ژنێک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کوژرا

ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەناو شوقەیەکی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوڵی شار لە گەڕەکی سێتوانی شاری سلێمانی، بە چوار فیشەک کوژرا و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی ڕاگەیاند کە شوێنەواری چوار فیشەک بە جەستەیەوە بووە.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو ژنە بۆ سەردان چووەتە شوقەکە و دوای بیستنی دەنگی تەقە، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا بکوژەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە.

 

ئاری لەتیف، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و فەرمانی گرتن بۆ بکوژ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا بکوژەکە دەستگیر نەکراوە و ناسنامەی بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامن تا ڕێکارە یاساییەکانی بەرانبەر بگیرێتە بەر.

 

تەرمی ژنەکە گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی ورد، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ کەس و خێزانێک بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان نەکردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، لە  ٣ی شوبات؛  لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا،  لە ٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا،  لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.

 

 تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.