بە زیادبوونی قسەی ڕق و کینە ژنان زیانبەرکەوتووتر دەبن

کاریگەری قسەی ڕقاوی و هەراسانکردنی ئۆنلاین زیاتر دەبێت، هێرشەکان تادێت توندتر دەبن. ئەم دۆخە بەتایبەت بۆ ژنان دەیانخاتە دۆخێکەوە کە بێدەنگ بکرێن و بوونیان لە کایەی گشتیدا لاواز دەبێت و لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی هەراسانکردن بێ بەرگری دەمێننەوە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-لەگەڵ فراوانبوونی بەرفراوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، سیستمەکانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بوونەتە یاریزانی سەرەکی لە داڕشتنی بۆچوونی گشتی و ئاراستەکردنی ئەو ناوەڕۆکە کە ڕۆژانە دەگاتە بەکارهێنەران، لەگەڵ پەرەسەندنی ناوەڕۆکی کاردانەوەی و توندوتیژ، پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەم سیستمە لە گەورەکردنی قسەی ڕقاویدا سەرهەڵدەدات، بە تایبەت کە ناوەڕۆکی توڕە یان شۆککەر زۆرجار بەشداریکردن و گەیشتنێکی بەرزتر لە جۆرەکانی تری ناوەڕۆک کۆدەکاتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، شام نەفاع، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیست باس لە بڵاوبوونەوەی بەربڵاو و بێ وێنەی قسەی ڕق و کینە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکات لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ڕوونی دەکاتەوە، کە سیستمی ئەم پلاتفۆرمانە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە گەورەکردنی ئەم جۆرە ناوەڕۆکەدا چونکە پشت بە قەبارەی کارلێککردن و هاوبەشی دەبەستن، بەبێ گوێدانە سروشتی یان کاریگەری ئەو کارلێککردنە.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە ناوەڕۆکێکی شۆککەر، توندوتیژی یان کاردانەوەیەکان بێت بە شێوەیەکی گشتی لەناو کۆمەڵگەدا گەیشتنێکی فراوانتر بەدەست دەهێنێت چونکە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بۆ شیکردنەوەی ڕەفتاری بەکارهێنەران و گەورەکردنی بینینی ئەو ماددانە داڕێژراون کە بەکارهێنەران لەگەڵیدا بەشدارن یان کاردانەوەیان لەگەڵدا دەبێت، هەروەها مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی کاردانەوەی بەهێزتر دەبێت بەرامبەر بەو ناوەڕۆکە کە هەست و سۆزی بەهێز دەورووژێنێت، جا ترس بێت، توڕەیی، هەڕەشە یان تەنانەت هەستکردن بە سەربەخۆیی، ئەمەش وا دەکات قسەی ڕقاوی زیاتر بڵاوبێتەوە.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە کەسانی توڕە خێراتر کۆمێنت بکەن لە چاو کەسانی ئارام، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی بەرفراوان لەگەڵ بڵاکراوەکانی کاردانەوەییەکان یان وروژێنەرەکاندا دروست دەبێت، ئەمەش لە بەرامبەردا سیستمەکان پاڵدەنێت بۆ گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی زیاتریان، لەکاتێکدا، پلاتفۆرمەکان ڕاستەوخۆ ئامانجیان بڵاوکردنەوەی قسەی ڕقاوی نەبێت، بەڵام پاداشتی ناوەڕۆکی "ترێند" دەدەنەوە، کە زۆرجار ناوەڕۆکێکە کە بەکارهێنەران وروژێنێت و هەستەکانیان دەجووڵێنێت.

 

شام نەفاع ڕوونی دەکاتەوە، کە قسەی ڕق لێبوونەوە تەنها لە هاندانی گروپە دیاریکراوەکاندا سنووردار نییە بەڵکو گوتاری ڕەگەزیش دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵگا عەرەبییەکاندا باو بووە. ئەو ئەمەی بەستەوە بە دۆخی تایبەتی ژنان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، کە هەندێکجار ژنان وەک ئامرازێک بۆ فشار یان هاندان بەکاردەهێنرێن، ئەمەش وایکردووە ببنە ئامانجێکی ئاسان بۆ ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی.

 

وتیشی: ژنانی چالاکوان لە بواری مەدەنی و سیاسی و میدیادا زۆرجار تووشی هەڵمەتی سیستماتیکی ئۆنلاین دەبن کە ناوبانگ و کەرامەتیان دەکەنە ئامانج، بە ئامانجی ناچارکردنیان بۆ کشانەوە لە کایەی گشتی یان کەمکردنەوەی ڕۆڵیان، هەروەها بەشداریکردن لەگەڵ ئەم بڵاوکراوانەدا، تەنانەت بۆ گفتوگۆکردن یان بەرگریکردن، لە ڕاستیدا بەشدارە لە زیادبوونی بڵاوبوونەوەیان، چونکە سیستمی ئەم کارلێکە وەک بەڵگەیەک بۆ گرنگی ناوەڕۆکەکە لێکدەدەنەوە.

 

شام نەفاع ئاماژە بە ڕووداوەکانی سوەیدا دەکات کە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ ڕوویدا، هەروەها زۆرێک لەو ژنانەی کە قسەیان کردووە یان پێشێلکارییان بەڵگەدار کردووە، ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و هەڕاسانکردن و هەڕەشەی ئۆنلاین بوون لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنیان و دوورخستنەوەیان لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان، بەڵام ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە سوەیدا بەشدار بووە لە پاڵپشتیکردنی ژنان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو هەڵمەتانە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەریان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە تەنها بە نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ژناندا سنووردار نییە دوای ئەوەی هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵکو پێویستی بە ژینگەیەکی ئۆنلاینێکی پارێزراو و پاڵپشت هەیە کە ژنان بتوانن بە ئازادی ڕۆڵیان بە بێ ترس لە هەڵمەتی ناوزڕاندن یان قسەی ڕق لێبوونەوە ئەنجام بدەن.

 

لە قسەکردن لەسەر چارەسەرە ئەگەرییەکان، شام نەفاع داوای پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی سیستم دەکات، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک و کاریگەرییەکانی لە پێشینە بن پێش هەڵسەنگاندنی گەیشتنەکەی، هەروەها بانگەشە بۆ چاودێری و لێپرسینەوەی توندتر لە کۆمپانیاکان دەکات کە خاوەنی پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیان بۆ دڵنیابوون لە ڕوون و پاراستنی بەکارهێنەران.

 

زیاتر جەختی لەسەر گرنگی میدیا و خوێندەواری دیجیتاڵی کردەوە، بە گرنگترین ئامرازی پاراستنی بەکارهێنەرانی لە کەوتنە زیانبەرکەوتووی قسەی ڕقاوی یان بەشداریکردنی بەبێ مەبەست لە بڵاوبوونەوەی، هەروەها هۆشیاریی بەکارهێنەران لە سروشت و ئامانجە ورووژێنەرەکانی ئەم جۆرە پۆستانە یارمەتیان دەدات کاردانەوەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و دوور بکەونەوە لە ڕاکێشان بۆ ناو ناوەڕۆکێک کە توڕەیی یان توندوتیژی هان دەدات.

 

لە کۆتای قسەکانیدا شام نەفاع، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیست وتی: هۆشیارکردنەوەو پاڵپشتیکردنی ناوەڕۆکی واتادار و ئارام وەک گرنگترین چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قسەی ڕقاوی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە رۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە.