زیندانییکراوێکی کورد هەشت ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن

لە چوارچێوەی چەوساندنەوەی ژنانی کورد بە مەبەستی سەرکوتکردنی دەنگیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ژنێکی کوردی خەڵکی سنە ماوەی هەشت ڕۆژە زیندانی کراوە و دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران، لەبارەی مانگرتنی عەزیزە مورادیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، عەزیزە مورادیان خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی مەریوانە، لە زیندانی سنە ماوەی هەشت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ژنە زیندانییە نەخۆشی هەرس و ئازاری گەدەی هەیە، سەرەڕای خراپی تەندرووستیی لەوەتەی دەستگیر کراوە لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە، بەڵام تا ئێستا لەبارەی دۆزەکەی و پڕۆسەی دادگاییکردەن و سزاکەیەوە هیچ زانیارییەک نەخراوەتە ڕوو.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ١ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، عەزیزە مورادیان تەمەن ٥٠ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی لە مەریوان، بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا، هەروەها هێزەکانی ئیتڵاعات سەرەڕای دەستگیرکردنی، بە تەواوەتی پشکنینیان بۆ شوێنی کارەکەی ناوبراویان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە کەرەستەکانی دەستی بەسەردا گیراوە.