پەروین بوڵدان داوای دەستلەکار کێشانەوەی ئەردۆغانی کرد

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، داوای لە سەرۆکی ئاکەپە کرد، کە بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی  بوومەلەرزەکەوە دروستبووە دەست لەکاربکێشێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و شاندەکەی سەردانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ناوچەی ئیسڵاحییەی دیلۆکیان کردو بەناو چادرەکاندا گەڕان و لە دۆخی زیانلێکەوتووانیان پرسی، پەروین بوڵدان دوای سەردانیکردنی هاوڵاتیان لێدوانێکی دا.

 

پەروین بوڵدان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، ڕاشیگەیاند سەرەڕای بوومەلەرزەکە کە ١١ ڕۆژ بەسەر ڕوودانیدا تیپەڕیووە هێشتا خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ڕزگاربوونیانن لە ژێر بینا ڕووخاوەکاند، وتی: "ئێمە دەزانین کە هێشتا ژیانمان لەژێر بینا رووخاوەکاندا لە چاوەڕوانی ڕزگاکردندایە، پێویستە سەرەتا خەڵک لەژێر داروپەردوودا لاببرێن، ئەوان پێویستە خۆیان بە دووربگرن لەو کارەی کە ژیانی مرۆڤەکان لەناودەبات زۆر کەسمان بریندارن ئێمە هیوای تەندروستییەکی باشیان بۆ دەخوازین".

 

"ئەوانەی کە دەبێت دەست لە کار بکێشنەوە پەنجەکانیان بۆ ئێمە ڕادەکێشن".

پەروین بوڵدان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئێمە وەک هەدەپە ماوەی ١١ ڕۆژە لە ناوچەکانی بوومەلەرزە سەردانی گەلەکەمان دەکەین و هاوسۆزین لەو ئازار و کارەساتەی کە بەسەریاندا هاتووە، هەوڵ دەدەین برینی گەلەکەمان چاک بکەینەوە، بەڵام دوو سێ ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکە، حکومەتەکەی ئاکەپە – مەهەپە کە لە هیچ شوێنێک دەرنەکەوت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرکەوتووە و ڕێگری لە هاوکارییەکانمان دەکات، بینیمان کە دەسەڵات ڕێگربووە لە هاوکاری هەدەپە و پێکهاتەکانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ملیۆنان کەس لە گەلەکەمان و خۆبەخشان، بێگومان ئەم وێنەیە وەک تابلۆیەکی ڕەش چووە ناو مێژووی تورکیاوە، وێنەی چۆنیەتی ڕاکردنی وڵات بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەرکەوت، لە هەموو کارەساتەکاندا تووشی عەقڵییەتی دەستێوەردانی دەسەڵات بووینەتەوە، خەڵک دەیانەوێت یارمەتی یەکتر بدەن و دەستی یەکتر بگرن، بەڵام دەسەڵات ڕێگرە و خەڵک ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە، ئەوانەی کە ئەمڕۆ پێویستە دەست لەکار بکێشنەوە، بەڵام پەنجەکانیان ڕادەوەشێنن، دەستوەردان لە کاری ئەو کەسانەدا دەکەن کە خۆیان گەیاندە قوربانییەکان".

 

ئێمە گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین

وتیشی: " ئێمە جارێکی تر داوا لە دەسەڵات دەکەین، نەبنە ئاستەنگ لەبەردەم بەخشەر و خۆبەخشەکان، با خەڵک هەستی پشتیوانیی خۆیان فراوان بکەن و با بە هەستی ویژدانەوە برینەکانی یەکتر چاک بکەنەوە، با گەلەکەمان هەنگاوێک زووتر لەم وێرانکارییانە ڕزگار بکرێن، ئەمڕۆ لە شاری ئیسڵاحییە جارێکی تر بینیمان کە تیمی هاوکاری لە باشوری کوردستانەوە هاتوون، هاوکاریەکانیان ڕاگیراوە و ڕێگرییان لێکراوە لەبەشداریکردن لەکارەکەدا، سەدان کەس هاتن بۆ یارمەتیدان بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت، لە کوێ ویژدان و ڕەوشتێکی ئاوا بینراوە، ئەگەر ئێوە نایکەن با ئێمە بیکەین، هێز و ئیرادەی ئەوەمان هەیە کە بیکەین ئێمە هیچ ڕۆژێک گەلی خۆمان بەتەنیا جێنەهێشتووە و بەتەنیاش جێیان ناهێڵین".

 

ئاماژەی بەوەشكرد " کە دوێنێ، قەیوم عەمبارەکەی هەدەپەیان لە بازارجیخ دانا ئەمەش دەبێت وەک یەکەم شت بە مێژوودا تێپەڕێت و ئەمەش وەک وێنەیەکی شەرم لە مێژووی تورکیادا دەنوسرێت، هیچ ڕوونکردنەوەیەک نییە کە هەڕەشەی دەستبەسەرکردن لە خۆبەخشەکانمان کراوە و هاوکارییەکان دەستیان بەسەردا گیراوە، دوێنێش وتم، ئێستا دەڵێم، ئێمە هاوکارییەکان دەگەیەنینە دەست خەڵکەکەمان هەتا بتەوێت بەربەستی بکەیت، ڕووبەڕووی ڕەوشت و ویژدانی خۆت دەبیتەوە. "

 

لە کۆتاییدا پەروین بوڵدان وتی: "دەجەنگین بۆ ساڕێژکردنی برینی گەلەکەمان و لە ماوەیەکی کورتدا ئازارەکانیان ساڕێژ دەکەین، ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە ئێستا لە ئەستۆی ئێمەیە، لەم ساتەوە شکستهێنانی دەسەڵاتەکەیان لە ئەستۆی ئێمەیە، ئێمە بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین".