زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان ڕایگەیاند، ٢٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، ڕۆژانە ڕادەی هەژاری لەم وڵاتەدا فراوانتر بوو و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار هۆشدارییان دا لە کارەساتێکی مرۆیی، سەرەڕای هۆشداری بەردەوامی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تاڵیبان نەک هەر پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری نەخستەڕوو، بەڵکو سیاسەتێکیشی گرتەبەر کە قەیران توندتر بووە.
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان "OCHA" دوێنێ ١٠ی تەمووز بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بێبەشکردنی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان، بە پەروەردە، کارکردن ، کات بەسەربردن، گەشتەوە، بە گشتی ٢٣.٧ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان کە ٩.٢ ملیۆنیان منداڵن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
نوسینگەکە بە ئاماژەدان بە پێگەی ژنانی ئەفغانی و بێبەشبوونیان لە هەموو بوارەکانی ژیان، ڕایگەیاند، لەگەڵ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی ژنان سنووردار کران، هەروەها ڕێگرییان لێکرا لە پراکتیزەکردنی کارەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتی و خزمەتگوزارییەکان.