زیندانی نەخۆش بەسرا ئەرۆل ئازاد کرا

زیندانیکراوی نەخۆش بەسرا ئەرۆڵی تەمەن ٦٦ ساڵ کە ئازادکردنی دواخرابوو، لە زیندانی خارپێت ئازادکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەسرا ئەرۆڵی تەمەن ٦٦ ساڵ، لە ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٩ بەهۆی قسەکردن لەسەر گۆڕی ئەڤریم دەنیزی کوڕی کە ٢٠ـی تەمووزی ٢٠١٥ لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا لە هێرشی داعشدا شەهیدبوو، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" سزای ٧ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

 

زیندانیکراوی نەخۆش بەسرا ئەرۆڵ لە زیندانی خارپێت ڕادەگیرا، دەبوو لە ٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئازاد بکرایە، بەڵام بە پاساوی "سزای دیسپلین" لەلایەن لیژنەی کارگێڕیی و چاودێریی زیندانەوە بۆ ساڵێک ئازادکردنی دواخرا.

 

دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دەستەی کارگێڕی و چاودێری، دوای مانگێک بڕیارەکە هەڵوەشایەوە. بەڵام دەستەی کارگێڕی بە بڕیارێکی نوێ، ئازادکردنی بەسرا ئەرۆڵی بۆ ٦ مانگی دیکە دواخست. دوای ٦ مانگ، دەستەی کارگێڕی ئازادکردنی بۆ ٦ مانگی دیکە دواخست.

 

ئەمڕۆ بەسرا ئەرۆڵ دیسانەوە چووە لای لیژنەکە و ئەمجارە ئازادکرا.

 

بەسرا ئەرۆڵ لەبەردەم زیندان لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پێشوازیی لێ کرا و بەرەو زێدی خۆی لە مووش کەوتەڕێ.