"ڕێژەی چاكبوونەوەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمك لە سلێمانی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە"

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی بڵاویكردەوە، ڕێژەی چاكبوونەوەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمك لە شاری سلێمانی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، بە جۆرێك لە ٩٢٪ـی تووشبووان لە سەنتەری ژیانەوەی سلێمانی چارەسەر كراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی پێشکەوتنیان سەبارەت بە چارەسەری شێرپەنجەی مەمك ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: بەپێی توێژینەوەیەكی زانستیی پزیشكانی سەنتەری ژیانەوە، بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە بە تیشك، ئەوە سەلمێندراوە ڕێژەی چاكبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە شاری سلێمانی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە كە ئەو جۆرە شێرپەنجەیە باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهان.

 

دەشڵێن: بەپێی توێژینەوەكە دەركەوتووە ڕێژەی چاكبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە شاری سلێمانی لە ئاستی وڵاتانی پێشكەووتووە و لە پێشەوەی وڵاتانی دراوسێدایە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕێژەی چاكبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە سەنتەری ژیانەوە ٩٢٪ و ڕێژەی چاكبوونەوە لە توركیا لەنێوان ٨٠ بۆ ٨٥٪ و لە ئێران ٨٠٪ و لە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا ٩٠٪ بۆ ٩٥٪ـە.