"زیاتر لە ٨٨ هەزار حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی لەماوەی دەسەڵاتی تاڵیبان تۆمار کراوە"

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایان کردووە، لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست زیاتر لە ٨٨ هەزارو ٤٥٥ حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١ کۆنترۆڵی کابوڵی پایتەخت و شارە گەورەکانی ئەفغانستانی کرد، زیاتر لە ٥٠ یاسای توندی دژ بە ژنان دەرکردو ئازادییەکانی جوڵە و گەشتکردن، مافی کارکردن، خوێندن و دەستگەیشتنیان بە بواری کۆمەڵایەتی سنووردار کردووەو بارودۆخی ژیان لە ئەفغانستان زۆر سەخت بووە بەتایبەتی بۆ ژنان، ئەمەش وای لە چالاکوانانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ کرد داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن گرنگی بە بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان بدەن.

 

لاپەڕەی چالاکوانانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤی ئەفغانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی شوبات ڕاپۆرتێکی ٤٧ لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتووەتەوە دەست، زیاتر لە ٨٨ هەزارو ٤٥٥ حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی دوو ساڵ و ٦ مانگی ڕابردوودا  ١٤ هەزارو ٨١٢  حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر منداڵان تۆمارکراوە و بەلایەنی کەمەوە ٧٠  هەزار کەس بێسەروشوێنن.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو ملیۆن و ٩٠٧ کەس، ئەندامانی تاڵیبان ژمارەیەک ژنیان دەستگیرکردووە یان گواستویاننەوە بۆ شوێنی نەناسراو.

 

بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیگەران کردووە تا ئەو ئاستەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا داوایان کردووە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەپەلە سەرنج بدەنە بارودۆخی ترسناکی ژنان لە ئەفغانستان.