کەوسەر محەمەد: دوژمنانی کورد دەیانەوێت دەنگی ژنان کپ بکەن لە کوردستان

هەرچەندە دوژمنان بیانەوێت دەنگی ژنان کپ بکەنەوە، بەڵام ژنان ناترسن و دەیانەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: بە تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل تێکۆشان کۆتایی نایەت، ئێمە دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی.

سلێمانی

 

تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە شاری سلێمانی دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە، وەک کونسوڵی تورکیا لە هەولێر دانی پێدانا، بە دەستی دەوڵەتی تورکیا و سیخوڕی ژنانی چالاکوانی هێنایە دەنگ و ئاماژە بەوەدەکەن کە دەوڵەتانی داگیرکەر و دەسەڵات لە دەنگی ژنان دەترسن و دەیانەوێت تێکۆشانی ژنان کۆتایی پێبهێنن، بەڵام ژنان لە ڕێگەی نوژنهاوە ئەو پەیامەیان دا کە تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی کۆتایی نایەت و درێژە بە ڕێبازی ناگیهان ئاکارسەل و شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەدەن.

 

"شەهید ناگیهان ژنێکی بەتوانا و قەڵەم جوان بوو"

کەوسەر محەمەد، چالاکوانی ژنان بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و لە بارەی شەهید ناگیهان ئاکارسەلەوە وتی: شەهید ناگیهان هەوڵی دەدا بۆ ژن، ژیان، ئازادی، ژنێکی بەتوانا و قەڵەم جوان بوو، هەوڵی دەدا ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەک ئامانج و خزمەتیان هەبێت و تواناکانیان یەکبخەن، تا بتوانن سەرکەوتنی زیاتر بۆ کوردستان بەدەستبهێنن، لە ڕووی ژنۆلۆژیەوە قەڵەمێکی جوانی هەبوو، لە چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەمیشە باسی لە ژنان دەکرد و دوور نەبوو لە خزمەتکردنی بە ژنان.

 

"تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل بۆ کپکردنی ژنانە"

کەوسەر محەمەد، لە درێژەی قسەکانیدا وتی"من زۆر بەداخم کە ژنێکی وا بەتوانا لە شاری سلێمانیدا تیرۆر دەکرێت، ئەمە تەنها تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل نەبوو، بەڵکو تیرۆرکردنی قەڵەمی ژنان بووە، ئەمە دوژمنانی کوردە ئەیانەوێت ئەو هەوڵانەی ژن دەیدەن لە کوردستان کپ بکرێت و هیچ مەبەستێکیتریان نییە، بە تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل ژنان کۆتاییان نایەت، کورد و  بەتایبەت ژنان لە هەوڵی ئەودان کە کوردستان سەربەخۆ بێت.

 

ئەو چالاکوانە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی بە قسەکانی هێنا و ئاماژەی بە درێژەدان بە تێکۆشان و خەباتی ژنان دا.