ژیری دەستکرد و منداڵان؛ لە دەرفەتی فێربوونەوە تا مەترسییەکانی دابڕانی کۆمەڵایەتی

ڕاگەیاندنکار ڤیان کەمال، وەک دایکێک دەڵێت: پاراستنی منداڵان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیا، تەنها بە دوورخستنەوەیان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە پەروەردە، چاودێری هەیە لەنێوان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیانی کۆمەڵایەتی.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لەگەڵ خێرایی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا و فراوانبوونی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد، منداڵانیش بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە بەکارهێنەرانی ئەم تەکنەلۆژیایە، تەکنەلۆژیایەک کە لە لایەکەوە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێربوون، گەڕان بەدوای زانیاری و پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان ڕەخساندووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی بێسنوور و نەبوونی چاودێریی پێویست، نیگەرانییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی، گەشەی زمانەوانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت منداڵان لە گۆڕانکارییە خێراکان و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا دوور بخرێنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە، چۆنیەتی بەکارهێنان و دیاریکردنی سنوورێکی گونجاوە بۆ ئەم ئامێر و تەکنەلۆژیایانە؛ بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنی منداڵدا، کە کاریگەرییەکی بنەڕەتییان لەسەر گەشەی هزری و کەسایەتیی منداڵ هەیە.

 

لەو بارەیەوە ڤیان کەمال، ڕاگەیاندکار وەک دایکێک باسی لەو نیگەرانییانە دەکات کە بەهۆی بەکارهێنانی بێ چاودێریی ژیری دەستکردو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵانەوە دروست دەبن وتی: ڕۆڵی دایک و باوک، خوێندنگەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە چاودێریکردن، هۆشیارکردنەوە و ئاراستەکردنی منداڵان بەرپرسیارییەکی گرنگە، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن سوود لە تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد وەربگرن، بەبێ ئەوەی ئەم پێشکەوتنە ببێتە هۆی دابڕانیان لە کۆمەڵگە، تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان و زیانگەیاندن بە تەندروستی دەروونییان.

 

"بەهۆی ژیری دەستکرد منداڵان ڕووبەڕووی دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبن"

ڤیان کەمال ئاماژەی بە خراپی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بۆ منداڵان کردو وتی: لە ئێستدا بەهۆکاری بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد بەرەوپێشچووە، بەبێ خواستی دایکان ژیری دەستکرد بە لێشاو بڵاوبۆتەوەو دەچێتە بەردەستی منداڵەکانمان، ژیری دەستکرد بۆ کاری ڕۆژانەو وەرگرتنی زانیاری بۆ مندآلان سوودی باشی هەیە، کاتێک منداڵەکانمان بیانەوێت لە ژیری دەستکردەوە زانیاری وەربگرن کارێکی باشە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو بابەتانەی بەردەستی مندالەکان دەکەوێت بابەتی لاوەکین و زیانیان بۆ منداڵەکان هەیە، بەشێکی زۆر لە منداڵان ڕووبەڕووی دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبن، زۆرجار ئەو منداڵەی بەکارهێنەری ژیری دەستکردە لە کۆمەڵگە و هاوڕێکانی دادەبڕێت، بەداخەوە ئەمە لێشاوێکی بەهێزە لە ژیری دەستکرد، کە منداڵانیشی گرتوەتەوە، لەم لێشاوەدا ناتوانی منداڵەکانتان بێبەش بکەن، بەڵام لە ڕێگەی سیستمێکی تۆکمەی داڕێژراو کات بۆ مندالەکان تەرخان بکرێت، لە ڕێگەی دروستکردنی سیستمێکی گونجاو منداڵ بەشداری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بکات و پاشان بۆ پێویستی زانستی بتوانێت ژیری دەستکرد بەکاربهێنێت، تا مندالان لە کۆمەڵگە دانەبڕێت.

 

"منداڵان دووچاری پەروەردەیەکی ناتەندروست دەبن"

جەختی لەوەشکردەوە، منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا پێویستی بە هەبوونی ئامێرە ئەلکترۆنییەکەن نابێت، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان لە سەرەتای تەمەنی منداڵدا کێشەی تەندروستی و گفتوگۆکردن دروست دەکات، وتی: پزیشکەکانی منداڵان باسلەوەدەکەن بەشێکی زۆر لە دواکەوتنی گفتوگۆی منداڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، لە ڕێگەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە بەشێکی زۆر ئەنیمەیشنەکان بەبێ هەبوونی سانسۆر پەخش دەکرێت، پاشان دەکەوێتە بەردەست منداڵەکان و دەگوازرێتەوە، منداڵیش لە تەمەنی دیاریکراوی خۆیدا هەر بابەتێک لە مێشکیدا خەزن دەکات، بەبێ هەبوونی فلتەر لە ڕێگەی ئەنیمەیشنەوە منداڵان دووچاری پەروەردەیەکی ناتەندروست دەبن، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکانیان بدەن، بۆ پەروەردکردنێکی تەندروست پێویستە منداڵان لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناو خێزانەکانیان بەدووربن، بەڵام لە ڕێگەی ئەنیمەیشنەکانەوە منداڵەکان ڕوبەڕووی کێشە خێزانییەکان دەبنەوە، زۆرێک لە ئەنیمەیشنەکان باسی کێشە خێزانییەکانی نێوان هاوژینەکان دەکات، بەڵام ڕووبەڕووی منداڵەکان دەبێت، پێویستە ئەم ئەنیمەیشنانەی هەر پەیج و ئەکاونتێک لە ڕاستی خۆیەوە بەبێ کۆنتڕۆڵکلردن و لە فلتەردان بڵاو نەکەنەوە تا منداڵان کە نەوەی نوێی ئەم خاکەن دووچاری توندوتیژی و تێکچوونی دەروونی نەبنەوە، هەروەها لە ڕێگەی خوێندنگەکانەوە پێویستە چاودێری منداڵەکان هەبێت، لە ڕێگەی پەروەردە و مامۆستاکانەوە هەوڵی پەروەردەکردنێکی تەندروستانە بدەن و منداڵەکان هۆشیاربکەنەوە لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و ئەو بابەتانەی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە.

 

ڤیان کەمال لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک دایکێک لە تەمەنێکی دیاریکراودا ڕێگە بە منداڵەکانم دەدەم کە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەکاربهێنن، پاشان ڕاست و هەڵەکانیان بۆ دیاری دەکەم، پەروەردەیان لەسەر بابەتی تەندروست دەکەم، هەڵەکانیان بۆ دیاری دەکەم، وەک چاودێرێک بەردەوام ئاگاداریان دەبم تا تووشی تێکچوونی تەندروستی و دەروونی نەبنەوە، منداڵ شتە باس و خراپەکان جیاناکاتەوە، پێویستە باش و خراپیان بۆ دەستنیشان بکەین و هەوڵی تێگەیاندنی بابەتەکان بدەین، هەروەها پێویستە ڕاگەیاندنەکان هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدەن، لە ئێستادا کۆمەڵگە تینووی بابەتە کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەها ئەگەر سەردانی پزیشکە دەروونییەکان بکەین دەبینین ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵ و نەوجەوانان لە لای پزشکەکانن، پێویستە پەروەردە هەوڵی گرنگ لە چارەسەری ئەو بارودۆخەی دروستبووە بکات، لە ڕێگەی وتنەوەی وانەی تایبەتەوە منداڵان لە زیانەکانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان پەروەردە بکەن، هیوادارم تەواوی لایەنەکان بەرپرسیارانبە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین.