زیندانیکردن لە ئێراندا پرۆسەیەکی هێواشی تێکچوونی مرۆڤە کە تەنانەت دوای ئازادکردنیش بەردەوامە
گێڕانەوەی پارێزەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەری دەخات کە دۆخی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا زۆر سەختە؛ چونکە ئازار و شوێنەوارەکانی دەستگیرکردن، ئەشکەنجە، و هەڕەشە لە خێزانەکانیان، تەنیا لەناو زینداندا نامێنێتەوە بەڵکو دوای ئازادبوانیشیان بەردەوام دەبێت.
پرشنگ دولتیاری
ناوەندی هەواڵ-لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکان، شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە ناڕەزایەتییەکان و بەردەوامی دۆخی ئەمنی لە بەشێک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گێڕانەوە پەرشوبڵاوەکان بەڵام بەردەوامەکان لە ناو زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنەوە دزەیان پێکردووە، ئەم گێڕانەوەیانە لە ژمارە فەرمییەکان و داتاکاندا دەرناکەون، بەڵکو لە زمانی جەستە و دڵەڕاوکێ و بێدەنگی و هێواش تێکچوونی تاکەکاندا بەرجەستە دەبن.
هەرچەندە ئەم ڕاپۆرتانە هەندێک جار ڕەتدەکرێنەوە یان بێ وەڵام دەمێننەوە، بەڵام ئەزموونە ژیاوەکانی خێزانی دەستبەسەرکراوان و پارێزەران و زیندانییە ئازادکراوەکان ئاماژە بە ڕاستییەکی دووبارەبووەوە دەکەن: زیندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها کەشی جەستەی و داخراو نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمێکی فشاری فراوانتر کە لە ساتەوەختی دەستبەسەرکردنەوە دەست پێدەکات و کاریگەرییەکانی بۆ ساڵانێک دوای ئازادکردنیان بەردەوامە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەو پارێزەرانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان دەکەن، بوونەتە مێژوونووسی نافەرمی ئەم ئەزموونانە، ئەوان مامەڵە لەگەڵ ڕاپۆرتە فەرمییەکان ناکەن، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ تاکەکان دەکەن کە لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئیتر هەمان ئەو کەسانە نین کە ڕۆژێک بوون.
هەواهیدانی پارێزەر ”م.ر،” خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نەیتوانی ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات لە پێناو پارێزراوی خۆیدا، ڕەنگدانەوەی لایەنێکی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، ئەویش هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی لە یەکتربڕینی یاسا و دەسەڵات و ئەزموونی مرۆڤدا چی ڕوودەدات.
پارێزەر ”م.ر” بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە، کە زیندان لە بەڵگەنامەکاندا نەبینیوە، بەڵکو "لە مێشک و جەستەی بریاکارەکاندا"، هەروەها ئەوەی لەبارەی زیندانەکانی ئێرانەوە دەیزانێت، لە جەستەی ماندوو و مێشکی شکاوی ئەو کەسانەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوای ئازادکردنیان گەڕاونەتەوە بۆیان، ئەو کەسانەی کە بە وتەی ئەو "هەرگیز نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی پێشوویان، چونکە ئەزموونی زیندان بووەتە دەوڵەتێکی هەمیشەیی بۆیان".
ئاماژەی بەوەشکرد، زیندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها شوێنی دەستبەسەرکردن نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی "کەمبوونەوەی هێواشی مرۆڤ"ە، کە لە ساتەوەختی دەستبەسەرکردنەوە دەستپێدەکات و تەنانەت دوای ئازادیش بەردەوام دەبێت، وەک ئەوەی زیندانەکە دیوارەکانی تێپەڕاندبێت و چووبێتە ناو ژیان و جەستە و ڕۆحی دەستبەسەرکراوەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانێکە، لە کاتی شەپۆلە جیاوازەکانی دەستگیرکردنی چالاکوانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامەڵەم لەگەڵ ئەو حاڵەتانەدا کردووە کە لە دەرەوە جیاواز لە یەکتر دەردەکەون، بەڵام کاتێک بریکارەکا لەبەردەمم دادەنیشن و دەست دەکەن بە قسەکردن، هەست دەکەم وەک ئەوەی هەموو گێڕانەوەکان لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆتایی دێت: بێدەنگییەکی درێژخایەن، وەستانێکی قورس، نیگایەک کە هێشتا لە شوێنێکی دیکەدا گیر بووە، دەردەکەوێت کە لە ناو ئەو خانانە ماونەتەوە.
