"بەو ژن و پیاوانەی دژی تاڵیبان تێدەکۆشن سەربەرزین"

ژنانی ئەفغانستان لە سێیەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە قسەیان کردو تیشکیان خستەسەر ئەو فشارانە کە ٢٠ ساڵە لەسەریانەو ڕایانگەیاند: بەو ژن و پیاوانەی کە ئازایانە دژی تاڵیبان تێدەکۆشن سەربەرزین.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان-٢٠ ساڵە بەهۆی بوونی ئەمریکا، ناتۆ، وڵاتانی دیکە بەتایبەت بۆ ژنان بوونەتە وڵاتێک کە ناتوانیت تێیدا بژی، لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئیدارەی ئەفغانستاندا گرت، هەموو بوارەکانی ژیان بۆ ژنان قەدەغە کران و ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی و توندوتیژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی زایەندی لەو وڵاتە زیادی کرد.

 

چووینە گوندی ئەفغانیە، یەکێک لە گوندەکانی شارەدێی نەجەرابی شاری کاپیسە کە لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠١٤هێزی سەربازی فەرەنسی تێدا جێگیر بوو، کە چووینە ناو گوندەکەوە ئەو ڕێگایەمان بینی کە پێشتر خراپتر بووبوو بەهۆی لافاوەوە، لە ماوەی گەشتەکەماندا لەگەڵ مەهرگۆڵ ئاغا، یەکێک لە خەڵکی گوندەکان، باسی ئەو ڕووداوانەمان کرد کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە.

 

مەهرگۆڵ ئاغا ڕوونی کردەوە، لەگەڵ هاتنی تاڵیبان ژیانیان خراپتر بووە و وتی: سێ کوڕ و سێ کچم هەبووە، پەیوەندیمان لەگەڵ گوندی تاجیکی دراوسێمان هەبوو، هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نەبوو، کاتێک بیانییەکان هاتن دوو کوڕمیان دەستگیرکرد.

 

"ئەو حکومەتەی نەیتوانی تاڵیبان دەستگیر بکات خەڵکی مەدەنی دەکوشت"

 مەهرگۆڵ ئاغا وتی: کەس ئەو ئازارە نازانیت کە ئێمە تووشی بووین، چی بەسەر بۆرمادا هاتووە، ناپرسن تاڵیبان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ چی لە وڵاتەکەمان کردووە، هیچ قوتابخانەیەک لە ناوچەکەماندا نییە، بەهۆی ئەوەوە منداڵەکانمان کشتوکاڵیان دەکرد ، ڕۆژێک کە شەڕ لە نێوان تاڵیبان و حکومەت ڕوویدا، تاڵیبان بۆ ماوەی کاتژمێرێک هەڵهات، گەنجەکانمان ناوچەکەیان بەجێنەهێشت، بەڵام حکومەت تەقەی لە گەنجەکانمان کرد و لە یەک ڕۆژدا ٢٠ کەسی کوشت دوای دوو کاتژمێر گوندەکەیان بەجێهێشت و تاڵیبان هاتەوە و دەستیان بەسەر هەموو شوێنەکەدا گرت.

 

"لە ئەفغانستان زۆر دایک هەن ئازاریان چەشت"

 مەهرگۆڵ ئاغا ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا له ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، حکومەت هەر جارە چەند کاتژمێرێک کۆمەڵکوژیی ئه نجامداوەو وتی: بەبێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان پیاو و ژن بکەن هەمووان هەراسان دەکران یان دەیانکوشتن، تاڵیبان کە کۆنترۆڵی خۆی گرتە دەست، ئەو گەڕەکانەشیان چەوساندەوە کە کۆنترۆڵیان دەکرد، هەروەها کوڕی سێیەمیشم دەستگیرکرا و نزیکەی ٧ ساڵ لە زیندان بوو، ئێستا ئازادە، بەڵام لەگەڵ کێشەی دەروونیدا ململانێ دەکات، شەو و ڕۆژ ناخەوێت، هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە، لە ڕاستیدا هەر سێ کوڕەکەمم لەدەستدا، لە ئەفغانستان زۆر ژن هەن کە تووشی ئازاری منداڵەکانیان بوون و تا لە ژیاندان لەگەڵ ئەم ئازارەدا دەژین.

"بۆ ئەوەی کچەکانم لە تاڵیبان بپارێزم، ناچار بووم لە تەمەنێکی گەنجیدا هاوسەرگیریان پێبکەم"

مەهرگۆڵ ئاغا باسی لەوەشکرد، سێ کچەکەی نەیانویستووە هاوسەرگیری بکەن و وتی: یەکێک لە فەرماندەکانی تاڵیبان ویستی کچەکانم بۆ خۆی و هاوڕێکانی بخوازێت، بۆ ئەوەی لەم کارە ڕزگاریان بکەم، لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریم پێکردن، هەموویان بۆ تەواوکردنی خوێندن چوون بۆ کابول و ئێستا لە دامەزراوە تەندروستییەکان کار دەکەن، شانازی بە کچەکانمەوە دەکەم کە هاوکاری زۆرێک لە ژنان دەکەن، ئێمەی ژنان دەبێ یەکگرتوو بین، ڕێگە نەدەین منداڵەکانمان لێ بسەندرێن، هەمیشە ئازاری دوو منداڵە کوژراوەکەم لە دڵمدا دەمێنێتەوە، ناویان هەرچییەک بێت، ئەوانەی وڵاتیان فرۆشت، ئەوان بکوژی کوڕەکەمن.

 

 زۆرێک لەو خێزانانەی کە چاومان پێیان کەوت باسیان لە ڕق و کینەیان لە تاڵیبان کرد و بە تایبەتی پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ژنان لە شاری کاپیسا دەربڕی، ئەو خێزانانە وتیان: ڕاستە ٢٠ ساڵە لەلایەن تاڵیبان و حکومەتی ئێستا و هێزەکانی فەرەنسا زوڵممان لێدەکرێت، هەر خێزانێک کەسێک یان دوو کەسوکاریان لەدەستداوە و ئێستا ئەو خێزانانە خۆیان لەژێر فشاری تاڵیباندان، بەڵام لە شارەکەمان دژی تاڵیبانن، ژن و پیاو هەن کە ئازایانە دژی ڕژێمی تاڵیبان تێدەکۆشن، ئێمە سەربەرزین پێیان.