"دایکان لە ڕێی پەروەردەوە پێگەی خۆیان دیاریدەکەن"

پەروەردەکردنی منداڵ دەبێت پەروەردە بێت نەک سزا، منداڵ بە ترساندن و هەڕەشە لێکردن بە باوک وێڕای دروستبوونی تاکێکی توندوتیژ، بینینەکانی بەر-امبەر دایکی دەگۆڕێت، پەیوەندیەکانی ئەو منداڵە بە ئەندامانی خێزانەکانیەوە تێکدەشکێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- خێزان یەکەمین قوتابخانەی منداڵە، دایک وباوک بەرپرسی یەکەمی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵن، منداڵ لە خێزاندا چاو هەڵدێنێت، لەبەر ئەوەشە پەروەردەکردنی منداڵ بە ئەرکێکی قورس و هەستیار دادەنرێت، شارەزایانی کۆمەڵناسی، جەخت لەوەدەکەنەوە، شەش ساڵی سەرەتای تەمەنی منداڵ بناغەی دروستبوونی کەسایەتی و سروشتی ئەو تاکەیە.

 

لە زانستی کۆمەڵناسیدا سێگۆشەی پەروەردەکردنی منداڵ هەیە، کە پێکهاتووە، لە پێدانی زانیاری، ئەزموونکردن و چەسپاندن، پڕۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ پێدانی زانیارییە لەلایەن دایک وباوکەوە، دواتر منداڵەکە دەخرێتە دۆخی ئەو زانیارییەوە کە ئەگەر ئەم کارە بکات چ دەرئەنجامێکی دەبێت و تێدەگەیەندرێت بەشێوازی جیاواز، دواتر ئەو زانیاری و پەروەردەیە لە مێشکی منداڵەکەدا دەچەسپێت، منداڵ بەشێکی زۆری ئەم زانیاری و ڕەوشتانەش زیاتر لە وشە بە بینین وەریدەگرێت.

 

دایک پەروەردەکاری یەکەمی منداڵە، لەبەر ئەوەشە هەمیشە بەشێکی زۆری ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان دەکەوێتە ئەستۆی، هەر هەڵەكردنێك لە پەروەردەدا دەرەنجام و كارەساتی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت، دایک دەبێت ئـاشنابێت بە چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵەکەی تا بتوانێت پەروەردەیەكی دروست و ئامانجدار بداتە منداڵەکەی.

 

یەکێک لەو هەڵانەی دایکەکان ئەنجامی دەدەن، ترساندنی منداڵەکانیان و هەڕەشە لێکردنیانە بە باوک یاخود کەسانی وەکو برا و خوشکی گەورە، مام، خاڵ، پور و هەر کەسێکی دیکە، "با باوکت بێتەوە، ئینجا پێی دەڵێم"، ئەم دێڕە بەشێکی زۆری دایکەکان بۆ گوێڕایەڵ بوونی منداڵەکانیان بەکاری دەهێنن، تا منداڵەکانیان ئاقڵبن و ئەو کارە نەکەن کە دایکیان پێی خۆش نییە، بێ ئاگا لەوەی ئەمە چ کاریگەرییەک و تێڕوانێک بەرامبەر دایکەکە لە بەرچاوی منداڵەکدا دروست دەکات.

 

هەدیە عەلی، کۆمەڵناسە، هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەو وشەیە لەلایەن دایکەکانەوە دەدات، کە دایکەکان زۆر جار بە منداڵەکانیان دەڵێن "ئەگەر گوێڕایەڵ نەبیت یاخود ئەو کارە نەکەیت کە من دەمەوێت، ئەوا تەلەفۆن بۆ باوکت دەکەم، یاخود کە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە پێی دەڵێم". 

 

هەدیە ئاماژەی بەوەکرد کە بەکارهێنانی ئەم ڕستەیە، کاریگەری فرە ڕەهەندی هەیە، یەکێک لەو کاریگەرییانەی لەسەر دەروونی ئەو منداڵە دروستی دەکات، کە مەترسیدارترینە، ئەویش بینینی دایکە بە کەم توانایی، دایک بەو دەستەواژەیە بە منداڵەکە دەڵێت، کە لەسەرو دایکەوە پەروەردەیەکی تر و دەسەڵاتێک هەیە، وتیشی: "ئەم شێوازە پێش هەموو شتێک وونبوونی دایکەکەیە، چونکە پێش هەموو شتێک بە دەربڕینی ئەو دەستەواژەیە بە مناڵەکەم دەڵێم کەم من هیچ نیم، بە منداڵەکەم دەڵێم کە کەسی تر هەیە لەسەروی منەوە ڕۆڵی گەورەتری هەیە، لە هەمان کاتتدا بچووکبوونەوەی دایکە بۆ جارێکی دیکە کە منداڵەکە گوڕایەڵی نەبێت".

