ژیان دەبێتە دۆزەخ بۆ ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت
ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کوچە و کۆڵانەکانی شەقام و بازاڕی شاری سلێمانی دەکاتە ماڵی خۆی
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو بەهار مونزیر، چالاکوان لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO) سەردانی ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی کرد لە شاری سلێمانی لە تەلاری نەقیبی نزیک بازاڕی ئاوباریک، شەقام و بەردەم دوکانەکانی کردبوو بە ماڵی خۆی بێکەس و بێلانە لەوێدا لەگەڵ ئەم ژیانە سەختەدا دەجەنگا بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی پەیوەندی دار بەهانایەوە بێت .
بە وتەی بەهار مونزیر تەمەنی زۆر گەورە نییە، بەڵام بەهۆی سەختی ژیان و قورسی ڕۆژگارەوە تەمەنی گەورە دەردەکەوێت، باری دەروونی باش نییە و بگرە بە جۆرێک تێکشکاوە دەستدرێژی دەکاتە سەر ئەو کەسانەی لێی نزیک دەبنەوە، هەر کەسێک بچێت بەلایدا لە خۆی دەدات و پەنا دەباتە بەر دڕاندنی بەشێک لەو پۆشاکانەی لەبەریایەتی.
تا دوێنێ شەویش هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بە هانایەوە نەچووە، لە دوایی بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکەی بەهار، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشەوە براوە و بڕیار وایە بیبەن بۆ چارەسەری تایبەت بە نەخۆشانی دەروونی.
بەهۆی نەبوونی جێگە لە ماڵی داڵدەدان، لە پێشتردا نەتراوە شوێنی مانەوە بۆ ئەو ژنە دابین بکرێت، نابەرپرسیاری حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ژیانی ئەم ژنە و دەیانی دیکەی قورس کردووە، لە پێشتردا ئەم ژنە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە بەهۆی شکاتکردنی دوکاندارەکان لە شکاندن و هێرش کردنە سەر دەکانەکانیان، هەتا دوێنیش چ لایەنی تەندروستی و چ لایەنی ئەمنی هیچ هەوڵێک نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە.
بە گواستنەوەی ئەم ژنە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتیش، کێشەکەی کۆتای نایەت چونکە لە دوای چارەسەرکردنی هیچ شوێنێک نییە لێی بمێنێتەوە، پێویستە حکومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بودجەی تایبەت بۆ کەسانی لەم شێوەیە دابین بکەن ئەوانیش مافی ژیان کردن و هەبوونی لانەیەکیان هەیە تێیدا بمێننەوە.
لەم گرتەیەدا کە لە پەڕەی تایبەتی چالاکوان بەهار مونزیر-ەوە وەرگیراوە و دوێنێ شەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی لە ڕەوشی ژنەکە دەکرد:
ت.پ