چالاکی لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەکانەوە سوودی بۆ ژنانی ناو ماڵەکان نییە

بەشێک لەو چالاکیانەی ئەنجام دەدرێت لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەکان ئەنجام دەدرێت، لە کاتیکدا توندتیژییەکان لەنێو ماڵەکاندا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش هیچ سودێک بە ژنان ناگەیەنێت، چالاکوانانیش ڕەخنە دەگرن کە ئەم چالاکیانە هیچ سوودێکیان نیە تەنها لەپێناو خۆدەرخستنە، دەڵێن هیچ بەرهەمێکیان نییە، تەنها "قسەی زلە".

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکانی تایبەت بە ژنان یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانیان هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگایە لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانیشدا لەبەر ئەوەی توندوتیژییەکان بوونەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ساڵانە هەزاران توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تۆماردەکرێت.

 

ئەو توندوتیژیانەی تۆمار دەکرێن، تەنها ئەوانەن کە دەچنە نوسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بە سەدان توندوتیژی هەن لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئاشکرا نابن و ژنان ڕێگایان پێنادرێت لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە و ژن وەک خزمەتکارێک و ئامێرێکی دروستکردنی منداڵ تەماشادەکرێت.

 

بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم هۆشیاری لەناو گەڕەک و کۆڵانەکان، دەبێت چالاکی ڕێکخراو دامەزراوەکان ببرێنە ناو گەڕەک و کۆڵانەکان تا زۆرترین ژن سوودمەند بن، ئەوانیش لەڕێی خۆیانەوە وەک دایکێک خێزانەکایان هۆشیاربکەنەوە، نەک لە ئوتێلە کەشخە و ئەستێرەکاندا چالاکی بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان ئەنجام بدرێت.

 

لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەند چالاکییەک لەناو گەڕەکە شەعبییەکاندا ئەنجامدرا، بەڵام چەندین چالاکی لە ئوتێلە گەورە و سێ، چوار و پێنج ئەستێرەکاندا ئەنجامدەدەرێن، نرخی ئەم ئۆتێلانە بۆ هەر چالاکییەکی چەند کاتژمێری زیاتر لە هەزار دۆلاری تێدەچێت، ئەگەر پشوو و خواردنیشی تێدابێت ئەوا نرخەکەی زیاتر دەبێت، هەوڵ دەدرێت لەوێیەوە ژنان هۆشیار بکرێنەوە!!!.

 

چالاکییەکان لە ئوتێلەکانی ڕامادا، تایتانیک، شاری جوان، هایکریست، داوا، ڕۆتانا، چوارچرا، ئەربیلی نوێ، ئیمپایەر، شیراتۆن و چەندین ئوتێلی دیکە ئەنجام دەدرێن، ئەم ئوتێلانە شوێنی هاوڵاتیانی ئاسایی نین تا وەک شوێنێکی ئاسایی بچن، شوێنێک نین ژنان لە ڕێیەوە هۆشیار بکرێنەوە و لەو جێگایەوە کێشەکانی ژنان چارەسەر بکرێن.

 

"بۆ خۆدەرخستنی ئەو ڕێکخراوەیە"

تریفە فەرەیدوون، چالاکوانی بواری ژنان و بەڕێوەبەری بەشی یەکسانی جێندەرییە لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجامدانی چالاکییەکان لە ئوتێلە گرانبەها و چەند ئەستێرەکان بە "خۆدەرخستنی" ڕێکخراوەکان ناودەبات، کە هیچ سوودێکی بۆ ئەو ژنانە نییە کە لەنێو ماڵەکاندا، وتشی: "ڕێکخراوەکان زۆربەی زۆری ئەو ئوتێلە پێنج ئەستێرانە بۆ خۆدەرخستنە، بۆ دەرخستنی ئەو ڕێکخراوەیە نەک سوود گەیاندن بە کۆمەڵگا، ئەگەر بمەوێت چالاکییەک بکەم، دەبێت کاتێک بیکەم ئەو چالاکییە کە سوود بە ژنان بگەیەنێت کە لەنێو ماڵدان، کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و ناتوانن بێنە دەروەی ماڵ".

