ڕۆژی جیهانی منداڵان بە چەند چالاکیەک بەڕێوەچوو
لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا چەند چالاکییەکی پێشانگای شێوەکاری، میوزیک و هونەر هەروەها بڵاوکردنەوەی کتێبی تایبەت بە منداڵان بەڕێوەچوو، وێنە شێوەکارییەکانیش لەلایەن نەوجەوانانی چاکسازی ژنان و نەوجەوانانەوە ئامادە کرابوون.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١ی حوزەیران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان، لە کتێبخانەی گشتی شاری سلێمانی، چەند چالاکیەک بە سپۆنسەری دەزگای مرۆی مام بۆ زیندانی چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
چالاکیەکە پێکهاتبوو لە پێشانگای شێوەکاری بە سەرپەرشتی مامۆستا ساکار سلێمان، کۆنسێرتی گۆرانی و میوزیک هەروەها بڵاوکردنەوەی پێنج کتێبی تایبەت بە منداڵان لەلایەن نوسەر فەوزیە ساڵحەوە.
کارە شێوەکاریەکان تایبەت بوون بەو نێوجەوانانەی کە لە سوچێکی زینداندا ژیانیان بەڕێدەکەن دوور لە خێزان و ژیانی ئازادی.
ساکار سلێمان، مامۆستای وێنە و شێوەکار، باسی لە بەشداریکردنی چالاکیەکە کرد و وتی: پێشانگاکە لە ١٧ تابلۆ پێکهاتبوو، هەروەها ١٩ منداڵ بەشداریان کردبوو لە کێشانی ئەم تابلۆیانەدا کە تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ١٧ ساڵدا بوو، مامۆستا ساکار ئەوەشی ڕوون کردەوە وێنەکان دەربڕینە لە هەست و دۆخی منداڵەکان و ئەو تامەزرۆیەی هەیانە بەرامبەر بە خێزانەکانیان و پەیامێکی دا بە هەمووان کە دەبێت ئاوڕ لەو دۆخی ئەو نەوجەوانانە بدرێتەوە.
ساکار باسی وتیشی کارکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کارێکی زۆر مرۆڤدۆستانە بوو، گۆڕینەوەی خۆشەویستی بوو لە نێوانیاندا، ئەو منداڵانە نەیاندەتوانی ڕەنگەکان جیابکەنەوە لەیەکتر و وێنە بکێشن بەڵام لە کۆتایدا توانیان بە هەوڵەکانیان پێشانگایەک بکەنەوە.
ت.پ