ژیانی زیندانییانی زیندانی ئێڤین لە مەترسیدایە

دوابەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران، ڕژێمی ئێران ئەشکەنجەدانی زیندانییانی زیاتر کردووە و بارودۆخی ناجێگری زیندانییان، نیگەرانیی خێزانەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 

دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران، دەوڵەتی ئێران ئەشکەنجەدانی زیندانییەکانی زیاتر کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، زیندانیانی ئێڤین لە خراپترین بارودۆخدا دەژین و ڕووبەڕووی کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.

 

زیندانی ئێڤین گەورەترین زیندانی سیاسییە و دەکەوێتە بەشی باکووری تارانی پایتەختی ئێران،  ڕژێمی ئێران ئەم زیندانە زیاتر بۆ زیندانییکردنی نەیارەکانی بەکاردەهێنێت و لە ئێستاشدا بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێرانەوە پێشێلکارییەکانی بەرانبەر زیندانییان و بەتایبەتی زیندانیانیی سیاسیی چڕتر کردووەتەوە و لەو بارەیەوە ناوەندە ئەمنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدەن.

 

بارودۆخی زیندانییان لە گرتووخانەی ئێڤین

لە پاش دەستپێکردنی جەنگەکەوە، زیندانییان لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی بیستنی دەنگی تەقینەوەکانی تارانی پایتەختی ئێران بوونەتەوە و لە ژینگەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێدا دەژین، بەو هۆیەوە بەرپرسان و پاسەوان و کارمەندانی گرتووخانەکە شوێنەکەیان جێهێشتووە و بە داخستنی زیندانەکە دژی زیندانیانیی سیاسی و سەپاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ بەشەکانی دیکەی زیندان، بارودۆخی زیندانیان لە دۆخێکی کارەساتبار و مەترسیدایە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوی گەرم لە گرتووخانەی ئێڤین پچڕاوە و کارەباش پچڕاوە، دەوترێت کە کارەبا لە هەندێک بەش تەنها لە ڕێگەی مۆلیدەی دیزڵەوە دابین دەکرێت.

 

لە هەمانکاتدا، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان تووشی پەتای جۆراوجۆر بوون، بەڵام دامەزراوە تەندرووستییەکان زۆر سنووردارن و تەنها بڕێکی کەم لە دەرمان بە نەخۆشەکان دراوە. لە ئێستادا زیندانییەکان دەستیان بە پزیشک و چارەسەر وەرگرتن ناگات و زۆربەیان لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان بێبەشکراون.

 

سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ بنکە سەربازییەکانیان گواستووەتەوە، زیندانیان دژی ئەو کارە وەستاونەتەوە و بەو هۆیەوە لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەکە ئەشکەنجەی زیندانییەکان دراوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی گواستنەوەی زۆرەملێی زیندانییانی گرتووخانەی ئێڤین بۆ گرتووخانە و بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و بێسەروشوێنکردنیان و پچڕانی تەواوی پەیوەندی زیندانییەکان لەگەڵ خێزانەکانیان مەترسیدارە.

 

نیگەرانیی خێزانەکان دەربارەی بارودۆخی زیندانییانی ئێڤین

ژمارەیەک لە خێزانی زیندانیانیی زیندانی ئێڤین نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی کەسوکاریان لە گرتووخانەکە دەردەبڕن و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەن، فشار بخاتە سەر دەوڵەتی ئێران بە مەبەستی ئازادکردنیان.

 

هەڵوێستی زیندانییەکان لە زیندانی ئێڤین

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕەزا خاندان چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەربارەی بارودۆخی زیندانییانی ئێڤین ڕایگەیاند، هەزاران زیندانی بەبێ هۆکار و بە نایاسایی لە گرتووخانەکاندا ڕاگیراون، لەکاتێکدا هەڕەشەی بۆردوومانکردنی زیندانەکە مەترسی خستووەتە سەر زیندانییەکان و زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان بۆ زیندانییەکان بڕدراوە.

 

ئەو چالاکوانە هۆشداری دا، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت ئەوە دۆخەکە بەرەو مەترسی دەڕوات، ئەمجارە هیچ پاساوێک قبووڵ ناکرێت و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی ژیانی زیندانییەکان دەکەوێتە ئەستۆی سیستەمی دادوەری و ڕێکخراوی زیندانەکان.

 

هاوکات، کەمپینی ئازادیی وەریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە زیندانی ئێڤین زیندانییکراوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانییان دەکەن و جەختیان لە پێویستیی گەرەنتی سەلامەتی جەستەیی زیندانییەکان کردەوە، کە دەبێت زیندانییەکان بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی لە هەلومەرجی جەنگدا مافی ئازادکردنیان هەبێت.