دایە پەری ژنە ئازا و ئازادیخوازەکەی شارەزوور

دایە پەری ناسراو بە حاجی پەری ئەندامی ئەنجومەنی شارەزووری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئاب، بەهۆی جەڵدەوە کۆچی دوایی کرد .

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- سەرلەبەیانی ٢٢ی ئاب، دایە پەری ژنێکی شۆڕشگێر لە شارۆچکەی سەیدسادق، ئەندامی ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، لە تەمەنی ٤٨ ساڵی وبە هۆی نەخۆشیییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، لە گۆڕستانی سەیدسادق بەخاک سپێردرا.

 

دایە پەری ناوی تەواوی پەری محەمەد سابر ناسراو بە حاجی پەری، لە ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە و خاوەنی ٣ منداڵە بە ناوەکانی "کەوی، پێشەوا، پێشڕەو"، دایە پەری وەک ژنێکی ئازادیخواز، شۆڕشگێر و پێشەنگی ژنان هەمیشە لە پێناو ئازادی ژنان و ئازادی کوردستان تێکۆشاوە، منداڵەکانیشی بە هەمان ڕێچکەی شۆڕش و ئازادی پەروەردە کردووە.

 

لە ساڵانی هەشتاکانەوە پەیوەندی بەشۆڕشی باشوری کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام بووە، ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە ڕێکخراوەی ژنانی ئازادی کوردستانەوە دەکات، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی شارەزووری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش بووە، دایە پەری دایکێکی ئازادیخوازو شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر بوو، هەمیشە بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگە لە هەر شوێنێکدا پێویست بووبێت بێوچان و ماندووبوون لەسەر شەقام بانگی بۆ ئازادی کردووە.

 

دایە پەری بەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئاب لە شارۆچکەی سەیدسادق بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوای کرد و لە گۆڕستانی سەیدسادق بە ئامادەبوونی بنەماڵە و هاوخەباتکارانی بە خاک سپێردرا.

وەک دەنگێکی ناڕازی هەمیشە لە شەقام بوو

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بە کۆچی دوایی دایە پەری بۆ ژنها دوا: بە داخەوە ئەمڕۆ ژنێکی ئازا و ئازاد و تێکۆشەر و پێشەنگ کۆچی دواییکرد، کە هەمیشەلە پێناو ئازادی گەلەکەیدا وەک دەنگێکی نارازی هەموو کات لەسەر شەقام بوو، دایە پەری هەموو کات بۆ ئازادی ژن تێکۆشاوە .

 

سارا وتیشی: ئێمە وەک ژنانی تەڤگەری ئازادی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خێزان و هاوڕێیانی دەکەین و کۆچی دوایی دایە پەری کەلێنێکی گەورەی خستە ناو ژنانی تەڤگەری ئازادی و وڵاتەکەمان، بەڵێنیش دەدەین وەک ژن ڕێ و ڕێبازی بەردەوامی پێدەدەین.

"دایە پەری لەلایەن خەڵکەوە ڕێزلێگیراو بوو"

ئاوات محەمەد، هاوڕێ و خزمی دایە پەری، بە دڵی تەنگەوە نیگەرانی خۆی بۆ دایە پەری دەربڕی و وتی: ژنێکی دڵساف و بەڕێز بووم هیچ کەسێک لە بنەماڵەکەمان هەرگیز دڵمان لێی نەئێشاوە، لەگەڵ مندا جگە لەوەی خاڵۆزا و پورزا بووین پەیوەندیمان زیاتر لە خوشک بوو. حاجی پەری ڕێزی لە هەموو کەسێک دەگرت و لە لایەن خەڵکیشەوە زۆر ڕێز لێگیراوبوو، لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا هاوژینەکەی لەدەستدا و بە تەنها منداڵەکانی پەروەردە کرد.

"دایە پەری نیشتمانپەروەر بوو"

حاجی گوڵکۆ، خوشکی دایە پەری، ئاماژەی بەوەکرد: "حاجی پەری مرۆڤێکی بەڕێز و بەوەفا و کۆمەڵایەتی و بە هەست و ڕێزدار و خزمدۆست و نیشتمانپەروەر بوو، ژنێکی وا بە دەگمەن هەڵدەکەوێتەوە، زۆر دڵسۆز و خەمخۆری خزم و دۆست و نیشتمان بوو، ژنێکی بە سەبر و ئارامگیر بوو"،  باس لەوەش دەکات وەک دوو خوشک پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەبوو و نزای لێخۆشبوونی بۆ دەکات.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان کە دایە پەری ئەندامی ڕێکخراوەکە بووە، پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی دایە پەری کرد و ئاماژەیان بەوەدا: "دایە پەری دایکێکی ماندوو نەناس و وڵاتپارێز و ئازادیخواز بوو، بەردەوام بە رۆحێکی گەنجانە لە هەر شوێنێک پێویست بوایە ئامادەبوو و بەشداری زۆرینەی چالاکییە جەماوەری و تایبەتەکان بووە".

 

ت.پ