ژنێکی گەنج لە پێنجوێن کۆتایی بە ژیانی هێنا

ژنێکی گەنجی دانیشتووی گوندی سیامێوە لە پێنجوێن بە دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لە گوندی سیامێوەی سنوری شارەدێی ناڵپارێز لە شارۆچکەی پێنجوێن، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بە پێی زانیارییەکان ژنە گەنجەکە ناوی شەنگە عەبدولخالقە و خەڵکی گوندی سیامێوە.

 

هۆکاری خۆکوشتنەکەی شەنگە نازانرێت، بە وتەی کەسوکارەکەی بە پۆلیسی شارۆچکەی پێنجوێن دراوە، شەنگە ماوەی مانگێکە تووشی خەمۆکی بووە.

 

لە هەر ڕووداوێکی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان هۆکارەکانی شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی دەدرێتە پاڵ ژنی کوژراو، بەپێی ئامارەکان ساڵی ٢٠٢١ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی ٪٢١.٧ توندوتیژی زیادی کردووە، توێژەرانیش دەڵێت، هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەرا هۆکارن بۆ کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان.

 

ت.پ