زمانی کوردی؛ شوناسێکی گەل و گەشتێکی بەرخۆدان لە ستەمەوە بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان
مامۆستایان و خوێندکارانی کورد دەڵێن: زمان پایەیەکی بنچینەیی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتوورییە، هەروەها بوونی هەموو تاک و کۆمەڵگەیەک بە زمانەکەیەوە گرێدراوە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-لە ساڵی ١٩٩٩ ڕێکخراوی یونسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی فرەچەشنی کولتووری و یەکپارچەیی زمانەکان ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیان ڕاگەیاند، ئەم ڕۆژە لەلایەن یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافی مرۆڤ و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ئازادییەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لە دژایەتیکردنی ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ و نکۆڵی زمانی گەلان.
زمانی کوردی بۆ چەندین سەدە ڕووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە بووەتەوە، بەڵام کورد سەرەڕای هەموو سەختی و ئاڵەنگاریەکان، لە ڕێگەی شیعر و گۆرانییەوە زمانەکەی پاراستووە، کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ پێکهاتە سریانی و ئەرمەنییەکان تا ساڵی ٢٠١١ بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی بەعسەوە نەیانتوانی یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە. بەڵام لە دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە ئەم ڕۆژە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەدەچێت.
لە ماڵەوە بۆ زانکۆکان
ژیندا ئەحمێ یەکێکە لەو مامۆستایانەی کە ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی زمانی کوردی، گۆڕینی ماڵە کوردییەکان بۆ خوێندنگە بۆ ئەوەی لە ژێر فشاری ڕژێمی ئەسەددا فێربکرێن، هەروەها شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێکە بۆ پاراستنی مێژوو و کولتوور و زمانی دایک،لە سەرەتای شۆڕشدا، دایکانی کورد ماڵی خۆیان کردەوە بۆ ئاسانکاری ئەم هەنگاوە، سەرەڕای فشار و هێرشەکانی ڕژێمی بەعسی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئیرادەی گەلی کورد، لە ماڵەوە ڕوویان لە دامودەزگاکانی زمانی کوردی کرد، پاشان بۆ خوێندنگەکان، پاشان بۆ کۆنگرەکان و دواجار بۆ زانکۆکان.
تیشکی خستە سەر هەوڵی مامۆستایان کە لە یەک کاتدا مامۆستا و خوێندکار بوون لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی، باسی ئەو ساتانە و هەوڵەکانی ئەو مامۆستایانی کرد و وتی: بە مەبەستی بونیادنانی نەوەیەک بە هۆشیارییەکی پتەوی مێژوویی و کولتووری و ڕەوشتی، کەرەستە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی ئامادەکرا و مامۆستایانی تێدا ڕاهێنران، لە سەرەتای شۆڕشدا مامۆستایانیش خوێندکار بوون، لە ڕێگەی سیمینارەوە خولی پەروەردەییان لەسەر ئەو کەرەستانە وەرگرتبوو.
"ژنان باری بەڕێوەبردن و پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرت"
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە پەرەپێدانی زمانی دایکیدا، ژیندا ئەحمێ وتی: ژنان لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە پەرەپێدان و فێرکردنی زماندا هەبووە،نلە ماڵەوە منداڵەکانیان فێرکرد و بەرپرسیارێتی پەروەردەکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرت، ژنان لە کاتی ئەم شۆڕشەدا سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدانی بواری پەروەردە، چونکە ئەم بوارەیان خۆشدەوێت و لە ماڵەوە و لە کۆمەڵگەدا پراکتیزەی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا تووشی سەختییەکی بێئەندازە بوون، بەڵام سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا و داعش و ڕژێمی بەعس، سەرکەوتوو بوون لە ڕێکخستن و فێرکردنی سیستەمی پەروەردەیی خۆیان، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوای ئەوان، هیوای پێکهاتەکانیان، بونیادنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی و فێربوونی زمانی دایکییان بووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە خوێندنەوە بە زمانی دایکی سەرکەوتنە، ئەمەش لە سایەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان و خوێنی شەهیدان هاتەدی، ئەمڕۆ پەروەردە بە زمانی کوردی دابین دەکرێت، ڕۆژنامەگەری، نووسین، کاری زانستی، هونەر، دیپلۆماسی، سیاسەت، لێکۆڵینەوەی زانستی، و هەموو جۆرە چالاکیەکی هزری بە زمانی کوردی ڕۆژانە دەرفەتی نوێ دەڕەخسێنن، مرۆڤەکان دەبێ بزانن کە زمان تەنها شوناسێکی مرۆیی نییە، بەڵکو خودی بوون و گەشەسەندنی مرۆڤایەتییە، مێژووی زمانی دایکی لە ناسینەوە و تێگەیشتنەکەیەوە دەست پێدەکات، پاشان بە داهێنان و قسەکردن و نووسین بەردەوام دەبێت.
“زمانی دایکی ئێمە ناسنامە و شکۆمەنی ئێمەیە”
جوانە محەمەد، خوێندکار ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز ڕاگرت و وتی: ساڵانێکی زۆر سەرەڕای فشارەکانی ڕژێم، بە زمانی دایکی خۆمان دەخوێنین، وەک خوێندکار بەردەوام دەبین لە خوێندن بە زمانی دایک و پەرەی زیاتری پێدەدەین بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئازاد، دوای ئەوەی ڕژێمەکە کەوت، هەتەشە هێرشی کردە سەر ناوچەکانمان، نزیکەی مانگێک نەمانتوانی بچینە خوێندنگەکانمان، هەستێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە بۆ فێربوون و قسەکردن بە زمانەکەمان ئێمە لە ڕێگەی زمانەکەمانەوە بوونمان هەیە چونکە زمان ناسنامە و شکۆمەندی ئێمەیە.
بێریتان ئیسماعیل، خوێندکار وتی: مافی ئەوەم هەیە لەسەر زەوییەکە بژم و بە زمانی کوردی خۆم بخوێنم، بۆ ئێمە زۆر گرنگە مێژووی خۆمان بناسین، دوژمن چەندە هەوڵی لەناوبردنی ئێمە بدات، سەرکەوتوو نابن، چونکە لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشدا نەوەیەک بە زمان و مێژوو و کولتووری خۆی بونیاد نراوە.