زەهرا موسەوی لەلایەن پۆلیسی پاکستانەوە دەستگیرکرا
زەهرا موسەوی لە لایەن پۆلیسی پاکستانەوە دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ کامپی پەنابەران بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ ئەفغانستان.

ناوەندی هەواڵ
زەهرا موسەوی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ئەندامی بزووتنەوەی "داهاتووی نوێی ژنانی ئەفغانستان" لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە مەدەنییەکانی پاکستانەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ کامپی پەنابەران.
هاوژینەکەی وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند کە بەهۆی تەواوبوونی ڤیزاکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ڕایگەیاندووە کە زەهرا موسەوی لەگەڵ کچە دوو ساڵ و نیوەکەیدا گواستراوەتەوە بۆ کەمپی پەنابەران و سەرەڕای پەیوەندیکردن بە "هەموو دامەزراوە چالاکەکان لە کاروباری پەنابەران"، تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرتووە، هەروەها ئەو چالاکوانەی مافی ژنان لە لێواری گەڕاندنەوەیە بە شێوەیەکی زۆرەملێ بۆ ئەفغانستان.
بزووتنەوەی "داهاتووی نوێی ژنانی ئەفغانستان" ڕاگەیەندراوێیی بڵاوکردەوە و داوای پشتیوانی خێرای "رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان"ی بۆ ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە کرد بۆ ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی بۆ ئەفغانستان.
لە ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەکەدا کە جەخت لەسەر سروشتی "نایاسایی" دەستگیرکردنی زەهرا موسەوی کراوەتەوە و وتراوە: گواستنەوەی ئەو بۆ ئەفغانستان ڕادەستکردنی ئەم بەرگریکارە بوێرە بە تاڵیبان، هیچی تر نییە جگە لەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ سەرکوت دەکەن.
بەگوێرەی بزووتنەوەی "داهاتووی نوێی ژنانی ئەفغانستان"، زەهرا موسەوی بە هۆی چالاکییە مەدەنیەکانی ۆ مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، ناچار بوو ئەفغانستان بەجێبهێڵێت و پەنا بۆ پاکستان ببات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا پۆلیسی پاکستان گرتن و ڕاگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانستانی بە تایبەتی چالاکوانانی ژن لەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دامودەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، لەبەرامبەر ئەم کارەی حوکمەتی پاکستان بێدەنگن.