مەغریب، سزای زیندان بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ زیاد دەکات

دوای ئەوەی سزایەکی سووک و ناشایستە لە دژی سێ تۆمەتبار بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک دەرکرا، کاردانەوەی توندی شەقامی مەغریبی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو هۆکارە دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەبەت سزای توندی لە دژی دەستدرێژکاران دەرکرد.

مەغریب

 

دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەبەت سزای زیندانیکردنی بۆ سێ تۆمەتبار لە دۆسیەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان زیادکرد، کەیسێک کە بەهۆی کەمکردنەوەی سزاکە لە قۆناغی یەکەمدا، مەغریب و دەرەوەی وڵاتی تووشی شۆک کردبوو.

 

دوێنێ پێنجشەممە، دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەبەت لە مەغریب، سزای قورسی زیندانی بەسەر سێ تۆمەتبار لە کەیسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٢ ساڵان دەرکرد.

 

دادگای تێهەڵچوونەوە سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر تۆمەتباری سەرەکیدا سەپاند، هەروەها دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش هەریەکەیان ١٠ ساڵ زیندانیکردن.

 

بەر لە دەرکردنی بڕیارەکە، دادگا لە دانیشتنێکی نهێنیدا گوێی لەو کچە گرت کە لە ئەنجامی تاوانی دەستدرێژی بەکۆمەڵ منداڵێکیبوو، لە وەڵامی داواکاریی نوێنەری داواکاری گشتیدا، ناوبراو ڕەوایەتی بە داواکارییەکەی دا کە دانیشتنەکە داخراوبێت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی پاراستنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و بە لەبەرچاوگرتنی جددیەتی کردەوە ئەنجامدراوەکان.

 

دوو هەفتە پێش ئێستا ژووری تاوانەکانی یەکەمی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەبەت حوکمی دوو ساڵ زیندانی بەسەر سێ کەسدا دەرکرد کە بە نۆرە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئەو منداڵەی کە هێشتا تەمەنی یازدە ساڵ نەبووە و لە ئەنجامدا ئەو منداڵە دووگیان بووە بە منداڵێک کە ئەمڕۆ تەمەنی یەک ساڵ و چوار مانگە، لە کاتێکدا تاقیکردنەوەی بۆماوەیی سەلماندی کە کوڕی یەکێکە لە سێ دەستدرێژیکارەکە.

 

ئەم کەمبوونەوەی سزایە کاردانەوەی توندی لە نێو بزووتنەوەکانی مافی ژنان بەجێهێشت، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییان سازکرد بۆ شەرمەزارکردنی ئەو سزا سووکانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسی سەر ژنان و کچان بەسەر تاوانباراندا دەدرێن، ئەو جۆرە سزایانەیان بە بەردەوامکردنی بێ سزایی لەبری دەستەبەرکردنی دادپەروەری تاوانکاری بۆ قوربانییەکە وەسفکرد.

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی مەغریب پێشتر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کەیسی جیاوازدا ڕەخنەیان لەو سزایانە گرتووە کە بە نەرم و نیان دادەنران بەرامبەر بەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.