هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەبێتە هۆی دروستبوونی داهاتوویەکی نادیار

لە ناوچەکانی حەلەب، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا بۆ ژنانی گەنج تەنها پرسێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو کێشەیەکە کە کاریگەری لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ هەیە، بەهۆی ئەو ململانێیانەی ئەو ناوچانە وێران دەکەن، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا زیادی کردووە.

غوفران هەبیس

 

حەلەب- هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، ژنانی گەنج لە تەمەنی منداڵی بێبەش دەکات و مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستییان دروست دەکات، چونکە زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە و لە خوێندن و تەنانەت ژیانێکی ئاسایی بێبەشیان دەکات.

 

بەهۆی شەڕ و قەیرانەکان، فشار لەسەر خێزانەکان زیاتر دەبن، بەشێکیان ناچارن لە تەمەنێکی کەمدا کچەکانیان بدەن بە شوو بەو ئامانجەی بتوانن دۆخی ئابووریان باشتر بکەن، بە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا مەترسی لەسەر ژیانی ژنانی گەنج دروست دەبێت، چونکە بارگرانی و بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و دامەزراندنی خێزان لە تەمەنێکی بچووکدا هەڵدەگرن.

 

ژنانی گەنج لەو تەمەنەدا ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی و دەروونی دەبنەوە و لە بەدیهێنانی خەونەکانیان ڕێگریان لێدەکرێت و زیاتر تووشی توندوتیژی خێزانی و تێکچوونە دەروونییەکان دەبن و منداڵەکانیان بەدەست کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی و خوێندنیان دەناڵێنن.

 

"هاوسەرگیری دۆخی ژیانی خراپتر کردم"

وەلا سەعد، تەمەنی ٢٦ ساڵە و دایکی چوار منداڵە، باس لەوە دەکات کە هەر لە منداڵییەوە خەونی تەواوکردنی خوێندنی هەبووە، کاتێکیش تەمەنی گەیشتە چواردە ساڵی، شەڕ لەو ناوچەیە دەستیپێکرد کە تێیدا دەژیا، تا ئەو کاتەی بۆردومانەکە گەیشتە ماڵەکەی وتی: دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریمان زۆر خراپتر بوو، لەگەڵ تێکچوونیدا، باوکم دەستی کرد بە هەڵگرتنی بارگرانی گواستنەوەی ئێمە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە بڕیاریدا لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریم پێ بکات، وەک چۆن هەمووان باوەڕیان بەوە هەبوو ئەم هاوسەرگیرییە لە کاتی شەڕ و ئاوارەبووندا پارێزگاری و چاودێریم بۆ دابین دەکات بەڵام دۆخەکە بەو شێوەیە نەبوو لایەنی دەروونیم بەرەو خراپتر دەچوو.

 

"لە دوای هاوسەرگیری ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەروونی بومەوە"

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێکدا کردووە کە کاری ئاسنگەری کردووە، هاوسەرگیرییەکەش لە چوارچێوەیەکی تەواو جیاوازدا بووە لەوەی کە خەونی پێیەوە بینیوە، ئەو لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش بووە، جا چ لە خوێندن بێت یاخود لە فێربوونی پیشەیەکی تایبەت بە خۆی، دەڵێت: لە شەوی هاوسەرگیریدا، بۆردومانی توندمان بەسەردا هات و ئاهەنگی هاوسەرگیریەکە بوو بە تەنها گواستنەوە لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە، بەڵام هەوڵمدا خۆم لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا بگونجێنم.

 

باسی لەوەکرد دوای ماوەیەکی کورت دووگیان بووە و بەهۆی تەمەنی بچووکەوە ناچار بووە زوو منداڵی ببێت و کۆرپەلەکەی لەدەست دەدا، وتی: دوای منداڵبوونم، ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و سترێسی توند بوومەوە، جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان هیوا و ترسدا دەژین تاوەکو پەیوەندی بە دەستپێشخەرییە فێمینیستەکانەوە کرد کە پشتگیری ئەو ژنانە دەکەن کە زوو هاوسەرگیریان کردووە و توانی بەسەر ئەو سەختییانەدا زاڵ بێت.

 

"بەشی زۆری ژنانی گەنجی حەلەب ڕووبەڕووی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەبنەوە"

ڕێژەیەکی زۆر لە ژنانی ناوچەکانی حەلەب بەرکەوتەی ئەم دیاردە پڕ ئازارە دەبن، بۆیە چالاکوانە فێمینیستەکان هەوڵ دەدەن سەختییەکان تێپەڕێنن و کار بۆ ئەوەی دەکەن ژنانی گەنج خوێندنیان تەواو بکەن، سەمەر حەسەنی چالاکوان دەڵێت: لە منداڵیمدا زۆر حەزم لە خوێندن بوو و ویستم ببمە پارێزەر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان کاتێک گەیشتمە پازدە ساڵی، لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجەی ئەو ناوچەیە کە تێیدا ژیام، ئاوارە بووین بۆ ناوچەیەکی تر و لە کەمپێکی بچووکدا بووین بە پەنابەر.

ڕوونیکردەوە، لەکاتێکدا دژی بیرۆکەی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا بووم بۆ ژنان، فشارەکان ناچاریان کردبوو ئەو کارە بکات وتی: لەکاتێکدا من شەڕم لەگەڵ بیرۆکەی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەکرد، بۆم دەرکەوت کە بڕیارەکە تەنها پەیوەست نەبووە بە کەسایەتی خۆمەوە، بەڵکو دەوروبەرم هەوڵیان دەدا لە جێگەی من بڕیار بدەن بۆ پاراستنی ژیانم لەو بارودۆخەدا.

 

"ژیانی خۆم کردە چیرۆکێک بۆ ژنانی دیکە"

سەمەر حەسەن، ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای فشارەکانی خێزان و کۆمەڵگە، بڕیاریدا ئەزموونەکەی بکات بە خاڵی دەستپێک بۆ خەبات و  گۆڕینی ڕاستی ژیانی ژنان کە ڕووبەڕووی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەبنەوە، وتی: بەهۆی ئەوەی بەسەرم هات لەبری ئەوەی بکشێمەوە پەیوەندیم بە ڕێکخراوی فێمینیستی کرد، دەستم کرد بە ڕێکخستنی هەڵمەتی هۆشیاری و وۆرک شۆپ بۆ ژنان و خێزانەکان، دەربارەی مەترسییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، داوای بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری و پێشخستنی مافەکانی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و پاراستن کرد.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە چیرۆکەکەی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی دۆخی ژیانی ژنان بەکارهێناوە و بووە مۆدێلێک بۆ ئەو ژنە گەنجانەی کە هەوڵ دەدەن بەرەنگاری فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ببنەوە و ڕووبەڕووی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا و مەترسییەکانی ببنەوە.