زیاتر لە ٧٠ ڕێکخراو لە ئەوروپا داوای خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن
لە ئەوروپا زیاتر لە ٧٠ ڕێکخراو و دامەزراوە، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوایان شەرمەزار کرد و داوایان لە هەموو هێزە دیموکراسی و ئازادیخوازەکان کرد، لە تەنیشت ڕۆژئاوا بووەستن و یەکگرتنی نێودەوڵەتی پتەوتر بکەن و دەنگی خۆیان لە دژی ئەو هێرشانە بەرز بکەنەوە.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ٧٠ ڕێکخراو و دامەزراوەی ئەوروپا، دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتەی داگیرکەری تورکەوە، لەوانە عەلەوی، ئێزدی، کۆچبەر، سۆسیالیست، ژن و لایەنگرانی ئاشتی، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە بەم شێوەیەیە:
“سوپای سووریا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە داعش و گرووپە جیهادییە هاوشێوەکانی پێکهاتووە، لە ٦ـی کانونی دووەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا دەستپێکردووە، ئەو هێزانە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکانی پێشتر، هێرشێکی بەرفراوان کە لە حەلەبەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژئاوا دەستپێکردوە.
ئەم هێرشانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە خەڵکی سڤیل و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، ژنانی کورد بە دیل گیراون و شەڕڤانانی قەسەدە بە شێوەیەک دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت، ئەم هێرشانە نەک هەر وەک کردەوەی سەربازی، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ لەناوبردنی سیستەم، گەل و بەتایبەتی ژنانی ڕۆژئاوا سەیر دەکرێن.
ساڵانێکە ئەم گرووپە جیهادییانە نەک هەر کورد، بەڵکو هێرشیان کردووەتە سەر عەلەوی و دروز و مەسیحی و موسڵمانانی عەلمانی لە سووریا، هەموو ئەو گەلانەیان کردۆتە ئامانج کە بەهۆی باوەڕ و شێوازی ژیانیانەوە قبوڵیان نەکردون، وڵاتیان خستوەتە ناو تاریکییەکی گەورەوە.
گەلی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ژنانی کورد بەرخۆدانێکی گەورەیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، هەم بوونی خۆیان و هەم بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتییان پاراستووە و هەم داعشیان لە ناوچەکەدا تێکشکاندووە، ئەمڕۆ ئەو گرووپە جیهادییانەی پەیکەری ژنی ئازادیان تێکشکاند، کە هێمای ئەو بەرخۆدانە بوو، بەهەمان شێوە دەستیان بەسەر زیندانەکانی داعشدا گرتووە کە لەژێر دەستی هێزەکانی قەسەدەدابوون و هەزاران چەتەی داعشیان ئازاد کرد، ئەم دۆخە نەک هەر ڕۆژئاوا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان، ئێستا ئەم گروپانە ئامانجیان ئەوەیە ناوچەکە بخەنە ناو ئاژاوەگێڕییەوە بە گرتنی کامپی هۆڵ کە نزیکەی ٥٠ هەزار چەتەی داعش و خێزانەکانیان تێیدان.
لە پشت ئەم هێرشانەوە هاوپەیمانییەکی کۆنەپەرستانە هەیە کە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، ئیسرائیل و تورکیا لەخۆدەگرێت، ئەم هێزانە دەیانەوێت ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕێکبخەنەوە و ئەو سیستەمە دەکەنە ئامانج کە لە ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی ژنان و ژیانی دیموکراتیک پەرەدەستێنێت، بوونی ڕۆژئاوا نەک تەنیا بۆ گەلانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش گرنگە.
لە بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان کراوە، لە پاڵ ڕۆژئاوا بووەستن و هاودەنگیی نێودەوڵەتی پتەوتر بکەن و لە دژی ئەو هێرشانە دەنگیان بەرز بکەنەوە.
ئەو اڕێکخرانەی واژۆیانکردوە ڕایانگەیاند، کە بەرگری لە ڕۆژئاوا دەکەن و لە تەنیشت گەلی سووریا دەوەستن تا سووریایەکی دیموکراتیک دەدامەزرێت.”