بەرخۆدان و ئیرادەی ئازاد؛ ئەو لایەنەی کە لە بارودۆخی گەمارۆدا زاڵ بوو
سەرەڕای هەلومەرجی گەمارۆدان، ئیرادەو بەرخۆدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک زاڵ بوو بەسەر هەموو ئەو هەلومەرجە سەختانەی کە بەهۆی شەڕو ئاوارەبوون و هەڕەشەی لەناوچوونەوە سەپێندرابوون.
سیلڤا ئیبراهیم
کۆبانێ- ژنانی کۆبانێ، کە شەوانە بۆ پاراستنی گەڕەکەکانیان لە هەر مەترسییەکی نزیک دەچوونە دەرەوە، دووپاتیان کردەوە: کە ئەوان نە شەڕخوازن و نە عاشقی چەکن، بەڵام ئەگەر شەڕ بەسەر خاکەکەیاندا بسەپێندرێت، ئەوا ئامادە دەبن بۆی.
لە یەکەم ڕۆژی سەفەربەری دوای ئەو هێرشەی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، خەڵکی ناوچەکە وەڵامی بانگەوازی چەکیان دایەوە بۆ پاراستنی گەڕەکەکانیان لە هەر هێرشێکی ئەگەری لەلایەن جیهادییەکان یان شانە خەوێنەرەکانەوە کە هەوڵی چاندنی ئاژاوەگێڕی دەدەن.
شاری کۆبانێ کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە هێرش کرایە سەر و بە تەواوی گەمارۆدرا، دانیشتوانەکەی و ژنانی بۆ پاراستنی شارەکە چەکیان هەڵگرت، سەرەڕای ٣٣ ڕۆژە لە گەمارۆدانی شارەکە و هاتنی مانگی ڕەمەزان، هێشتا دانیشتووانی ئەو شارە چەکەکانیان هەڵگرتووە و بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە بۆ پاراستنی شارەکەیان لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک.
دایکانی کۆبانێ دوای ڕۆژوو شکاندن، چەکەکانیان لەسەر شان هەڵگرتووە و دڵیان پڕە لەو بەڵێنەی بە کوڕەکانیان داوە کە شارەکە بپارێزن، بەم ڕۆح و ئیرادەیە ئۆتۆمبێلەکان دەەستێنن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە دوورن لە هەر هەڕەشەیەک کە ڕەنگە گەڕەک و شارەکە بخاتە مەترسییەوە.
سەلیمە ڕەمەزان، ژنێکی تەمەن ٦٠ساڵ، لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کۆبانێ وەستاوە و وتی: ئێمە لە گەمارۆ ناترسین، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم سیاسەتە بەسەرماندا دەسەپێندرێت، فێربووین ڕووبەڕووی هەموو ئەو بارودۆخە ببینەوە کە بە زۆر بەسەرماندا دەسەپێندرێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستن و بوونی خۆمان بە هیچ وڵاتێک و دەسەڵاتێکی بیانی ناسپێرین، ئێمە گرەو لەسەر سەرکەوتن دەکەین لەڕێگەی ئیرادەی ڕۆڵەکانمان و گەلە شۆڕشگێڕەکەمانەوە، بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ لە دژی داعشی بیرهێنایەوە و وتی: وەک پێشتر سەردەکەوین، ئێمە نەڕاهاتووین بە شکست، ئێمە ڕاهاتووین بە پێشکەوتن و سەرکەوتن.
سەلیمە ڕەمەزان سێ کوڕی هەیە کە لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ دەکەن، وتی: کوڕەکانم لەگەڵ هاوڕێ شەڕڤانەکانیان شارەکە لە هەموو هێرشێکی ئەگەری دەپارێزن، ئێمەی دایکانی ناو شاریش سەقامگیری دەپارێزین لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا، هەروەها نابێت خەڵکی مەدەنی لە هیچ هێرشێک بترسن، چونکە هەمیشە ئامادەن بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خۆیان.
"بەرگری و پاراستن بڕیاری ئێمەیە"
سەبارەت بە عەدلە محەمەد، ئەویش وەک سەلیمە ڕەمەزان، چەکەکەی و بەرپرسیارێتی پاراستنی گەڕەکەکەی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە، پشتگیری کچەکەی دەکات کە خەندەق و هێڵی پێشەوە وەک هێڵی بەرگری خۆی و شوێنی پەناگەی خۆی بەکاردەهێنێت، وتی: ئێمە شەڕخواز نین و حەزمان لە چەک نییە، بەڵام ئەگەر هەر هێرشێک بەسەرماندا بسەپێندرێت، ئامادە دەبین بۆی.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی وەستاندنی ئامێری جەنگین و ڕێگری لە جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە ڕێگەی ڕێککەوتن و دیالۆگەوە بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەمانە شکستیان هێنا یان پێشێلکران، بەرگری و پاراستن بڕیاری نەگۆڕی ئێمەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک گەلی کورد و هەموو گەلانی دیکە ماف و خاکێکیان هەیە، دەمانەوێت مافەکانمان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت، نوێنەرایەتیمان هەبێت لە پەرلەمان، هەروەها بۆ ناوچەکانمان لەلایەن گەلی خۆمانەوە پارێزراو بێت، خوێندنگەکانمان بە زمانی خۆمان بێت، ئێمە هیچی کەمتر قبوڵ ناکەین، ئامادەی بەرگری و پاراستنین لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت.