"چارەسەری دۆخی ئێستا لای ڕێبەر ئاپۆیە"

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کاردانەوەیان پیشاندا و وتیان: "چارەسەری کێشە و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە دوورگەی ئیمراڵی و لای ڕێبەر ئاپۆیە".

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ و لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیرکرا لەو کاتەوە ڕێبەر ئۆجالان لە تاکە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لە دۆخی ئەشکەنجە و گۆشەگیریدا دەژی، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١١دا ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانی گۆشەگیرکرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیدا بڕی، ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە بارەی گۆشەگیری و چارەسەرییەکان بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بۆ نوژنها دەدوێن.

 

"دوژمن ڕێبەر ئاپۆ دەناسێت بۆیە چاوپێکەوتنەکان ئاستەنگ دەکات"

سیهام مستەفا لەبارەی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ خێزان و پارێزەراندا وتی: ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا ماوەی ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی زیندانیکراوە، دەوڵەتی تورکیا و هێزە هەژموونییەکان پێیان وابوو بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانن ئازادی و گەلی کورد لەناوببەن، بەڵام سەرۆک و گەل دەیانخست کە زیندانەکان ناتوانن کۆمەڵکوژمان بکەن و لەناومان ببەن، بۆیەش دەبینین ماوەی ٢٣ ساڵە شتێک نەما نەیکەن تا ئیرادەمان بشکێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

 

سیهام مستەفا لە دڕێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا هێرشەکانی سەر کوردستان گرێدراوە بە بارودۆخی دوورگەی ئیمراڵی، "ئێمە چەندە ڕێبەر ئاپۆ بناسین و بخوێنینەوە دەتوانین زیاتر ڕووبەڕوو ببینەوە، دوژمنیش ڕێبەر ئاپۆ دەناسێت بۆیە چاوپێکەوتنەکان ئاستەنگ دەکات، بەڵام ڕوونە کە چارەسەری کێشەکان و قەیرانەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ئیمراڵی و لای ڕێبەر ئاپۆیە".

 

جیهان مستەفا کاریگەری ڕێبەر ئۆجالان لەسەر کۆمەڵگە وەها دەخاتە بەرچاو، "تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ ڕزگاریی گەلی کورد بوو، کورد بەرەو قڕکردن دەچوو بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بۆ بوون و ناسنامە، کلتور و زمان، مێژوو و جوگرافیاکەمانی گەڕاندینەوە، بەتایبەت وەکو ژن، چونکە ئەگەر کورد دە جار توێندرابێتەوە و هەوڵی لەناوبردنی درابێت، ژن هەزار جار هەوڵی لەسەردراوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەی ژنان زۆر جیاواز و مانادارە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە سایەی ڕێبەر ئاپۆوە ئێمە بە پرۆسەیەکی مێژووییدا تێپەڕبووین و ئەمڕۆ بە ژیانێکی کوردییانەی ڕەسەنەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەژین".