"ڕژێمی تورک بە بەرچاوی هەمووانەوە کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات"
چالاکوانان و بەشداربووانی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان وتیان: ئەمە پرسێکی نەتەوەییە و پێویستە سنورەکان بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا بکرێتەوە.
دیدار شەهلا
سلێمانی- دوای ئەوەی لە ۲۷ ی تشرینی دووەمدا چەتەکانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و دۆخێکی ناهەمووار لە سووریا دەستیپێکرد، هێرشەکانی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکاندا ئاوارە بوون و هەلومەرجی ژیانکردنیان قورسە، لە باشووری کوردستانەوە هەڵوێست و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و پرسە وەک پرسێکی نەتەوەیی دەبینن و تا ئێستا چەندین هەڵمەتیان بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندووە و داوای کردنەوەی سنورەکانیش دەکەن.
ئامینە ئەحمەد، ئەندامی باڵای تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان وتی: بەداخەوە دەبینین ڕژێمی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ئاستی تاک، ژنان و منداڵان کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدات، ئەو سیاسەتەی کە هەیە سیاسەتێکی توندڕەوانەی تورکە و ئیشی هەمیشەییان بووە، من نازانم وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل و ئەمریکا چۆن دەتوانن بەم شێوەیە بێهەڵوێست بن بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی تورکیا ئەنجامی دەدات، ئەوەی دەگوزەرێت چ لە ڕووی ئینسانی و سیاسییەوە جێگای قبوڵکردن نییە، کوردانی ڕۆژئاوا پارچەیەکن لە دڵی کوردانی باشوور، ڕاستە کوردستانی گەورە بە هەوڵی داگیرکەران پارچە بووە، بەڵام ئومێد دەکەین کورد لە هەر جێیەکی ئەم جیهانە بێت هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەبێت بەرامبەر بەوەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، ئێمە وەک کوردانی باشوور لە ئێستادا دوو هەڵمەتمان لەسەر ناوی ژنانی باشوور و کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی ڕاگەیاندووە، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و خۆشحاڵانە کۆمەکییەکی زۆر کۆکراوەتەوە، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەروازەکان بکاتەوە تا بتوانین هاوکاری بەو ناوچانە بگەیەنین کە گەمارۆدراون و ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هەروەها پێویستیشە داوای بەدەمەوە هاتن بکەن لە ڕێکخراوە جیهانییەکان و هەڵوێست نیشان بدەن.
"دەبێ دوژمن بە یەکهەڵوێستی کوردان ڕسوا بکرێت"
ئامینە ئەحمەد باسی لەوەشکرد کە کورد لە زۆربەی دۆخە هەستیارەکان لە مێژوودا یەک هەڵوێست بووە و ئەرکی نەتەوایەتی خۆی بەجێ گەیاندووە و وتیشی: گەر لەبیرمان بێت لە کاتی کیمیابارانکردنی کورد و لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان، کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵات زۆر خاوەن هەڵوێست بوون بەرامبەر ئێمە، بۆیە ئەم یەکڕیزیی و یەکدەنگییەی کورد زۆر گرنگە، تا دوژمنانی کوردی پێ ڕسوا بکرێت و وەڵامێک بێت بۆیان، کە کورد لە هەر شوێنێکی دنیا بێت ئەو هەستە نەتەوایەتییە لەبیر ناکات.
"گەر سنورەکانیش نەکەنەوە، ئێمە هەر هاوکارییەکان دەگەیەنین"
هەروەها ئامینە ئەحمەد باسی لەوەشکرد کە ڕێگەنەدان بە کردنەوەی سنوورەکان بە ڕووی ئاوارەکاندا، سیاسەتێکی تری داگیرکەر و دوژمنانی کوردە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی کردەوە قێزەونەکانی خۆیان بەرامبەر کورد ئەنجام بدەن و وتیشی: تەنانەت گەر سنوورەکانیش نەکەنەوە، ئێمە لە هەڵوێستی خۆمان پاشگەز نابینەوە بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاوا و گەر لە شاخیشەوە بێت هاوکارییەکانی خۆمان دەگەیەنین، بەڵام پێویستە دەسەڵاتداران لەم هەوڵە داگیرکارییانە بێدەنگ نەبن و سنوورەکان بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوا بکەنەوە و بەرپرسیارییەتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
"گەر ڕێکاریی زۆریش بگیرێتە بەر، دەبێت سنورەکان بکرێنەوە"
ئاوات دەریا، نوێنەری زەردەشتییەکان، پێیوایە کە لە ئێستادا گرنگترین شت یەکڕیزیی گەلی کوردە و وتی: جێی داخە کە دەبینین کوردانی ڕۆژئاوا بەم جۆرە هێرش دەکرێتە سەریان و لە بارودۆخێکی ناخۆشدان، بەڕاستی لەم کاتەدا پێویستە ئێمە وەک کوردانی باشوور، هەرچیمان لەدەست دێت بۆ ئەوان بە ئەنجامی بگەیەنین، ئێستا ئەوان پێویستیان بە هاوکارییە و ئێمەش دەبێت ئەوەمان بیرنەچێ کە لە ڕابردوودا، کاتێک پێویستمان بەوە هەبووە کە لەلایەن کوردانی پارچەکانی ترەوە هاوکاری بکرێین، ئەوان هاوکارییان کردین، هەر بەو هۆیە پێویستە ئێمەش هاوکاریی کوردانی ڕۆژئاوا بکەین.
سەبارەت بە داخستنی سنوری سێمێلکاش، ئەو باسی لەوەکرد، کە پێویستە سنورەکان بکرێنەوه، تەنانەت ئەگەر ڕێگریی یاسایی زۆریش بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییەکان دابنرێت و وتیشی: تکا لە حکومەتی هەرێم دەکەم، من وەک نوێنەری زەردەشتییەکان بڕێکی زۆر لە هاوکارییم لەلایە و هیچ ڕێگەیەک جگە لە کردنەوەی سنورەکان نییە بۆ تێپەڕینی هاوکارییەکان.