تشرینی دووەم؛ هەواڵەکانی کوشتنی ژنان بە شاراوەیی ماونەتەوە

هەرچەندە مانگی تشرینی دووەم تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەڵام حاڵەتی کوشتن و توندوتیژی تیادا تۆمار کرا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سەرەڕای بوونی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە مانگی تشرنی دووەم و ئەنجامدانی چالاکی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەلایەن هەندێک لە ڕێکخراو و چالاکوانان، بەڵام لە هەمان مانگدا ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، چونکە ئەو ئەقڵیەتەی هەزاران ساڵە حکوم دەکات بەسەر ژندا، تا ئێستا دەسەڵات و سیستم کاری پێدەکەن و بەکاری دەهێنن لەسەر ژنان، ئەمەش وایکردووە ئەو چالاکییانەی بەشێک لە ڕێکخراوەکان سازی دەکەن، جێی خۆی نەگرێت، بەڵکو تا دێت حاڵەتەکان زیاد دەکات و لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە پەردەپۆش دەکرێت.

 

تەنانەت لە درێژەی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، دوو ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە هێرشیان کرایەسەر و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوانیش؛

 

٤ی کانوونی یەکەم/١٢، ژنێک بە ناوی دەروون کاوە، دایکی دوو منداڵە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەشکەنجەدرا و سووتێنرا.

 

لە ٦ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، پیاوێک دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری، هاوژینەکەی بە ناوی ئەسما ئەمین، تەمەن ٢٣ ساڵ، بە چەقۆ بریندار دەکات، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان ڕاناگەیەندرێت و ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانیش ڕێگە نەدەن، هەواڵەکانی کوشتنی ژنان بە نهێنی دەمێنێتەوە و لە میدیاکانەوە ڕاناگەیەنرێت، لە مانگی تشرینی دووەمدا، کە هاوکاتی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، تەنها دوو هەواڵی کوشتنی ژنان لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا ڕووداوەکان زۆر زیاترن، بەم شێوەیەن؛

 

کەرکوک

لە بەرواری ١١ی تشرینی دووەم، لە شارەدێی لەیلانی پارێزگای کەرکوک، ژنێک کە لەگەڵ براکەیدا بووە، بە دەستڕێژی گولە کوژراوە، ژنەکە تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلیی شاری کەرکوکە، ساڵێک لەمەوبەر هاوژینەکەی کوژراوە.

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوکیشەوە ئاشکرای کردووە ئەوەی ژنەکەی کوشتووە خزمی ژنەکەن و بە دەمانچە و کڵاشینکۆفەوە تەقەیان لێکردووە، بکوژەکان ناسراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

 

هەولێر

ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەم، ژنێکی گەنج لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووی ٥ نهۆمی لە شاری هەولێر هەڵدرایە خوارەوە و بە پێی لێدوانی پۆلیسی هەولێر، بە سەختی بریندارە. 

 

رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەپێی زانیارییەکان دوو کەسی دیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکران.

 

"ئەوەی دەکرێت توندوتیژی نییە بەڵکو کۆمەڵکوژیە بەرامبەر بە ژنان"

سارا ڕەزا، بەرپرسی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەربارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ساڵێک لەسەر توندوتیژی دژی ژنان قسە دەکرێت بەڵام تا ئێستا دۆخەکە نەگەشتووەتە چارەسەرێکی ڕیشەیی، باشووری کوردستان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی نەک تەنها ژن تیایدا کوژراوە، بەڵکو کۆمەڵکوژیە کە بەرامبەر بە ژنان کراوە، شۆڕشێک دژی ژنان بەرپا بووە ئەم شۆڕشەش لە ژێر کاریگەری سیستمی دەسەڵاتدارێتی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەچێت.

 

سارا ڕەزا ڕوونیکردەوە، حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، لە کاتێکدا مانگی تشرینی دووەم بە مانگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دادەنرێت، بەڵام هێشتا توندوتیژی تیایدا بوونی هەیە، تەنانەت لە هەندێک لە مانگەکانی تری ساڵەکە ڕێژەی توندوتیژی تیایدا بەرزە بە پشت بەستن بەو حاڵەتانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە کاتێکدا هەندێک حاڵەت هەن دەشاردرێنەوە و ناخرێنە بەر باس.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان کارێکیان نەکردووە حاڵەتەکانی توندوتیژی کەم ببنەوە"

سارا ڕەزا دەسەڵات و سیستم بە بەرپرسی ئەم دۆخە دەزانێت، باس لەوە دەکات لە باشووری کوردستان شەڕی ئایدۆلۆژیای سیستمی دەسەڵاتدارێتی و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە ژنان جێبەجێ دەکرێت، وتیشی: لە باشووری کوردستان ڕێژەیەکی باش لە ڕێکخراوەکانی ژنان هەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بەرامبەر بە توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بوەستنەوە لە ئەنجامی پەرتووبڵاویان و کۆک نەبوونیان لەگەڵ یەکتر، هەروەها ژنان هۆشیاریان دەربارەی یاساکان نییە تا بتوانن بە پشت بەستن بە یاساکان داکۆکی لە مافی خۆیان بکەن، لە لایەکی دیکەوە خودی یاساکان لە خزمەتی پیاواندان و مافی ژن ناسەنن.

 

"ئەو دەسەڵاتەی باشوور بەڕێوە دەبات هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان"

لە درێژەی قسەکانیدا سارا ڕەزا باسی لەوەکرد، ئەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستان بەڕێوە دەبات خۆی هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان، چونکە ئەو کەسانەی ژن دەکوژن بە سزای خۆیان ناگەن، لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دەدرێن، خودی ڕێکخراوەکانی ژنانیش بە بەرگی ژنانە کار ناکەن و لە ژێر سایەی حزبدا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم نەناسرێت.

 

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەمساڵ هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکییەکیان نەکرد بچنە ناو خەڵکەوە، بەڵکو لە هۆڵە داخراوەکاندا سیمیناریان لە دووری چاوی میدیاکان ئەنجامدا، دەشڵێت: ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە درێژایی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چالاکی جۆراوجۆریان هەبوو وەک نەمام ناشتن، سەردانی گۆڕی ژنە بێ ناسنامەکان و ئەنجامدانی سیمینار لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکان هەروەها ئەنجامدانی ڕێپێوان لە شاری سلێمانی.

 

لە کۆتایدا سارا ڕەزا بە پێویستی دەزانێت، ژنان لە باشووری کوردستان ئەزموون وەربگرن لە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، خۆشیان پەروەردە بکەن لەسەر فکری ئازادی ژن، چونکە چارەسەری دۆزی ژنە.