ژنێک لە کەرکوک لەلایەن هاوژینەکەی تێزابی پێدا کرا

لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی تێزابی پێدا کراو سووتا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک، ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی تێزابی پێدا کراو بەهۆی زۆری تیزابەکەوە بەشێک لە جەستەی ژنەکە سووتاوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە بۆ چارەسەر.

 

بەپێی زانیارییەکان ژنەکە ناوی "ح. ی" لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٨ خاوەنی سێ منداڵە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ١٢ی کانوونی دووەم،  لە گەڕەکی ژاڵەی شارۆچکەى ڕزگاری سنووری گەرمیان، بەهۆی تەقینەوەی سۆپاوە، ژنێک گیانی لەدەستدا، ڕۆژی  ٨ی کانوونی دووەم لە دهۆک منداڵێکی کچی ١٤ ساڵان، پاش مانەوەی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە، بە سووتان گیانی لەدەستدا، لە ٦ی کانوونی دووەم،  مندالیکی کچی تەمەن ١٣ ساڵ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بە ئاگر بە گوماناوی گیانی لەدەستداو وترا خۆی سووتاندووە، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بلاویکردەوە، ژنێك لەدوای خۆسووتاندنی لە شاری کەرکوك بە ناوی (ژ. خ. ج) بەداخەوە ژیانی لە ژێر مەترسی و مەرگدایە،  لە ٦ی کانوونی دووەم، لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێکی بەڕەگەز عەرەب بە گوماناوی بە ئاگر سووتاو گیانی لەدەستدا، دەوترێت خۆی سوتاند و دەستبەجێ لەشوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە، ٣ی کانوونی دووەم، لە گەرەکی هوانەی سلێمانی ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی بەهۆی ئاگر گیانی لەدەستداو  ئێوارەی ٤ی کانوونی دووەم، تەرمی ژنێک بەشێوەیەکی نامۆ لە بەنداوی خاسەی کەرکوک دۆزرایەوە، شەوی ١ی کانوونی دووەمیش لەگەڕەکی گازینوی شارچکەی کەلار دوو خووشک لەماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستداو ئەوی دیکەیان برینداربوو.