ژنێکی نابینا لە میسر کاری فۆتۆگرافەری دەکات

ئیسرا ژنێکی نابینای میسرییە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا ببێتە فۆتۆگرافەرێک و ڕۆژنامەوانێکی سەرکەوتوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرا ئیسماعیلی تەمەنی ٢٢ ساڵ، میسرییە و دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبییە، دەستیکردووە بە کاری وێنەگرتن و هیوا دەخوازێت ببێتە فۆتۆگرافەرێکی بەتوانا و سەرکەوتوو.

 

ئیسرا زیاتر وێنەکانی لە ئەسکەندەرییە دەگرێت، هەوڵدەدات ئەزموونی باش پەیدا بکات و بچێتە بواری ڕاگەیاندن و ببێتە ڕۆژنامەوانێکی سەرکەوتوو پاشانیش ماستەر لە فۆتۆگراگەریدا بەدەستبهێنێت.

 

ئەو ژنە بە توانایە لە ڕێگای دەنگەوە وێنە دەگرێت، ئەو کەسانەی وێنەی لەلا دەگرن ئەوکاتەی ئامادە دەبن بۆ وێنەکە پێی دەڵێن "ئێمە لێرەین گوێت لێمانە"، ئەمە ئەو دەستەواژەیەیە کە ئیسرا کاری لەسەردەکات، واتە پشت بە دەنگی میوانەکانی دەبەستێت.

 

بەر لەوەی ئەو دەستەواژەیەی بە ئیسرا بڵێن، ئیسرا ڕێکیان دەخات بە دەستەکانی و هەوڵ دەدات وێنەی جیاوازیان بگرێت، پاش ڕێکخستنیان دەگەڕێتەوە بۆ جێگای خۆی، بە پێی دەنگی ئەو کەسەی وێنەکەی لەلا دەگرێت دوور و نزیکی وێنەکە دەوەستێت پاشان وێنەکە دەگرێت.

 

دەربارەی کارەکەی، ئیسرا بە تەلەفیزیۆنی ڕۆیتەرزی وتووە "خولیا و حەزم بۆ کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی وایکرد ببمە فۆتۆگرافەر، چونکە هەوڵمدا ڕێگەیەک بدۆزمەوە بۆ بوون بە ڕۆژنامەنووس، هەستم کرد کاری وێنەگرتن باشترین ڕێگایە".

 

هەروەها وتی "بەشداری چەندین کاری فۆتۆگرافەریم کردووە تا بتوانم بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە کارەکانم ئەنجامبدەم، سەرەتاش لە ڕێگای مۆبایلەوە وێنەکانم دەگرت لە دواجاردا هەوڵم دەدا فێری کامێرا ببم"، باسی لەوەشکرد، کارەکەی زۆر قورسە بەڵام حەزی بۆ کارەکەی وایکردووە هەست بە ماندووبوون نەکات، و پەیوەندیکردن لەگەڵ میوانەکانیدا دڵخۆشی دەکات.

 

ت.پ