ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکە بۆ نزیکەی ٤٤ هەزار کەس بەرز دەبێتەوە

هەرچەندە هیواکان کەمبوونەتەوە بەڵام هێشتا تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان دوای دە ڕۆژ لە کارەساتی بوومەلەرزەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ژمارەیەک شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان ڕزگاربووی نوێیان دۆزییەوە، لە کاتێکدا بوومەلەرزەیەکی نوێ هاتای گرتەوە.

 

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی شوبات ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ نزیکەی ٤٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هیواکان بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان کەم دەبێتەوە.

 

هێشتا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، لە کاتێکدا لە شوێنەکانی دیکە کۆتاییان بە گەران و دۆزینەوەکان ڕاگەیەندراوە، هاوکات هاوکاری فریاگوزاریش لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانەوە بۆ دەیەمین ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوامی هەیە.

 

دەزگای کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەسدتانی بوومەلەرزەکە بۆ ٣٨ هەزار و ٤٤ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارانی ئەو بوومەلەرزەیە گەیشتووەتە ١٠٨ هەزار و ٦٨ کەس، هەروەها ژمارەی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ هەزار بینا، جگە لە زیانگەیاندن بە ڕێگاوبان و ژێرخانی ئابووری.

 

ئێوارەی پێنجشەممە ١٦ ی شوبات بوومەلەرزەیەکی نوێ لە شاری هاتای باکووری کوردستانی گرتەوە و بە گوڕی ٥.١  پلە بە پێوەری ڕێختەر، میدیا ناوخۆییەکانی سوریا و لوبنان و فەلەستین ڕایانگەیاند کە خەڵکی دیمەشق و حەلەب و لازقیە و کەناراوەکانی سوریا و لوبنان، و باکووری فەلەستین هەستیان بە بوومەلەرزە کردووە.

 

دوو بوومەلەرزە گەورەکە کە زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی لە دوو وڵاتدا بەجێهێشتووە، نزیکەی چوار هەزار و ٣٢٣ زنجیرە بوومەلەرزەی لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

دەزگا فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانیان زیاتر دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو ملیۆنەها کەسەی کە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، کە زۆربەیان لەناو خێمە، مزگەوت، قوتابخانە یان لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیاندا دەخەون.

 

توڕەیی لە نێو ئەو خێزانانەدا پەرەدەسێنێت کە تا ئێستاش چاوەڕوانی دۆزینەوەی کەسوکارە ونبووەکانیانن بەهۆی ئەوەی کە هۆکاری زیانەکان بە گەندەڵکارییەکانی بیناسازی و گەشەپێدانی شارەکان دەیبینن کە بووە هۆی داڕمانی هەزاران ماڵ و شوێنی بازرگانی، دامودەزگاکانی دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی و شکستهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەی بوومەلەرزەکە دەبنەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.