دووپاتی کردەوە، کە ڕاستەوخۆ قسە ناکەن، ڕستەکان بە تەواونەکراوی بەجێدەهێڵن، وەک ئەوەی هێشتا دڵنیا نەبن کە ئایا قسەکردن پارێزراوە یان نا، هەندێکیان تەنانەت سەیری چاوم ناکەن، نەک لەبەر نەبوونی متمانەیەکی سادە، بەڵکو بەهۆی ترسێکەوە کە لە قووڵایی ناویاندا جێگیر بووە و ناڕوات، هەر جارێک گوێ لەم چیرۆکانە دەگرم، باوەڕم پێدەگات کە بۆ زۆر کەس، زیندان هەرگیز بەڕاستی کۆتایی نایەت، تەنها شێوازی دەگۆڕێت، دیوارەکان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ناو دەروون و ژیانی ڕۆژانەوە، لەوێ نیشتەجێ دەبێت”.
جەستەیەکی بێ ناسنامە
پارێزەر ”م.ر.” ڕوونی دەکاتەوە، کە لە نێو ئەم حاڵەتانەدا، ئەو حاڵەتانەش هەبوون کە بە ئازادکردن کۆتایی نەهاتبوو، وتی: بریکارم هەبوو کە ڕاستەوخۆ لە دەستبەسەرکردنەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان، هەرگیز نەگەڕاونەتەوە، لەم جۆرە حاڵەتانەدا کارەساتەکە تەنها لەدەستدانی کەسێک نییە، بەڵکو ئەو بێدەنگییەی کە بەدوایدا دێت، بێدەنگییەکی قورس کە تەنها بەهۆی فرمێسک و چاوەڕوانی خێزانەکانەوە دەشکێت، نەک لەلایەن سیستەمەوە.
پارێزەرەکە چیرۆکی یەکێک لە بریکارەکانی دەگێڕێتەوە کە گەنجێکی تەمەنی سەرەتای بیستەکانە، کە لەکاتی پێناسەکردنی دەستگیرکردنەکەیدا پێی وتووە کە هەموو شتێک لەو ساتەوە دەستیپێکردووە کە لە شەقامەکەدا وەستاون، هەروەها ئەو ساتەی چاویان بەستەوە، جیهان بەسەریدا داخرا، چیتر نەیدەتوانی دەنگ و ئاراستە و ڕێگاکە جیابکاتەوە، تەنها لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر پاڵیان پێدەدرا و کەس ناوی نەدەهێنا، وەک ئەوەی ناسنامەکەی لەدەستدابێت و بووبێتە جەستەیەکی بێناو.
وتیشی: لەوێ پێی وتم ئەگەر بگەڕێمەوە، ئیتر هەمان کەس نابم. بە سۆزەوە نەیوت، بەڵکو بە دڵنیایەکی ساردەوە، وەک ئەوەی لەو ساتەوەختەوە ماتەمینی بۆ خۆی بگێڕێت... زۆرجار وەک پارێزەرێک ئەو بڕوایەم بۆ دێت کە ئامانج لە زۆرێک لەم دەستگیرکردنانەدا تەنها دەستبەسەرکردنی کەسەکە نییە، بەڵکو لێسەندنەوەی هەستی کۆنترۆڵکردنی جیهانە، کە شکاندنی ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ هێشتا هەست بە مرۆڤ بوون دەکات.
شەوانی لێپرسینەوە کە هەرگیز کۆتایی نەدەهات
یەکێک لە بریکارەکانی پارێزەرەکە کە چەند مانگێک لە دەستبەسەریدا بوو، بە پێکەنینێکی کورت و بێدەنگ دەستی بە گێڕانەوەکەی کرد، کە پێکەنینەکەی زیاتر کاردانەوەی جەستەیی بوو نەک هەستێکی ڕاستەقینە.،پاشان وتی: هەمیشە شەوانە دەهاتن، هەرگیز نەیدەزانی شەو کەی کۆتایی دێت، جەستەی نەیدەتوانی بمێنێتەوە، بەڵام ناچار بوو بۆ چەند کاتژمێرێک لە هەمان دۆخدا بمێنێتەوە، چونکە ئەگەر بکەوێت، جارێکی دیکە دەیکێشنە سەرەوە و درێژە بە لێپرسینەوەکە دەدەن.
پێی وتووە: هەندێکجار پێم وابوو ئەگەر کەوتم کۆتایی دێت، بەڵام نەیاندەهێشت کۆتایی بێت، نەک بۆ ئەوەی بە زیندووی بمێنمەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئازار بچێژن و بشکێنم، وەستا و شتێکی وت کە بوو بە وێنەیەکی هەمیشەیی بۆ من: لەوێ، خەوتن تاوان بوو، چونکە لەسەر ئەوە ئەشکەنجەیان دەدام، هەندێکجار بەبێ هیچ پرسیارێک، چەند ڕۆژێک بەجێیان دەهێشتم، لە حاڵەتێکی نادڵنیاییدا مابوومەوە.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئامانج تەنها دەرهێنانی دانپێدانان نییە، بەڵکو بە هێواشی مرۆڤێک ماندوو بکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەبێت دان بە هەر شتێکدا بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە فشارەکە، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش نەبێت.
هەڕەشەکردن لە خێزانەکە لە هەر دەستدرێژییەکی جەستەیی خراپترە
پارێزەر ”م.ر.” باسی لەوە کرد، یەکێک لە باسە هەرە خەمناکەکان لە ژنێکی بەتەمەنەوە هاتووە کە کاتێک دەستی بە قسەکردن کردووە، دەمی وشک بووە و بەزەحمەت دەیتوانی یەک وشە بڵێت، دەستەکانی بە توندی گرتبوو و بەردەوام پەنجەکانی بەیەکەوە دەگرت.
ژنەکە بە پارێزەرەکەی وتووە کە لێکۆڵەران پێیان وتووە ئەگەر هاوکاری نەکات دایکیشی دەهێننە ژوورەوە، نەیدەزانی هەڕەشەکە ڕاستەقینە یان نا، بەڵام ئەو ڕستەیە بە تەنها بەس بوو بۆ ئەوەی بیشکێنێت، هەروەها چیتر من ئەو کەسە نەبووم کە بڕیارەکان دەدا، ئەوە ترسی من بوو لە ژێر قورسایی دانپێدانانێکی زۆرەملێدا کە بڕیارمدا، پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەدا، کە لەو ساتەوە زیندانییەکە وەڵامی هەموو پرسیارێکی دەدایەوە و هەموو کاغەزێکی واژۆ کرد، تەنها بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە لە مێشکیدا ڕابگرێت، وتی: ئەوە بوو تێگەیشتم کە ئەشکەنجەدان هەمیشە ئازاری جەستەیی نییە، بەڵکو هەندێکجار تەنها یەک ڕستەیە.
زیندانی تاکەکەسی و سڕینەوەی کات
بریکارێکی دیکە کە بەرگەی سێ مانگ زیندانی تاکەکەسی گرتووە، بۆی ڕوون کردەوە، کە کێشەی سەرەکی ئەو ئازار و ترسی سەرەتایی نییە، بەڵکو نەمانی تەواوەتی کات بووە، وتی: هیچ نەگۆڕاوە، بەڵکو هەمان دیوارەکان، هەمان ڕووناکی، هەمان دەنگەکان و ئەم دووبارەبوونەوەیە بێکۆتایە وردە وردە مێشکی هەڵوەشاندمەوە، نەمدەزانی بەئاگام یان خەوتووم، هەندێکجار پێم وابوو ڕۆژەکان تێپەڕیون، دواتر تێگەیشتم هەفتەیە.
دوای ئازادکردنی، بەردەوام بوو لە تووشبوون بە کەمخەوییەکی توند، هەروەها شەوانە کە بێدەنگ دەبێت، جەستەم دەست دەکات بە لەرزین، وەک ئەوەی هێشتا لەوێ بم.
زیندانیکردنی تاکەکەسی تەنها گۆشەگیری جەستەیی نییە، بەڵکو سڕینەوەی تێگەیشتن لە کاتە، کاتێک کات نامێنێت، عەقڵ، بۆ ئەوەی بتوانێت بژی، دەست دەکات بە دروستکردنی ڕاستیەکی شێواو و پارچەپارچە.
نەخۆشی وەک شێوازێکی بێدەنگی فشار
نزیکەی هەموو بریکارەکانی پارێزەر ”م.ر.” باسیان لە بارودۆخی تەندروستی ترسناک کرد، یەکێکیان دەیوت باڵەکە ئەوەندە قەرەباڵغ و خنکێنەر بووە کە شوێنی هەناسەدان نەبووە، هەواکەش ئەوەندە قورس بووە هەمووان نەخۆش دەکەون بەبێ ئەوەی کەس گرنگیان پێبدات، یەکێکی دیکەش وتی: هەندێک لە زیندانییەکان کۆنترۆڵی جەستەیان لەدەستداوە و بۆنی ناخۆش هەموو شوێنەکەی گرتووەتەوە، بریکارێکی دیکە باسی ئاوەکەی کرد کە بۆنێکی سەیری هەبووە و تووشی ئازاری بەردەوامی کردووە، کاتێک ئەم گێڕانەوەیانە پێکەوە دەبەستم، دەگەم بە یەک وێنە: ژینگەیەک کە نەخۆشی بووەتە بەشێک لە خودی پێکهاتەی زیندانەکە.
لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەم ئاستە لە بێبەشی پزیشکی دەبێتە شێوازێکی بێدەنگی فشار، فشارێک کە جەستە ماندوو دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە توندوتیژی جەستەیی هەبێت.
یەکێک لە بریکرەکانی کە تووشی ئازاری ددان بووە، وتی: ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی چارەسەری کردووە، دواجار کاتێک چارەسەری وەرگرتووە، هەوکردنەکە بۆ دەموچاو و پووکەکانی بڵاوبووەتەوە، هەرگیز ڕستەیەک لەبیر ناکەم کە ئەم بریکورەم وتوویەتی، چونکە بۆ من واتای قووڵتری هەیە: زیندان تەنها ئازار دروست ناکات، بەڵکو هەستێکی بێ بەها دروست دەکات، هەستێک کە تەنانەت دوای ئازادیش دەمێنێتەوە.
نزیکەی هەموو ئەوانەی ئەزموونی زیندانی تاکەکەسییان کردووە دەگەنە خاڵێکی هاوبەش، یەکێکیان وتی قسەی لەگەڵ دیوارەکەدا کردووە، یەکێکی دیکەش وتیان چیتر نازانم کە ئایا هێشتا مرۆڤە یان نا، یەکێکی دیکەش ئەو سزایانەی بیرهێنایەوە کە لە منداڵیدا بەرگەی گرتووە، ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ داڕمانی سنووری ناسنامەی مرۆڤ.
لە زۆربەی بریکارەکانیدا، پارێزەر ”م.ر.” تێبینی ئەوەی کردووە، کە شتێک تەنانەت دوای ئازادکردنیان کۆتایی نایەت، دەنگی دەرگایەک کە جەستەیان بەستووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە دڵەڕاوکێی دەوروژێنێت، تێکچوونی خەو، بوون لە نێو خەڵکدا کە بەرگە نەگیراون و ترسی دووبارە دەستگیرکردنەوە هەمیشە ئامادەیە، هەروەها کەسێک پێی وتم: من لە زیندان دەرچووم، بەڵام جەستەم هێشتا لەوێیە، ئەشکەنجە دەدرێت، بە بڕوای من، ئازادی لەم حاڵەتانەدا تەنها پێگەیەکی یاساییە، نەک دۆخێکی دەروونی، جەستە ئازاد دەبێت، بەڵام عەقڵ لەناو هەمان پێکهاتەدا بە زیندانی دەمێنێتەوە.