 

ئەو هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگاش بە بنەمای هەموو کارەکان دەزانێت، کە دەبێت چالاکییەکان بۆ هۆشیارکردنەوە چڕبکرێتەوە، چالاکییەکان دەبێت بە گوێری تەمەن، کار و شوێنی ئەو ژنانە بگۆڕێت، چالاکییەکان بەپێی ئاستی ڕۆشنبیری ئەو کەسە دەبێت بگۆڕێت، دەبێت هۆشیارییەکان جیاواز بێت، "دەبێت ئێمە بزانین ئەو چالاکیانەی کە دەکرێت ئایا لە شوینی خۆیەتی یاخود تا چەند جێدەستی کارەکان دیارە، تاچەند خەڵک سوود لەو چالاکیانە دەبینێت".

 

تریفە فەرەیدوون، هۆشیاکردنەوەی یاسایی بۆ تاک و کۆمەڵگاش بە گرنگ دەزانێت، ئەوەش لەبەر ئەوە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار و داخراو هەیە، دەبێت دایکەکان پەروەردە بکرێنەوە، ئەوانیش وەک یەکەم ناوەندی پەروەردەکردن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، دواتریش لە قۆناغەکانی خوێندندا هۆشیاری لەبارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و یەکسانی بە قوتابییەکان بدرێت، ڕێکخراوەکانیش هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و حکومەتیش وەک دەسەڵاتی لە ڕێی یەکەکانی جێندەرەوە جێبەجێکردن کار بۆ یەکسانی بکات.

 

"ئەم چالاکیانە هیچ دەرئەنجامێکی نییە"

چالاکی لەو ئوتێلانە، وەک سەنا محمودی چالاکوان باسی دەکات، کاریگەری و دەرئەنجامێکی ئەوتۆی نییە، هیچ باوەڕێکی بە چالاکی ڕێکخراوەکان نییە، "قسەی زل" هیچ لە ژیانی ژنێک ناگۆڕێت کە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، چونکە بەروبومەکەی نابیندرێت، دەکرێت ئەو توانایە لە چالاکییەکی بەسوودا بەکاربهێندرێت.

 

"من هاتم قسەی زلم بۆ تۆ کرد، هیچ لە ژیانی ژنێک ناگۆڕێت کە ئازاری پێگەیشتووە، من کچێکم توندوتیژیم بەرامبەر دەکرێت کۆنفڕانسێک لە هۆتێلێکی پێنج ئەسێترە کرا هیچ لە ژیانی من ناگۆڕێت، من لەگەڵ ئەوەیام کە شتێک دەکرێت ڕێکوپێک بێت، بەڵام ئەمە گۆڕانکاری گەورە ناکات".

 

ئەو ڕەخنە دەگرێت کە دەرئەنجامی ئەو کۆنفڕانس و ئیڤێنتانە هیچ نییە، ئەگەر تەنها یەکێک لەو چالاکیانە دەرئەنجامەکانیان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا زۆر شت دەگۆڕێت، بەڵام لە ئێستادا کاریگەری گەورەیان نییە، "من بەروبوومەکەی نابینم، ناڵێم زۆر شتێکی زیادەیە بەڵام سوودێکی وای نییە، دەکرێت ئەو توانایە بۆ شتێکی دیکە بکرێت، چالاکییەکەی بەڵام هیچ لە ئازارەکانی منێک کەمێک کەمناکاتەوە".

 

چالاکییەکانی بە بۆچوونی سەنا تەنها بۆ ئەو کەسانە سوودیان هەیە کە بەردەوام بەشداری لەم گروپ و چالاکییەدا دەکەن، بۆیە هەنگاوی جدی بۆ ئەو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بە چارەسەرێکی جدی دەزانێت، "ئەگەر بتەوێت دەست بۆ هەر بابەتێک ببەیت دەبێت هۆشیاری بڵاوبکەیتەوە، هۆشیاری مەودایەکی چەندین ساڵ و چەندین نەوە پێویستە، باشترین شتێکیش کە بتەوێت گۆڕانکاری تێدا دروستببێت پەروەردەیە، من پێشنیاردەکەم چ ڕێکخراوەکان چ هەرکەسێک دەبێت ئیش لەسەر کەرتی پەروەردە بکات و ئیش لەسەر جیلی نوێ بکات".

 

هاوکات یەکێکی دیکە چارەسەرییەکان، بە ڕاهێنان لە سیمینارەکاندا دادەنێت، کە ئەو کەسە خۆی بخاتە شووێنی ئەو کەسەی کە توندوتیژییەکەی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و ئەو هەستەی تاقیبکاتەوە، چالاکییەکانیش لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕەکەکان ئەنجام بدرێت تا بگاتە زۆرترین هاوڵاتی.

 

ت.پ