چالاکوانان: دەبێت دژی سیاسەتی پەدەکە هەڵوێست نیشانبدرێت

کۆمەڵێک لە چالاکوانان و ڕاگەیاندنکاران کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوەیان بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانی ڕژاک ڕاگەیاندووە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەو سێ ژنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و تاوانێک دەستگیرکراون و ئیدانەی دەستگیردنی ئەو ژنانە لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە دەکەن.

کۆمەڵێک لە چالاکوانان و ڕاگەیاندنکاران کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوەیان بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانی ڕژاک ڕاگەیاندووە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەو سێ ژنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و تاوانێک دەستگیرکراون و ئیدانەی دەستگیردنی ئەو ژنانە لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە دەکەن.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان، ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ئازادیخواز بە بەیاننامەیەک کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوەیان ڕاگەیاند و تێیدا داوای ئازادکردنی ئەو سێ ژنە چالاکوانە دەکەن.

 

ماوەی ١٣ ڕۆژە، دوو ئەندامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ئەندامێکی دیکەی ڕێکخراوەکە بە ناوەکانی "خەولە محمد حسن، سەیران احمد حسن، جوانا عبدولباقی" لە کاتی گەڕانەوەیان لە ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال، لە شەنگالەوە بۆ سلێمانی لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە بازگەی کەڵەک دەستگیردەکرێن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانرێت.

چرۆ حسێن، پارێزەر و ئەندامی کەمپەینەکە  لە لێدوانێکدا بۆ ژنها، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هیچ هۆکارێک و ماددەیەکی یاسای لەبەردەستدا نییە تا ئەو ژنانە دەستگیربکرێن، ئەو ژنانە بەبێ هیچ هۆیەک دەستبەسەرکراون.

دەشڵێت "هەر سێ ژنەکە ئەندامی ڕێکخراوێکن کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە، تا ئێستا ڕوونەبووەتەوە کە بۆچی و بەپێی چ ماددەیەک دەستگیرکراون".

بێریڤان محەمەد، ڕاگەیاندنکار و یەکێکی دیکە لە چالاکوانەکانی بەشدار لە کەمپەینەکەیە لە دەرەوەی وڵاتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ ژنها وێڕای شەرمەزارکردنی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە، ئەودەخاتەڕوو لە هیچ جێگەیەکدا نەبووە کە ژنانێک بۆ پشتیوانی ژنانی ئێزدی چووبنە شەنگال بەڵام لەلایە دەسەڵاتەوە دەستگیرکرابن، "پێویستە ئەوانەی ئەو ژنانەیان دەستگیرکردووە، دەستگیربکرێن".

جەختە لەوەش دەکاتەوە، "دەبێت هەموو هاوڵاتیان هەڵوێستیان هەبێت، ئەگەرنا دەستدرێژییەکانی پارتی بۆ سەر ژنان و چالاکوانان تابێت بەرفراوانتر دەبێت، پارتەکانی دیکەش چاویان لە ئاستی ئەو نادادیانە داخستووە، دەبێت ئەوانیش ناچار بە هەڵوێست وەرگرتن بکرێن".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: "پارتی لەوەتەی هەیە سیاستێکی دژی ژن بەرپادەکات، ئەمە شتێکی زۆر ڕوونە کە هێزێکی دژە ژنە، ئەقڵیەتێکی ناوەندگەرایی دەسەڵاتخوازی جێبەجێدەکات، لەسەر شکاندنی ژن خۆی بنیاد دەنێت"، بەگرنگی دەزانێت کە سەرجەم ژنانی باشوری کوردستان یەکبگرن و سنورێک دژی ئەو سیاسەتی دژە ژنە دابنرێت.

 

ت.پ