زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ئێڤین مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت
مەهواش سەیدال، زیندانی سیاسی و خاوەنی دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی، مانی لە خواردن گرت بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر لێدانی لەلایەن ئەفسەرەکانەوە، پشتگوێخستنی سکاڵاکەی، بێبەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی لە زیندانی ئێڤین.

ناوەندی هەواڵ
مەهواش سەیدال "سایە"، زیندانی سیاسی کە لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگیراوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکچوونی باری تەندروستی و ئەو پێشێلکاریانەی کە تووشی دەبێت، دەستی بە مانگرتن لە خواردن و مانگرتنی دەرمان کردووە.
ڕۆژی ١٠ی ئادار، لقی ٣ی داواکاری گشتی زیندانی ئێڤین، دوای کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، مەهواش سەیدال، بەندکراوی سیاسی کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بە "لەناوبردنی موڵک" و "تێکدانی ئاسایشی گشتی" تۆمەتبار کرد.
مەهواش سەیدال لە ٣ی شوبات بە مۆڵەتی پشوو نێردرابوو، پاش ئەوەی چوو بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ئێڤین، ڕایگەیاند کە لەلایەن ئەفسەرانی ئاسایشەوە لێیدراوە و سوکایەتی پێکراوە بەهۆی ئەوەی باڵابۆش نیە. هەروەها نووسیویەتی داواکاری گشتی ڕەتیکردۆتەوە سکاڵا لەسەر ئەو جۆرە توندوتیژیانە تۆمار بکات.
هێزەکانی ئاسایش لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانی دیکە، مەهواش سەیدالیان دەستگیرکرد. ئەو ژنە بە کەفالەت ئازاد کرا، دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستگیرکرایەوە.
لە یەکێک لە کەیسەکاندا دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ" سزای یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، غەرامەکردنی ١٥ ملیۆن تمەنی سەپاند بەسەردا. دوابەدوای بڕیارێکی نوێ لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا، ئەم حوکمە هەڵپەسێردراوە گۆڕدرا بۆ سزای تاوانکاری. لە کەیسێکی دیکەدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران سزای دوو ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ٥٦ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.
دوایین مانگرتنی لە چوارچێوەی زنجیرەیەک فشاری دادوەری و ئاسایش لە دژی چالاکوانی مەدەنی و سیاسی دێت، کە چەندین جار مافی یاسایی زیندانیان پێشێل کردووە و قەیرانی مرۆیی لە زیندانەکانی ئێراندا دروست کردووە.