 

کاریگەرییەکی دیکە کە هەدیە دەیخاتەڕوو، دروستبوونی توندوتیژیە لە دەروونی منداڵەکەدا، بەو شێوەیە بە منداڵەکە دەوترێت لە پشتی پەروەردەکردنییەوە سزایەک هەیە، هەڕەشەکردن و ترساندن، هەرچییەک هەبێت بەناوی زمانی زبر توندوتیژی کاریگەری دەروونی زۆر توند دروست دەکات لە پەروەردە و دەروونی منداڵدا، سەرەتاکانی قۆناغی منداڵی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە خۆ خواردنەوەی تێدانەبێت، نەخۆشییە دەروونیەکانی تیا تەنگەژە نەبووبێت، کە لە قۆناغەکانی گەورەبوونیدا گەشە بکات و لە پیریدا زیاتر درێژە بکێشێت.

 

ئەوەشیخستەڕوو کە دەبێت ئەو منداڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکی بکات، کە بێتەوە سزای بدات، چونکە وێڕای گوێڕایەڵ بوونی، دەبێت ڕێزێکی زۆر زیاتر لەو کەسە بگرێت، بەپێچەوانەوە لە قوناغەکانی دیکەیدا گوێرایەڵی دایکەکە ناکات، "دەبێت دایکەکان ئەو کاتە گلەی نەکەن، چونکە تۆ بەڕاستی بناغەکەیت هەروا دروستکرد، بۆیە ئێستاش ئەوە ڕانگ دەداتەوە".

 

یەکێکی دیکە لەو کاریگەریانەی هەدیە عەلی ئاماژەی پێکرد، گەورەکردنی چوارچێوەی خێزان و گەورەکردنی ئەو کەسانەیە کە بەردەوام هەوڵی ترساندنی منداڵەکەی پێدەدرێت، مەرج نییە هەر باوک بێت، مام، خاڵ، پور، برا یان خوشکی گەورە بێت، کە وێنایەکی نەرێنی بۆ ئەو کەسە لە چاوی منداڵەکەدا دروست دەبێت و مەرج نییە لە ڕاستیدا ئەو کەسە بەو جۆرەبێت، ترسێک لە دڵی ئەو منداڵەدا دروست دەکات، کە نەتوانێت بە ئاسانی هەستەکانی خۆی بۆ ئەو کەسە دەرببڕێت، بە تایبەتیش لە پەیوەندی نێوان باوک و کچدا.

 

وتیشی: "ترس و تۆقاندنێک دروست دەکات، هەندێک شت تێکدەشکێنێت کە منداڵ پێویستی پێیەتی لەگەڵ باوکدا هەیبێت، ئێستا زۆر لە حاڵەتە دەروونییەکان دەڵێت من زۆر باوکمم خۆشدەوێت، بەڵام ناتوانم هەستەکانمی بۆ دەرببڕم، چونکە دایکم هەرچیەکمان دەکرد دەیوت چاوەڕێکەن تا باوکتان دێتەوە، باوکممان ببووە کەسێکی نێگەتیڤ لە بینینماندا".

 

باشترین چارەسەر

ئەو کۆمەڵناسە، باشترین چارەسەرەکان دەخاتەڕوو، کە یەکەمیان ڕێکەوتنی نێوان دایک وباوکە، لە نەبوونی باوکدا دایک چۆن مامەڵە بکات، لە نەبوونی دایکیشدا باوکەکە چۆن مامەڵە بکات، لە نەبوونی هەر یەکێکیانەدا ئەوی دیکە وێنایەکی نێگەتیڤ لەبارەیەوە بۆ منداڵەکە دروست نەکات، هەرچەندە دوو پەروەردەی دوور لە یەکتر بن، ئەوەندە هەستێکی تێکشکاو بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و تاک لایەنە دەبێت، لەبری خێزان.

 

لە کۆتاییدا وتی: "دەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵدا پەروەردە هەبێت نەک سزا، پەروەردە پڕە لە سۆز و خۆشەویستی، دایک وباوک دەبێت لە کاتێکدا پەروەردە منداڵەکەی بکات، کە منداڵەکەی وڕکی گرتووە کە ڕەفتارێکی ناشرین بە دیدی دایک و باوک دەکات دەبێت بزانێت چۆن پەروەردە بەدوای ئەو ڕيوشتەدا بهێنێت، هەمیشە و بە چەندین ڕێگای جیاواز چارەسەری نیشانبدات و تێکشاندنی منداڵ و سزای تێدا نەبێت".