بازرگانەکان ڕووبەڕووی فشاری وەبەرهێنەران دەبنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بکەن

جیهان ڕووبەڕووی کاریگەری گۆڕانە ژینگەییەکان دەبێتەوە، پڕۆژە بازرگانییەکان دەستڕاگەیشتن و لێهاتوویییان هەیە بۆئەوەی کاریگەری لەسەر ژینگە دروست بکەن، تا ناوەڕاستی مانگی شوبات زیاتر لە ٥٤٠ پێشنیار تۆمارکراوە کە بەشداری چارەسەری کێشە ژینگەییەکان بکەن

ناوەندی هەواڵ

 

جیهان ڕووبەڕووی کاریگەری گۆڕانە ژینگەییەکان دەبێتەوە، لە بەرامبەردا پڕۆژە بازرگانییەکان دەستڕاگەیشتن و سەرچاوە و لێهاتوویییان هەیە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی بەرجەستە لەسەر ژینگە دروست بکەن، هەر لەبەر ئەمەشە کە بازرگانی بەردەوام  و چالاکییەکانی کاریگەرترین ڕێگایە بۆ هاندانی گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان کە سوودی بۆ ژینگە دەبێت.

 

ئەمساڵ تا ناوەڕاستی مانگی شوبات زیاتر لە ٥٤٠ پێشنیار تۆمارکراوە و داوا لە کۆمپانیاکان کراوە کە بەشداری چارەسەری کێشە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن، بڕیارنامەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی چارەکێکی کۆی گشتی ئەمساڵیان پێکهێناوە و ژمارەکە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ١٢٪ زیادیکردووە.

 

وەبەرهێنەران کاردەکەن بۆ دەستنیشانکردنی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، و هەنگاوە چارەسەرییەکانیان سەبارەت بە کێشە ژینگەییەکان، ئەوان لە ڕێگەی پلان و بەرنامەکانیانەوە داوا لە کارگێڕان و دەستەی کۆمپانیاکان دەکەن ئامانج بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی دابنێن، پاشان ڕاپۆرت لەسەر پێشکەوتنەکانیان بدەن، وە دەیانەوێت بزانن کە چۆن بازرگانەکان پلانیان هەیە بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی پارە لە کاتێکدا پیشەسازییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی ژەهراوی.

 

 بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ساڵی ڕابردوو خاوەن پشکەکان ١١٠ پێشنیاریان کشاندەوە کە ژمارەیەکی زۆری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بوو، دوای ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامدا و ١٥ بڕیارنامەی دیکەی کەشوهەوا کە لە کۆمپانیا جیاوازەکاندا دەنگدانیان بۆکراوە و پشتگیری زۆرینەی خاوەن پشکەکانیان بەدەستهێناوە کە وەک پڕۆژە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە لە بەرژەوەندی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانە ژینگەییەکان.

 

زانایانی ژینگەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر گۆڕانە ژینگەییەکان دەکەن دەڵێن هەسارەکە لەسەر ڕێڕەوی گەرمبوونی کارەساتباردایە کە دەبێتە هۆی درووستبوونی کەشوهەوای توند و مەترسیدار، شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی و لافاو کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاد دەبن، لە ئێستاوە زیانی ئابووری قورس دەگەیەنن بە وڵاتانی جیهان و ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆیەوە دەمرن یاخود ناچاری جێهێشتنی ماڵەکانیان دەبن و ئاوارەدەبن.

 

دەتوانرێت بە کەمکردنەوەی خێرای دەردانی گازی ژەهراوی هەندێک لە کاریگەرییە خراپەکان کەمببێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە زیادبووندایە و  چالاکوانان دەڵێن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان کاری تەواو پێویست ئەنجامنادەن بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکان، سەرەڕای فشارەکانی وەبەرهێنەران کە لەسەر کۆمپانیاکان ئەنجامیدەدەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە ئامانجی کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان.

 

لە کاتێکدا ژمارەی بڕیارنامەکانی خاوەن پشکەکان کە گرنگییان بە گۆڕانی کەشوهەوا داوە لە زیادبووندایە، پشتگیرییەکان بە تێکڕا و ساڵی ڕابردوو دابەزیووە بۆ ئەوانەی کە چوونە دەنگدان لە کۆبوونەوە ساڵانەدا، تێکڕای پشتگیرییەکان بۆ نزیکەی ٪٣٢ دابەزیووە لە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکەی ٪٤٢ بووە.