ژینا مودەریس گورجی خرایە زیندانی ژنانی سنە
ژینا مودەریس گورجی كە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانیی ژنانی سنە کرا.
ناوەندی هەواڵ
ژینا مودەریس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی بواری ژنان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیوویەتی: ئەمڕۆ دەچمە زیندانی ژنانی سنە کە پەراوێزخستن و هەڵاوارادنی ڕەگەزی و چینایەتی و نەتەوایەتی لەوێ سێ هێندەیە.
وتیشی: کاتێک کەلوپەلەکانم بۆ بەندیخانە ئامادە دەکرد پێش هەموو شتێک هیوام خستە جانتاکەمەوە و من بە هیواوە دەچمە ئەوێ.
هاوكات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژینا مودەریس گورجی لە پێگە فەرمییەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوی کردەوە، لە لایەن لقی ٤ی جێبەجێکاری سزای کەیفەرییەکانی سنە بەڵگەیەکی بە دەست گەیشتووە، کە دەبێت ئەمڕۆ خۆی ڕادەستی زیندانی ژنانی سنە بکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ژینا مودەریس گورجی، ڕۆژنامەنووسی کورد و چالاکوانی مافەکانی ژنان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە ٢١ ساڵ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزاکەی لەلایەن لقی ٤ـی دادگای سنە بۆ ٢٦ مانگ زیندانی گۆڕدرا، پاشان بەپێی ماددەی ١٣٤، سزاکەی بۆ ١٦ مانگ زیندانی کەمتر کرایەوە.
پێشتریش لە كاتی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیر کراوە و تا ئێستا چەندین دانیشتنیی دادگا بەڕێوەچووە و سزاکانی بۆ نوێ کراوەتەوە.