زیندانی قەرچەک؛ ڕووخساری ترسناکی سیاسەتی سەرکوتکەرانە دژی ژنان

تەنها لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دوو ژنە زیندانی لە زیندانی قەرچەکی ئێران، لە هەلومەرجێکی پڕ لە نهێنی و ترسناکدا گیانیان لە دەستدا، ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنانی زیندانی ڕۆژانە تووشی ئەشکەنجەی سیستماتیک دەبن.

بێریڤان ئیناتجی

 

زیندانی قەرچەک کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، یەکێک لە بەدناوترین زیندانەکانی ژنانی ئێران، کە ژنانی زیندانی سیاسی، چالاکوانان و ناڕازییان لە بارودۆخێکی سەختدا ڕاگیراون، زیندانی قەرچەک ساڵانێکە بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بووەتە جێی سەرنجی میدیاکان، بە گیانلەدەستدانی ئەم دواییە لەوێ سەرنجی گشتی بۆ خۆی وەرگرتەوە.

 

کوشتنی بێدەنگ: شێوازێکی تری لەسێدارەدان

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سومەیە ڕەشیدی زیندانی سیاسی دوای ڕەتکردنەوەی چارەسەری پزیشکی کەوتە چاودێری چڕەوە و دوای ١١ ڕۆژ گیانی لەدەستدا، پێشتریش زیندانیەکی دیکە بە ناوی سووابە ئەسەدی کە بە تۆمەتی دارای لە زیندانی قەرچەک لە شاری ورامین ڕاگیرابوو و تووشی نەخۆشی درێژخایەن بوو، لە ١٥ی ئەیلوولدا گیانی لەدەستدا، کە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە، ئەم مردنانە ئەوە دەردەخەن کە ڕەتکردنەوەی سیستماتیکی مافی چارەسەری پزیشکی بووەتە جۆرێک لە لەسێدارەدانی بێدەنگ.

 

ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"

سەرکوتی ڕژێمی ئێران بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و بە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ئێراندا بڵاو بووەوە، توندتر بوو، ئەم شؤڕشە بووە هۆی ئەوەی ڕژێم هێرشەکانی بۆ سەر ژنان و هاوڵاتیان پەرەپێبدات، لە کاتێکدا، چەندەها کەس لە شەقامەکاندا دروشمی ئازادییان دەوتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ئەو دروشمانە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا، کە زیندانەکان پڕ بوون و ژنان و گەنجان بە شێوەیەکی سیستماتیکی کرانە ئامانج، وە زیندانی قەرچەک بوو بە هێمایەکی ڕوونی ئەو سیاسەتانە.

 

گۆشەگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ژنانی زیندانی

هەروەها ژنانی زیندانی ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و توندوتیژی و گۆشەگیری دەبنەوە، کە مافی سەردانکردن و پەیوەندی تەلەفۆنی و پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیان بێبەش دەکرێن، چونکە زۆرێک لە ژنان ناچارن لە ژێر فشار و هەڕەشەی پاسەوانەکاندا بژین و ڕەتکردنەوەی چاودێری تەندروستی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مافی ژیانیان دەبێت.

 

ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر زیندانی قەرچەک بڵاوکردۆتەوە، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافی مرۆڤ بارودۆخی زیندانەکەیان بە "نامرۆڤانە" و "ڕسواکردن" پێناسەکردووە، سەرەڕای ئەم بانگەوازانە، ڕژێمی ئێران لە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی پاشەکشەی نەکردووە، لە ڕوانگەی ڕژێمەوە قەرچەک تەنها زیندان نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە گەشەکردندایە، بە سەرۆکایەتی ژنان.

 

شۆڕش بەردەوامە... هاوار بۆ ئازادی لە زیندانەکاندا دەنگ دەداتەوە

ژنانی زیندانی لە زیندانی قەرچەک بەرەنگاری هەموو جۆرە ستەم و ئەشکەنجە و توندوتیژییەک دەبنەوە کە دەوڵەتی پیاوسالاری ئەنجامی دەدات، ئەو دەنگەی ئەمڕۆ دەبیسترێت تەنها دەنگی سومەیە ڕەشیدی نییە، بەڵکو دەنگی هەموو ژنانی زیندانیەکانی دیکەیە، ئەم دەنگە ئەوە دەردەخات کە داواکاری ئازادی لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شەقامەکاندا بەرزکرایەوە لە پشت دیوارەکانی زیندانیشەوە بەردەوامە.

 

ڕژێمی ئێران پێی وایە بە زیادکردنی سەرکوت دەتوانێت کۆمەڵگە بێدەنگ بکات، بەڵام هەر مردنێک و هەر بەرخۆدانێک لە قەرچەکدا جارێکی تر بیرمان دەخاتەوە کە دەنگی ئازادی چەند بەهێزە.

 

لە ژێر سیستەمێکی پیاوسالاریدا، کە ئازادی ژنان بەرتەسک دەکاتەوە و ژیانیان لێ زەوت دەکات و لە زینداندا ڕووبەڕووی مەرگیان دەکاتەوە، خەباتی بەکۆمەڵی ژنان بووەتە پێویستیەک، بۆیە دەبێت ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لە خۆیان بپرسن: لە زیندانەکاندا، کە بوونەتە ژووری ئەشکەنجەدان چی ڕوودەدات؟.