتەن، کە لای خەڵکی گوندەکەی بە حاجی نەجمە ناسراوە، ژنێکی تەمەن ٨٥ ساڵە و نزیکەی ٥٠ ساڵە لە گوندی بانیخانی سەر بە ناوچەی گەرمیان دەژی، وەک خۆی دەڵێت تا چەند ساڵێک پێش ئێستا ئیشی گوندی، وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و چنینی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زیادبوونی تەمەنیەوە توانای ئەو ئیشانەی نەماوە.

 

وەک حاجی نەجمە دەگێڕێتەوە و دەڵێت ئێمە سەرەتا لە شار بووین، بەڵام بەهۆی نەبوونی کشتوکاڵ و سەختی ژیانەوە ڕوومان لە گوند کرد، "ژیانی پێشتر هەرچەندە زەحمەتی و ماندوبوونی زۆر بوو، بەڵام هەر ژیانی ئەوکات خۆشبوو، چونکە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی گەرموگوڕتر بوو، ئێستا هەرچەندە ئاسانکاری زۆر بووە، بەهۆی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانەوە، لەگەڵیدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی کاڵ بووەتەوە.

 

کارە دەستیەکانی نەجمە ڕۆبیتەن مۆرکی کوردەوارین

حاجی نەجمە باسی لە کارە دەستیەکانی خۆی و ئەو ئامێرانە کرد کە کاری پێکردوون وەکو بەڕە، کە پێشتر لەبەر جوانیەکەی لە دیوەخانی جاراندا ڕایاندەخست لە جیاتی فەرش و وتی: ئەم بەڕەیە ٤٠ ساڵ پێش ئێستا بەدەستی خۆم و ڕەنجی خۆم چنیومە، کاتێک گەنج بووم و تا ئێستا پاراستومە، ئێمە پێشتر دەستاڕمان بەکاردەهێنا بۆ وردکردنی دانەوێڵە و قەرەخەرمان، دواتر دەمانکرد بە خواردن، ئەم دەستاڕە تەنها بۆ من نەبوو، بەڵکو من وەکو موڵکی گشتی دامنابوو و خەڵکی گوندەکەش دەیانبرد بۆ بەڕێکردنی کارەکانی خۆیان، ئەو خواردنەوەی کە بەم دەستاڕە وردمان دەکرد، تام و بۆنی خۆشتر بوو لە چاو خواردنی ئامێرەکانی ئێستادا.

 

نەجمە ڕۆبیتەن باسی لەو گوریسە کرد کە بە دەستی خۆی چنیوویەتی، وتی: گوریسمان لە موی بزن دروست دەکرد، دواتر بەکارمان دەهێنا بۆ کێشانی سرووت بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکان، هەروەها بێژنگمان بەکاردەهێنا بۆ پاککردنی دانەوێلە و باراش و لابردنی کۆزەر و دواتر دانەوێڵە پاکەکەمان بە دەستاڕەکە ورد دەکرد، کاتێکیش جوتیارەکان کاریان بۆ دەکردین، ئێمەی ژنانیش خواردنمان دروستدەکرد و لە سەفەر سازدا خواردنەکەمان بۆ دەبردن.

 

هەروەها باسی لە باوڵ کرد، کە بۆ پاراستنی جلوبەرگ بەکاریانهێناوە لە سەردەمی کۆندا، خۆی سندوقێکی کۆنی ماوە و هیزەی ڕۆنیان تیادا هەڵگرتووە، هیزەکەش لە پێستی مەڕ دروستدەکرێت و ڕۆنی تیادا هەڵدەگیرێت بۆ خواردن.

 

"لە ڕابردوودا خەڵک بە هەرەوەزی کاری دەکرد"

نەجمە ڕۆبیتەن دەڵێت بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێشتر هەرچەندە قورس بوو، بەڵام خۆش بوو، ئامێرەکانی ئێستا هەرچەندە ئاسنکاریان هێناوە، بەڵام هەست بە ئاسودەیی و خۆشی ناکەین لە کاتی بەکارهێنانیدا، "ئێمە پێشتر بە هەرەوەزی کارمان دەکرد و کۆدەبووینەوە بۆ ئیشی قوڕەکاری و دروێنەی گەنم و جۆ لە وەرزی هاویندا و بەبێ پارە هاوکاری یەکمان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو هاوکاریە نەماوە و کەس یارمەتی کەس نادات بە بێ پارە.