ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە عێراق بەرز بووەتەوە

ناوەندێکی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕێژەی بەرزی هەژاری لە وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە، بەو پێیەی زیاتر لە ١٠ ملیۆن عێراقی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ستراتیجی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕێگاوبان و خانووبەرە و سێکتەرەکانی دیکە، پرسی دیکەی گەورە هەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی عێراق هەیە لەوانە هەژاری و نەبوونی هەلی کار.

 

ناوەندەکە ئاسکرای کردووە، ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخەن نزیکەی ٢٥%ی دانیشتووانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، واتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٥٠ هەزار کەسی بێکار ناویان لە وەزارەتی کار تۆمارکردووە.

 

جەختیشی کردەوە کە حکومەتی عێراق کاربکات بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری لە وڵاتدا لەڕێگەی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، گرنگیدان بە پاڵپشتیکردنی پیشەسازی و کشتوکاڵ، کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان و چاودێریکردنی کاری بیانی کە بازاڕی عێراقی داگیرکردووە و هەلی کاری کەمکردووەتەوە.