دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران و پاکستان بەردەوامە
کۆمیسیۆنی چارەسەری کێشەکانی پەنابەران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە هەزاران پەنابەری ئەفغانی بە زۆر دیپۆرت کراون و گەڕاونەتەوە ئەو وڵاتەی کە ناچار بوون بەجێی بهێڵن.
ناوەندی هەواڵ
دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران و پاکستان بەردەوامە، ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی پەنابەران ڕایگەیاند، کە ئەو کەسانە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی تۆرخام، سپین بۆڵداک، ئیسلام قەڵا و پول ئەبراشیمەوە چوونەتە ناو ئەفغانستانەوە.
گەڕانەوەی زۆرەملێ و دەروازە سنوورییەکان
لە هەمان کاتدا ڕۆژێک پێشتر زیاتر لە هەزار پەنابەری ئەفغانی لەم دوو وڵاتە دیپۆرت کران، هەروەها شەپۆلی بەربڵاوی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، وا دەکات ڕۆژانە سەدان کەس بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان، دیپۆرتکراوەکان لە کاتێکدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی جددی و سنووردارکردنی توندی مافە مەدەنییەکان بووەتەوە.
نیگەرانییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
هەروەها ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج نیگەرانی خۆی لە دۆخی خراپی دیپۆرتکراوەکان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشێک لە خێزانەکان ناچارن لە پەناگەیەکی کاتیدا بژین کە لە دار و پاشماوە دروستکراون، هەروەها ئەو سنووردارکردن و بەربەستانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراون فشاری زیاتر لەسەر گەڕانەوەی ژنان بۆ وڵات دروست دەکەن.