رژاک داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و دەستگیرکراوانی دیکە دەکات
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و دەستگیرکراوانی دیکە دەکات، کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
ناوەندی هەواڵ
بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی رێپێوانێک بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگریی لە ئەنجامدانی رێپێوانەکە کرا.
بەپێی زانیارییەکان، هەریەکە لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون و تائێستاش ئازاد نەکراون.
لەوبارەیەوە رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و لە سەرەتا باسی لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات کردووە و رایگەیاندووە:
پیلانگێران بە بەدیلگرتنی رێبەر ئۆجەلان ویستیان ئیرادەی رادەست بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو بە سمبولی بەرخۆدان و دروستکردنی سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیموکراتی بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوەژیان، بزووتنەوەی ئازادیش بە فیکر و رامانی رێبەر ئۆجەلان رۆژ لە دوای رۆژ لە گەورە بوون و بەرفراواندا دەبێت و لە ھەموو جیھان بڵاوببێتەوە.
ئەوەش هاتووە:
ئەمڕۆ لە باکوور و رۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی جیھان ئازادیخوازان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی و بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئۆجەلان لە شەقامن، ھەر ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێریی نێودەوڵەتی ئادیخوازان و ھاولاتیان چوونە سەر شەقام، بەڵام لەلایەن ئاسایش و دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە و لەسەر داوای میتی تورکیا دەستگیردەکرێن و دەخرێنە زیندان.
رژاک دەڵێت: ئەم ھەڵوێستەی ئاسایش شەرمەزار دەکەین و داوا دەکەین ھەرچی زووە ئازادیخوازان ئازاد بکرێن.